بۆ سەرێ سالێ 136 هەزار گەشتیاران قهستا هەرێما کوردستانێ کريه
رووداو – هەولێر
بۆ پێشوازی لەسەری ساڵی نوێ، ئەمساڵ بایی 400 هەزار دۆلار یاری ئاگرین لە هۆتێل و رێستۆرانت و شوێنە گەشتیاری و شەقامە گشتییەكانی هەرێمی كوردستان تەقێندراون.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەستەی گەشتوگوزار، 136 هەزار گەشتیار بۆ سەری ساڵ روویان لە هەرێمی كوردستان كردبوو، بەو هۆیەشەوە لە زۆربەی هۆتێل و رێستۆرانت و شوێنە گەشتیاریەكانی هەرێمی كوردستان ئاهەنگی سەری ساڵ كرا و یاری ئاگرینی تێدا تەقێنرا.
مەولەوی جەبار، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەڵێت: “بۆ بەشداری لە ئاهەنگی سەری ساڵی نوێ ، ئەمساڵ زیاتر لە 136 هەزار گەشتیار روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، بەم هۆیەشەوە زۆربەی هۆتێل و رێستۆرانتەكان جمەیان دەهات لە میوان”. مەولەوی جەبار گوتیشی: ” لە 80%ی ئەو هۆتێلانەی میوانیان هەبوو، ئاهەنگ سازكراوە و لە زۆربەی رێستۆرانت و هۆتێلەكانیش بۆ رازاندنەوەی شەوەكە یاری ئاگرین تەقێندراوە”.
بۆ پێشوازی لەسەری ساڵی نوێ، ساڵانە لەزۆربەی شار و پایتەختە گەورەكانی وڵاتان ئاهەنگی گەورە ساز دەكرێت و یاری ئاگرین دەتەقێنرێت.
لە هەرێمی كوردستانیش ماوەی چەند ساڵێكە تەقاندنی یاری ئاگرین لەو شەوەدا بووەتە شتێكی باو، پێشتر حكومەت بودجەی تایبەتی بۆ رازاندنەوەی شار و تەقاندنی یارییە ئاگرینەكان تەرخان دەكرد، بەڵام لەدوای قەیرانی داراییەوە حكومەت وازی لەمە هێناوە و ئێستا كەرتی تایبەت ئەو كارە دەكات.
بەپێی ئاماری قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر، لە زۆربەی هۆتێلەكانی شاری هەولێر ئاهەنگی سەری ساڵ هەبووە، لە 81 شوێنیش یاری ئاگرین تەقێندراوە.
ماجدی مۆڵ لە هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی یاری ئاگرینی سازكرد، ژمارەیەكی زۆر گەشتیار و میوانیش دوایین ساتەكانی ساڵی 2018یان لەو مۆڵە بەڕێكرد.
كەیفی دەباغ، بەڕێوەبەری كارگێڕیی ماجدی مۆڵ دەڵێت: “بۆ پێشوازی لە سەری ساڵ لە هەردوو لقی هەولێر و سلێمانی ئاهەنگمان سازكرد، بۆ رازاندنەوەی ئاهەنگەكە و پێشوازی لە سەری ساڵی نوێش بایی 20 هەزار دۆلار یاری ئاگرینمان تەقاند، چونكە كەرەستەكانی یارییەكە پرۆفیشناڵ بوون و نرخی هەندێكیان 400 دۆلار بوو”.
هەروەها هۆتێلی شاری جوان لە سلێمانی، لەو شوێنانە بوو كە ئاهەنگێكی فراوانی لێ سازكرا و یاری ئاگرینی لێ تەقێندرا.
بەگوێرەی لێدوانی بەڕێوەبەری بەبازاڕكردن لە هۆتێلی شاری جوان، خەرجیی یارییە ئاگرینەكانی شەوی سەری ساڵ لە هۆتێلی شاری جوان 10 هەزار دۆلار بووە.
گوتیشی: “لە هەموو جەژنەكانی وەك نەورۆز و قوربان و سەری ساڵ یاری ئاگرین دەتەقێنین، بۆ ئەم مەبەستەش لەساڵی 2016 گرێبەستمان لەگەڵ كۆمپانیایەكی ناوخۆ هەیە ساڵانە یارییە ئاگرینەكانمان بۆ ئامادە دەكات، بۆ جەژنی نەورۆزیش پلانمان هەیە ئاهەنگ و یاری ئاگرینی گەورەتر ساز بكەین، لەوانەیە تێچووەكەی بگاتە 15 هەزار دۆلار”.
بەپێی ئامارێكی نافەرمی كە دەست (رووداو) كەوتووە، لە شەوی سەری ساڵدا لە 200 شوێنی كوردستان یاری ئاگرین تەقێنراوە، خەرجی یارییە ئاگرینەكانی ئەم شەوەش وەك بازرگانان ئاماژەی بۆ دەكەن، زیاتر لە 250 هەزار دۆلار بووە.
بەپێی رێنماییەكانی بەرگریی شارستانی و بە بڕیاری ئاسایش، فرۆشتنی یارییە ئاگرینەكان قەدەغەیە، بەڵام بە قاچاخ دەگاتە كوردستان و بەنهێنی دەفرۆشرێ.
(ئا.ك) یەكێكە لەو بازرگانانەی یارییە ئاگرینەكان بە قاچاخ دەهێنێ و بەنهێنی دەیفرۆشێ، ئەو دەڵێت :”سەرجەم ئەو یارییە ئاگرینانەی هاوردەی دەكەین، چینین. لەڕێگەی ئوم قەسر لە بەسرا لەگەڵ كەلوپەلی دیكە بەشێوەی شاراوە هاوردە دەكرێت”.
سەبارەت بە نرخیشیان دەڵێت: “بەپێی جۆر و قەبارە و ژمارەی تەقینەوەكانیان دەگۆڕێ، بۆ نموونە جۆرێكی لوولەیی هەیە 5 جار دەتەقێت، پێش سەری ساڵ كارتۆنێكی بە 80 دۆلار بوو، بەڵام لە سەری ساڵ گەیشتە 140 دۆلار، جۆرێكی دیكەیان كە 8 جار دەتەقێت، كارتۆنی بە 125 دۆلار بوو، بەڵام سەری ساڵ گەیشتە 200 دۆلار. ئیدی هەتا زیاتر بتەقێ نرخەكەی زیاتر دەبێ”.
(ئا.ك) تەخمین دەكات تەنیا لە بازاڕی شێخەڵڵای هەولێر بایی زیاتر لە 100 هەزار دۆلار یاریی ئاگرین بۆ شەوی سەری ساڵ فرۆشرابێ. هەروەها لە كۆگاكانیش بایی 50 هەزار دۆلار فرۆشرابێ.
(م.ه) بازرگانێكی دیكەیە لە هەولێر، بە (رووداو)ی گوت: “ئەمساڵ یارییە ئاگرینەكان خواستێكی زۆریان لەسەر بوو، مۆڵ و رێستۆرانت هەبوو بایی 15 تاوەكو 20 هەزار دۆلار یاری ئاگرینی لەیەك كەس كڕیوە”.
گوتیشی: “لە دهۆك فرۆشتنی یارییە ئاگرینەكان قەدەغە نییە، بۆیە فرۆشیان زۆرترە. زۆرجار بازرگانانی ئێرە بەجوملە بۆ دهۆك دەینێرن، من خۆم زۆر جار 200 تاوەكو 300 كارتۆنم بۆ دهۆك ناردووە، بۆیە پێشبینی دەكەم لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بایی 350 تاوەكو 400 هەزار دۆلار یاری ئاگرین لە سەری ساڵ فرۆشرابێت”.
(م.ه) چەند جارێك بەهۆی فرۆشتنی یاریی ئاگرین دەستگیركراوە، بەڵام وازناهێنێ، (م) دەڵێت “بەهۆی قەدەغەبوونییەوە نرخی یارییەكان دیار نییە. كاتی كەمبوونی لە بازاڕ بەئارەزووی خۆت دەتوانی بەهەر نرخێك بیفرۆشی، بۆیە بازرگانییەكی پڕ لە قازانجە و ناتوانی دەستبەرداری بیت، هەندێ كەس هەیە لەو بازاڕە 15 جار گیراوە هێشتا وازی نەهێناوە، گرتنەكەش یاسایی نییە، بۆ نموونە جارێك چوومە بەردەم دادوەر، هیچ دەقێك نەبوو لە یاسای عێراقی لەسەر ئەو كارە سزام بدات، بۆیە ئازادی كردم”.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر كە سەرۆكایەتی لێژنەی پێشوازی لە ئاهەنگەكانی سەری ساڵی لە هەولێر كردووە، دەڵێت :”پێشتر پارێزگاكان بۆ ئاهەنگەكانی سەری ساڵ لەڕێگەی تەندەرەوە یارییە ئاگرینەكانیان دەهێنا و لەچەند شوێنێكی دیاریكراو دەیانتەقاند، بەڵام دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، حكومەت هیچ بودجەیەكی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان نەكردووە، بۆیە ئێستا زیاتر لەلایەن كەرتی تایبەتەوە دەكرێ، بۆ نموونە ئەمساڵ لە نێو شاری هەولێر لە 81 شوێن یاری ئاگرین تەقێنراوە”.
نەبەز عەبدولحەمید دەڵێت بەهۆی ئەوەی لە هەموو جیهاندا لە سەری ساڵدا یاریی ئاگرین دەتەقێنرێ، زەحمەتە بتوانن فرۆشتنی یارییە ئاگرینەكان قەدەغە بكەن، بۆیە بە باشی دەزانێ رێگە بە كڕین و فرۆشتنی بدرێ.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی