دیندار زێباری: پێشوازيێ ل راپۆرتا سالانهيا کۆمیسیۆنا ئازادیا ئایینێن ئەمریکا(USCIRF) دکەین
ZNA-هەولێر
کۆمیسیۆنی ئازادییە ئایینییەکان(USCIRF) لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی خۆی دەربارەی رەوشی ئایینیەکان لە ساڵی 2019 بڵاوکردەوە، لە بەشی عێراقی راپۆرتەکە تیشکی خست سەر رەوشی ژیانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە عێراق و هەرێم و ئەو ئاستەنگانەی کە رووبەڕوویان بوونەتەوە بەتایبەتی دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش و ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەریان ئەنجامدران.
لەم بارەوە د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند: ئێمە پێشوازی لە راپۆرتی کۆمیسیۆنی ناوبراو دەکەین بۆ ساڵی 2019 سەبارەت بە رەوشی پێکهاتە ئایینیەکان، ساڵانە کۆمیسیۆنی ناوبراو راپۆرتی خۆی بڵاو دەکاتەوە، ئێمە لە لایەن خۆمانەوە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ سەرنج تێبینییەکانیان دەکەین تاکو زانیاریی تەواویان لەسەر رەوشی ئەم پێکهاتانە هەبێت، و روونکردنەوەکانی خۆمان بە پشت بەستن بە راستییەکان و داتا و زانیاری پێشکەش بە کۆمیسیۆنی ناوبراو دەکەین.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بارەی راپۆرتەکە زیاتر وتی: دوای ئەوەی بە چەند راپۆرتێک لە ساڵانی رابردوو وەڵامی کۆمیسیۆنی ئازادییە ئایینییەکان دایەوە و واقعی ژیانی رۆڵەکانی پێکهاتەکانمان روون کردەوە، کۆمیسۆنەکە لە راپۆرتی ساڵی 2019یان ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستان دەکات سەبارەت لە خۆگرتنی پێڕەوانی گشت ئایین و نەتەوە و مەزهەبەکان بەبێ جیاوازی و حەواندنەوەیان پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان دوای هێرشی تیرۆریستان داعش، ئاماژە بەوەش دەکات رۆڵەکانی پێکهاتە ئایینییەکان روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، ئەوەش دەخاتە روو کە جیاواز لە دەسەڵات و وڵاتانی تر حکومەتی هەرێم گرنگییەکی زۆری بە پێکهاتەکان داوە لە گشت بوارەکانی ژیان تەنانەت لە دەسەڵاتی بڕیاردانیش رۆڵی خۆیان پێدراوە و لە پەرلەمان و حکومەتدا بەشدارییەکی کارایان هەیە.
لە راپۆرتی ساڵانەیدا کۆمیسیۆنەکە، حکومەتی هەرێم هان دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوی و زاری کریستیانەکان لە هەرێم بۆ ئەوەی گیانی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان پتەوتر بێت، لەم رووەوە رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: سەبارەت بە کێشەی زەوی و زاری کریستیانەکان، ریشەی ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی بەعس و ئەو سیاسەتە شۆڤینیەی کە پەیڕەوی دەکرد بۆ تێکدانی گیانی تەبایی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان، سەرەڕای ئەمەش دام ودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم هەنگاوی پێویستییان ناوە. لەلایەکی ترەوە حکومەت قەرەبووی ئەو هاووڵاتیانەی کردووە کە زەوییەکانیان لە دەستداوە لە موسڵمان و کریستیان، بەشێک لەو زەویانە بۆ خزمەتگوزاری گشتی سوودی لێ وەرگیراوە و بە باشتر بوونی دۆخی دارایی و ئابووری هەوڵ دەدرێت ئەوانەی کە ماون قەرەبوو بکرێنەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە بوونی رۆڵەی پێکهاتەکان لە هێزە ئەمنییەکان وتی: حکومەتی هەرێم بە یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٥ یاسای (پاراستنی مافی پێکهاتەکان) گشت مافی پێکهاتەکانی دیاریکردووە، لە بواری پەروەردە و کەلتوورییەوە مافەکانیان دابین کراوە لە رووی خوێندن و بڵاوکراوە بە زمانی تایبەتی خۆیان، هەروەها هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەکو یەک هێزێکی نیزامی کە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە سەرپەرشتی دەکرێت رۆڵی سەرەکی هەبووە لە پاراستنی سنوورەکانی هەرێم و هەوڵیداوە گشت هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە کۆبکاتەوە هەر لەم چوارچێوەیەدا و لە ساڵی 2014 پاش شەڕی تیرۆریستانی داعش بە فەرمانی سەرۆکایەتی هەرێم کوردستان هێزی فەرمی تایبەتی بۆ کریستیان و ئێزدییەکان دامەزراوە کە لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەیە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی