هەولێر، هی خەڵكەكەی و خەمخۆرانیەتی
تۆرا لالش/ جهعفهر سمۆ
هەولێری شاری قەڵا و منارە، یان ناوەندی ئاشتی و دیپلۆماسی، ئەمڕۆ بووەتە سیمبولی ڕووی گەشی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە سەرتاسەری جیهاندا.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا و بە سایەی سەری حکوومەتی کوردستان و لەژێر سێبەری سیاسەتی حەکیمانەی جەنابی سەرۆک بارزانی توانیویەتی ببێتە ناوەندێکی گرنگی بڕیاردان، لە كاتێكدا بیرمان نەچێت كە ئەم شارە تووشی ئاستەنگی گەورە بووە، هەر لە دەستی ناوخۆوە تا دەگاتە هەندێک وڵاتانی هەرێمی، بۆیە لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی كە ئەمڕۆ هەن، ئەم شارە و خەڵكەكەی قوربانی زۆریان داوە.
لە ڕووی سیاسییەوە، هەولێر، وەك پایتەختی كوردستان، ناوەندی حکوومەت و پەرلەمان و دامودەزگای حوكمڕانی و بەڕێوەبردنە، ئەمڕۆ كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە مەركەزی بڕیاردایە لە هەولێری پایتەخت، لە ئەنجامی پرۆسەی دیموكراسی و هەڵبژاردنەوەیە، مایەی متمانەی زۆرینەی خەڵكی كوردستان و هەولێری پایتەختە بە پارتی، ئەو متمانەیەش ڕەگی وا لە خۆڕاگری و عەدالەتی ڕێبازی بارزانیی نەمردایە تا دەگات بە حوكمرانی ئەمڕۆی كاك مەسرور بارزانی وەكوو سەرۆكی حكوومەت كە وای کردووە كە هەولێرییان و زۆربەی خەڵکی كوردستان، بە پێكهاتە جیاوازەكانیەوە، شانازی بەو حوكمڕانیەوە بكەن و پشتیوانی بن. ئاخر خەڵكی هەولێر و تێكڕای كوردستان هەمیشە بیریانە كە چۆن بۆ پاراستن و سەقامگیری و سەربەرزیی كوردستان و پایتەختەكەی، پارتی شەڕی مان و نەمانی کردووە، بۆیە خۆبەخاوەنزانینی پارتی لە هەولێری پایتەخت، نەك هەر بە مافی خۆی دەزانێت، بگرە بەلای پارتییەوە، ئەركێكی نیشتیمانییە.
لە ڕووی ئایینییەوە، هەولێر وەکوو ناوەندێکی پێکەوەژیان دەناسرێت و پێڕەوکارانی زۆربەی ئایین و نەتەوەکان لەنێو ئەم شارە جوانەی ڕەمزی ئاوەدانی و گەشەسەندندا ئازادانە دەژین و سەربەستانە گوزارشت لە هەست و بیروباوەڕی خۆیان دەکەن. سەردانی زۆر لە سیمبول كەسایەتییە ئایینییەكان و کردنەوەی ناوەندی تایبەت بۆ خزمەتی کاروباری هەموو ئایینەکان بێ جیاوازی، ئارامی و ئاشتیخوازی هەولێر و سنگفراوانی و لێبووردەیی هەولێرییان و تەواوی كوردستانیان دەسەلمێنێت.
لە ڕووی دیپلۆماسییەوە، هەولێر وەکوو سەنتەرێکی گرنگ دێتە ئەژمار، بووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتان و ڕۆڵێکی گەورە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەگێڕێت. ئەمەش لە بۆشاییەوە نەهاتووە، بەڵکوو بەرنجامی بەرخۆدان و ماندووبوونی چەندین ساڵە و سیاسەتی دانایانەی سەرۆک بارزانی-یە، دەرئەنجامیش ئەمڕۆ هەولێر لە ڕووی ئابووری و بازرگانی و ئاوەدانی و گەشتوگوزار و پێشڤەچوونی ئەكادیمییەوە، بووتە جێی سەرنج و وڵاتە زلهێزەكان، كۆمپانیا گەورەكان و زانكۆ جیهانییە بەناوبانگەكان هەوڵی بوون و كار و چالاكی دەدەن لە هەولێر.
خەڵكی كوردستان و بەتایبەتی هەولێریەكان، ڕەنجی زۆریان كێشاوە و خەباتی سەختیان كردووە و ئاستەنگی زۆریان لابردووە و تەنانەت بە هەزاران قوربانیشیان داوە بۆ ئەوەی شكۆی هەولێر، وەك پایتەختی هەرێم پارێزراو و سەقامگیر بمێنێتەوە و گەشە بکات و ببێتە جێی سەرنجی هەموو لایەك.
بۆیە مافی خۆمانە، راشكاوانە بڵێین؛ ئەگەر سیاسەتی حەكیمانەی جەنابی سەرۆك بارزانی و دیپلۆماسیەتی كاك نیجیرڤان بارزانی و هێز و ئیرادە و خۆڕاگریی كاك مەسرور بارزانی و پشتیوانیی خەڵكی كوردستان و لە پێشیانەوە خەڵكی هەولێر نەبوایە، مەحاڵ بوو ئیستا شتێك هەبێت بەناوی پایتەختی هەرێمی كوردستان كە ئەویش هەولێرە.
هەر ئەو خەمخۆر و دڵسۆزانە
بوون، هەولیریان لە داگیركاری و پاوانخوازیی هەندێك پاراست و ئێستا وەك ناوەندێكی گرنگی بریاردان دەناسرێت، بۆیە هەولێر؛ هی هەولێرییان و خەمخۆرانی كوردستانە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی