ل کوردستانێ 3000 حالەتێن ئۆتیزم هاتينه دەستنیشانکرن
رووداو-سلێمانی
کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان ئاماری تووشبوانی ئەو نەخۆشییە لە کوردستان رادەگەیێنێ و پسپۆڕێکی دەروونیش دەڵێ ژمارە راستییەکە زۆر لەوە زۆرترە.
لە لێدوانێکدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو)، کەمال جەباری سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان دەڵێ “ژمارەی ئەو حاڵەتانەی ئۆتیزم کە لە کوردستان تۆمارکراون دەگەنە 3000 کەس، لەنێو ئەوانەدا لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 1050 حاڵەت، لە هەولێر 950 حاڵەت، دهۆک 750 حاڵەت و کەرکوک 250 حاڵەت هەن”.
بەپێی داتاکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە هەر 160 منداڵ یەکێکیان تووشی ئۆتیزم دەبێ، بەڵام ئەو ئامارەی کوردستان دەریدەخات ژمارەکە لە باشووری کوردستان زۆر لەوە کەمترە.
لە بەدواداچوونێکی پێشووتری (رووداو) د.رێبوار حەمەغەریب پزیشکی پسپۆڕی دەروونی و ئەندامی لێژنەی دەستنیشانکردنی حاڵەتەکانی ئۆتیزم لە تەندروستی سلێمانی دەڵێ “ژمارە راستییەکە لە کوردستان زۆر لەوە زۆرترە، كەمیی حاڵەتی تۆماركراوی ئۆتیزم لە كوردستان، مانای كەمیی ژمارەی تووشبووان نییە، بەڵكو بەهۆی كەمیی ئاستی هۆشیاری جەماوەری و نەبوونی ژمارەی پێویستی پسپۆڕ و سەنتەری تایبەت بە حاڵەتەكەن كە وادەكەن چەندین تووشبوو ون ببن و لە چاودێری و پەروەردەی تایبەت بێبەش بن”.
پسپۆڕەکە هەروەها دەڵێ “ئەگەر لەنێو سەنتەری پارێزگاکان یەک لێژنە و سەنتەرێكی حكومی تایبەت بە ئۆتیزممان هەبێ، ئەوە چەندین ناوچەی بەرفراوانی دەرەوەی سەنتەری پارێزگاکان خاوەنی هیچ لیژنە و سەنتەرێك نین حاڵەتەكانیان بۆ دەستنیشان بكەن و چاودێرییان بكەن”.
ئۆتیزم بەهۆی گرفت لە گەشەی دەمارەکان روودەدات و تێیدا منداڵ لە سێ رووەوە نائاسایی دەبێت و گرفتی دەبێت: لایەنی كۆمەڵایەتی و تێكەڵبوون لەگەڵ كەسانی دیكە، لایەنی پەیوەندیكردن بە چوار دەورو گەیاندنی هەستەكانی خود و تێگەیشتن لە هەستی كەسانی دیكە، هەروەها هەندێك هەڵسوكەوتی سنووردار و دووبارە. راددەی توندییەكەشیان جیاوازە، لە منداڵێك كە تەنیا هەستدەكرێ لەوانی دیكە جیاوازە و پێویستی بە هەندێك چاودێرییە، بۆ یەكێك كە تەواو تواناكانی سنوورداران و بێ پشتیوانی ئەوانی دیكە تووشی چەندین سەختی دەبێتەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی