ئازار 29, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

داعش كچەكا كوردا ئێزدی ب 1500 دۆلاران فرۆتيه‌

داعش كچەكا كوردا ئێزدی ب 1500 دۆلاران فرۆتيه‌
رووداو- هەولێر

بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەیەك و دواتر پەیوەندییەكی تەلەفۆنی، ئومێدێكی زۆری بۆ خێزانەكەی نەجمە گەڕاندووەتەوە كە كچەیان هێشتا لە ژیاندا ماوە. بەپێی بەڵگەنامەكە، داعش وەكو “سەبییە” مامەڵەی لەگەڵ نەجمە كردووە. نەجمەش لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا مژدەی نزیكبوونەوەی رزگاربوونی بە كەسوكارەكەی داوە.

سەعید ئیسماعیل عەلی، خۆی و هاوژینەكەی و 10 منداڵەكەی (حەوت كچ و سێ‌ كوڕ) لە كاتی پەلامارەكەی داعشدا بۆ سەر شنگال لە ئابی 2014، لە گوندی تەلقەسەب دەكەونە دەست چەكدارانی داعش. پاش ئەوەی منداڵەكان لە دایك و باوكیان جیادەكرێنەوە، كەسیان سۆراخی ئەوانی دیكە نازانێت و ئاگاداری دۆخی یەكدی نامێنن.

لە كاتی هێرشی سوپای عێراقدا بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو چەند ناوچە كەمەی لەبن دەستی داعشدا ماوە لە بەری لای راستی مووسڵ، چەندین بەڵگەنامە كەوتنە دەست سوپای عێراق، یەكێكیان بەڵگەنامەی فرۆشتنی كچێكی سەعید بوو بەناوی نەجمە. بەپێی بەڵگەنامەكە، نەجمە بە 1500 دۆلار بە چەكدارێكی داعش بەناوی ئەبوو زوبێر فرۆشراوە.

بەڵگەنامەكە یەكێكە لە نووسراوەكانی دیوانی دادوەریی داعش و بە ژمارە 221 لە ویلایەتی نەینەوا كراوە.

رۆژی سێشەممە، 16/8/2016 ، ئەبوو زوبێر كە چەكدارێكی داعشە و كڕیاری نەجمەیە (كچەكە لەوێ وەكو “سەبیە” ناوی هاتووە)، گرێبەستی لەگەڵ ئەبوو مونعیم وەك فرۆشیاری نەجمە كردووە. پەنجەمۆری هەردووكیشیان لەسەر بەڵگەنامەكە هەیە. بەڵگەنامەكە مۆری سەرۆكی دادگای شەرعیی داعشی پێوەیە، جگە لە ناوی نەجمە و تەمەنی، بە روونی وەسفی شێوە و روخساری نەجمەی بەمشێوەیە كردووە: “نەجمە سەعید ئیسماعیل، تەمەن 20 ساڵ، باڵا 130 سانتیمەتر و رەنگی چاوی هەنگوینییە و باڵایەكی باریكی هەیە”.

لە بەشی خوارەوەی بەڵگەنامەكەدا و لە تەنیشت ناو و پەنجەمۆری فرۆشیارەكەدا نووسراوە، خاوەنداری شەرعی، واتە ئەبوو مونعیم بە شەرعی خاوەنی ئەو ژنەیە كە دەفرۆشرێتە ئەبوو زوبێر و لەمەودوا ئەبوو زوبێر دەبێتە خاوەنی شەرعیی ژنەكە.

تێبینی دادوەرەكەی داعشیش لە خوارەوەدا هاتووە ”هەردوو برا ئەبوو مونعیم و ئەبوو زوبێر لەبەردەمم ئامادەبوون و رێككەوتن. ئەبوو مونعیم، نەجمە سەعید (موڵكی خۆی) تەنیا بە 1500 دۆلاری ئەمەریكی بە ئەبوو زوبێر فرۆشت و دەبێتە خاوەنی شەرعی و ئەبوو زوبێر تەواوی پارەكەی داوە، لەبەرامبەریشدا ئەبوو مونعیم، نەجمە سەعید رادەستی ئەبوو زوبێر دەكات”.

لە بەڵگەنامەكەدا دوو كەس وەك شایەدحاڵ تۆماركراون كە ناویان ئەبوو تیبە و ئەبوو عیزەددینە.
لە ئابی 2014 دا داعش پەلاماری شنگال و دەوروبەری دا، بەپێی ئامارە نافەرمییەكان لەو هێرشەدا 6800 كەس رفێنراون كە 4300 كەسیان تاوەكو ئێستا ئازاد كراون، بەڵام 2500 كەسیان هێشتا شوێنبزرن. داعش زۆربەی ئەو پیاوانەی رفاندبوونی، گوللەباران كردوون. وەكو دەستكەوتی جەنگیش مامەڵەی لەگەڵ كچ و ئافرەتەكاندا كردووە و لە نێوان خۆیاندا بەناوی “سەبایا” كڕین و فرۆشتنیان پێوە كردوون.

تەلەفۆنی بۆ كەسوكارەكەی كردووە

نەجمە سەعید تەمەن 20 ساڵ

سەعید عیسا ئیسماعیل، ئامۆزای نەجمە بە (رووداو)ی راگەیاند ”نەجمە سێ‌ رۆژ لەمەوبەر لە ناوچەی شەهوان لە مووسڵی كۆنەوە تەلەفۆنی كرد و گوتی ئەو كەسەی منی كڕیوەتەوە كوژراوە، ئەگەر بۆردوومان و تۆپباران نەمكوژێت ئەوە رزگارم دەبێت”.

نەجمە لە تەلەفۆنەكەیدا باسی ژیانی خۆی بۆ ئامۆزاكەی كردووە و گوتوویەتی “10 جار كڕین و فرۆشتنی پێكراوە، هیچ شتێكیش لە بارەی چارەنووسی خوشك و براكانی و باوك و دایكی نازانێت”.

وەك لە تەلەفۆنەكەدا بۆ ئامۆزاكەی باسیكردووە، ئێستا لەگەڵ خێزانی چەكدارە كوژراوەكەی داعشە، تاوەكوو ئێستاش سێ‌ جار هەوڵی هەڵاتنی داوە، بەڵام هەرسێ‌ جارەكە دەستگیركراوەتەوە.

خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری كاروباری ئێزدییەكان لە وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند ”ئەو خێزانە 13 كەس بوون، هەموویان رفێنراون و بە هەوڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان سێ لە منداڵەكانی سەعید ئیسماعیل رزگار كراون، ئەوانیش بریتین لە دوو كچ بەنێوەكانی غالیە تەمەن 7 ساڵ و مەروە 6 ساڵ، لەگەڵ كوڕێكی 4 ساڵان بەنێوی هەیسەم، بەڵام چارەنووسی ئەوانی دیكە نازانرێ‌”.

(رووداو) پێشتر بەڵگەنامەیەكی بڵاوكردەوە كە داعش لە پێشبڕكێی قورئان لەبەركردن كچانی (سەبیەكراو)ی دەستكەوتی جەنگی بەسەر براوەكاندا لە فەللوجە دابەش كردووە. لە گرتەی ڤیدیۆییشدا چەكدارانی داعش دەركەوتوون كە باس لە كڕین و فرۆشتن بە كچە ئێزدییەكانەوە دەكەن. وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراقیش رایگەیاندبوو كە داعش بە سەدان كچی لە بازاڕەكانی فەللوجە فرۆشتووە و بازاڕێكی تایبەتی بۆ ئەو مەبەستە ئاوا كردبوو.

خێزانە شوێنبزرەكەی نەجمە:

سەعید ئیسماعیل، 63 ساڵ، باوكی نەجمە.
دایكی نەجمە، 65 ساڵ.
ڤیان سەعید، 17 ساڵ، خوشكی نەجمە
نوری سەعید، 27 ساڵ، برای نەجمە
نەجمە سەعید، تەمەن 22 ساڵ
نەجوە سەعید، تەمەن 21 ساڵ، خوشكی نەجمە
نەجلە سەعید، 24 ساڵ، خوشكی نەجمە
عالیە سەعید، 25 ساڵ، خوشكی نەجمە
عەمشە سەعید، 12 ساڵ، خوشكی نەجمە

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi