يونيو 18, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

پشتى چار سالێن هندابوونێ تەرمێ دوو ژنێن کوردێن ئێزدی ل یۆنان هاتنه‌ ديتن 

پشتى چار سالێن هندابوونێ تەرمێ دوو ژنێن کوردێن ئێزدی ل یۆنان هاتنه‌ ديتن 

باسنيوز:
چوار ساڵ پێش ئێستا و لە دوای کارەساتی جەرگبڕی شنگال و بۆ خۆدەربازکردن لە دڕندەیی تیرۆریستانی داعش و گەیشتن بە کەنارێکی ئارام، خێزانێکی ئێزدی، کە لە شەش کەس پێکهاتوون، ڕوو دەکەنە تورکیا و لەوێش بە ڕیگای قاچاخ و بە سواری یەختێک و بە دەریادا ڕوو دەکەنە هەندەران.

بەرلەوەی بگەنە هیچ سەرزەمینیکی ئارام و ئەو خەونەیان بێتە دی، لە کەنارەاوەکانی یۆناندا یەختەکەیان نغرۆ دەبێت. هەر ئەو کاتە تەرمی چوار کەس لە ئەندامانی خێزانەکە دەدۆزرێتەوە، بەڵام دوای چوار ساڵ لە نقوومبوون و خنکانیان، بەم دواییانە، تەرمی دوو ئەندامەکەی تری ئەو خێزانە، کە ژنن، دەدۆزرێتەوە و خیزانەکەیان بە هاوکاریی حکوومەتی هەریم لە هەوڵی گەڕاندنەوەی تەرمەکانیاندان بۆ کوردستان.

سەعید ملحم کە تەرمی بووکەکەی لە یۆنان دۆزراوەتەوە بە (باس)ی ڕاگەیاند: “دوای ئەو کارەساتەی کە لە 3/8/2014 لە لایەن تیرۆریستانی داعش و لە سەردەمی حکوومەتی مالیکی بەسەر شنگالیاندا هێنا، ئەندامانی خێزانی براکەم کە شەش کەس بوون، ڕوویان کردە تورکیا و لەوێشەوە بە مەبەستی گەیشتنە ئەوروپا لە 8/12/2014 ڕوویان کردە یۆنان، بەداخەوە بەرلەوەی بگەنە ئەو وڵاتە، لە کەناراوەکاندا خنکان”.

ملحم لەبارەی چیرۆکی دۆزینەوەی تەرمی ژنی کوڕەکەیەوە دەڵێ: “دایکم و پێنج ئەندامی خێزانی براکەم بە سواری یەخت ڕێگای ئاویان گرتە بەر و هەر بەو هۆیەشەوە نقووم بوون و گیانیان لەدەست دا. ئەوکات تەرمی چوار لە ئەندامانی خێزانەکەمان دۆزرانەوە و تەرمی دووانیشیان (دایکم و کچە براکەم) بێ سەروشوێن بوون. ئەو یەختە، یان ئەو گەمیەی کە خێزانەکەی ئێمەی دەگواستەوە و نقووم بوو، لەم ڕۆژانەدا لەگەڵ تەرمی دایکم و کە براکەم دۆزراونەتەوە”.

ئەو خاوەن قوربانییەی کارەساتەکانی ڕێگای پەنابەری دەشڵێت: “ ئێستا بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە هەرێمی کوردستان و نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵداین بۆ هێنانەوەی تەرمەکانیان بۆ هەولیر”.

لای خۆیەوە خەیری بوزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف لە لێدوانیکیدا بۆ (باس) گوتی: “ ئەو دوو ژنە ئێزدییە کۆچبەرە، کە لە کەناراوەکانی یۆناندا خنکاون و ئێستا تەرمیان دۆزراوەتەوە، ناوەکانیان هەیفا سلیمان ئیبراهیم و حەنیف خەلەف حەسەنە، خەڵکی دوو ریی سەر بە قەزای شنگالن. لە ڕێگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکوومەتەوە ئاگادار کراوینەتەوە کە هەرچی پێویستە بیکەین بۆ هێنانەوەی تەرمەکانیان بۆ هەولێر و لای خۆمانەوە هەموو ڕێوشوێنێک و ئامادەکارییەکمان کردووە، بۆ ئەوەی لە ڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە، هەردوو تەرمەکە بگەڕێنینەوە”.

بوزانی ئاماژە بەوەش دەکات: ”لە ماوەی ڕابردوودا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە دەیان تەرمی هاووڵاتییە ئێزدییەکانمان، ئەوانەی لە کەناراوەکانی یۆنان و لەسەر ڕێگای چوونیان بۆ هەندەران خنکاون، گەڕاندووەتەوە کوردستان”.

دواجار سەعید ملحم گوتی: “داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم کە بە هیچ جۆرێک بە ڕێگای قاچاخ، یان نایاسایی ڕوو نەکەنە هەندەران، بەتایبەتی بە ڕێگا ئاوییەکاندا، بۆ ئەوەی هاوشێوەی خێزانەکەی ئێمە تووشی کارەساتی جەرگبڕ نەبنەوە”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: العربية

مقالات ذات صله

الرد

لن يتم نشر عنوان بريدك الإلكتروني. الحقول الإلزامية مشار إليها بـ *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi