سێ رۆژان ل ههرێما كوردستانێ بێهنڤهدانه
وشه:
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم بوومەلەرزەیەكی بەهێز توركیای هەژاند، بەو هۆیەوە هەزاران كەس بوونە قوربانی و كاریگەریی بوومەلەرزەكە تەنیا توركیای نەگرتەوە، بەڵكو لە سووریاش سەتان قوربانی لێ كەوتەوە، لە هەرێمی كوردستان و عێراق و چەند وڵاتێكی ناوچەكەش هەستی پێ كراوە، بەو هۆیەوە حكوومەتی هەرێم سێ رۆژ پشووی لە داودەزگەكان راگەیاند.
وەك لە راگەیاندراوێكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لەسەر زاری د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە هاتووە، بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بۆ ماوەی سێ رۆژ 7 و 8 و 9ی شوباتی 2023، لە هەموو داودەزگاكانی هەرێمی كوردستان، بە ناوەندەكانی خوێندنی حكوومی و ناحكومیی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا پشووی فەرمی دەبێت.
زیاتر هاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا جگە لە ئێشكگریی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی، لە بەردەوامیدان بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و حاڵەتی لەناكاو، پرۆسەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.
شایەنی باسە بوومەلەرزەكەی ئەمڕۆی توركیا و ئەو ژمارە زۆرەی قوربانیان و زیانی گیانی و مایەكییەوە، ترسی لە دڵ و دەروونی خەڵكی هەرێمی كوردستانیش دروست كرد لە ئەگەری روودانی بوومەلەرزەی زیاتر، ئەگەرچی بەپێی قسەی شارەزایان بەهیچ شێوەیەك ناتوانرێت پێشبینی روودانی بوومەلەرزە بكرێت بە هاوشێوەی كەشوهەوا.