نوونەرێ پارتا ئەیاد عەلاوی: گشتپرسی پرسهكا ناڤخۆیا هەرێما کوردستانێ يه

بەرپرسی نووسینگەی پارتی ویفاقی نیشتمانی عێراق لە کوردستان دەڵێت، پرسی گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان پرسێکی نێوخۆیی هەرێمی کوردستانە و مافی گەلی کوردە وەک هەر نەتەوەیەکی دیکە مافی چارەی خۆی دیاریبکات، دەشڵێت: “ئەگەر ئەم بەشە لە عێراق جیا ببێتەوە، ئەوکات کەلێنێک لە عێراق دروست دەبێت”.
سینان سالم ئەلقیسەر، بەرپرسی نووسینگەی پارتی ویفاقی نیشتمانی عێراق لە کوردستان، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، سەبارەت بە تێڕوانینیان لەسەر گشتپرسی خەڵکی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی، رایگەیاند: “پرسی گشتپرسی هەرێمی کوردستان بەلای پارتی ویفاقی نیشتمانی عێراق و کەسی دکتۆر ئەیاد عەلاوی، پرسێکی نێوخۆیی هەرێمی کوردستانە، دەکرێت بۆ ئەو مەبەستە وتووێژ لەگەڵ حکومەتی عیراق بکرێت بۆ دانانی بنەمایەک بۆ ئەو پرسە، بەڵام وەکو ماف مافی گەلی کوردە وەک هەر نەتەوەیەکی دیکە مافی چارەی خۆی دیاریبکات”.
سەبارەت بە پاڵپشتیکردنی ئەو پرۆسەیە، سینان سالم گوتی: ” ئێمە وەکو پارتی ویفاقی نیشتمانی، لە پەیوەندیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و لە ماوەیەکی نزیکیشدا دکتۆر ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی پارتی ویفاقی نیشتمانی بڕیارە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات بۆ قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە”.
بەرپرسی نووسینگەی پارتی ویفاقی نیشتمانی عێراق لە کوردستان، پێیوایە بابەتی گشتپرسی “پرسێکی نێوخۆیی هەرێمی کوردستانە، دوای گشتپرسی ئەگەر هەرێمی کوردستان نیازی جیابوونەوەی لە عێراق هەبێت، ئەوکات پێویست بە گفتوگۆ دەکات، ئێمەش وەکو پارتی ویفاقی نیشتمانی عێراق لەگەڵ هەموو شتێکداین کە لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان و هەرێمی کوردستاندابێت”.
سەبارەت بە نیگەرانییەکان لەبارەی جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق، سینان سالم دەڵێت: “هەرێمی کوردستان ئەو شادەمارە سەرەکییەیە کە رۆڵی سەرەکی لە سەردەمە جیاجیاکانی عێراقدا بینیوە، بۆیە ئەگەر ئەم بەشە لە عێراق جیا ببێتەوە، ئەوکات کەلێنێک لە عێراق دروست دەبێت، چونکە هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی دوور و درێژی لەگەڵ سیاسەت هەیە، هاوکات ناوچەیەکی ستراتیژی بەدەستەوەیە، هەروەها شادەماری سەرەکیشە بۆ بزووتنەوەی سیاسی لە عێراق”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی