ئازار 29, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

وەزارەتی پلاندانانی عێراق: ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 14%یە

وەزارەتی پلاندانانی عێراق: ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 14%یە

رووداو دیجیتاڵ:
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی بە زیاتر لە پێنج ملیۆن و 884 هەزار کەس خەمڵاندووە کە دەکاتە 14٪ـی کۆی دانیشتووانی عێراق. پەرلەمانتارێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، لەمەودوا بۆ دانوستاندنەکان لەگەڵ بەغدا، کورد دەبێت پشت بەو ژمارەیە ببەستێت.
رۆژی یەکشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2022، د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشتر نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی پلاندانان کردووە، پرسیاری لەبارەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لێکردوون، لە وەڵامدا وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتوویەتی، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی پێنج ملیۆن و 884 و 23 کەسە، واتە دەکاتە رێژەی 14٪ـی کۆی دانیشتووانی عێراق.
ئەو پەرلەمانتارە بە پێویستی دەزانێت لەمەودوا هەرێمی کوردستان لە کاتی دانوستاندن لە بەغدا بە تایبەتی لەسەر پرسی بودجە، پشت بەو ژمارەیە ببەستێت، چونکە ژمارەی فەرمی وەزارەتێکی عێراقە کە پلاندانانە.
رۆژی 20ـی ئەیلوول، وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە نووسراوی ژمارە 1/1/366 وەڵامی ئەو پەرلەمانتارەی داوەتەوە کە ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکانی هەرێمی زیاتر لە پێنج ملیۆن و 884 هەزار کەس دەبن لە ساڵی 2022دا.
ژمارە و رێژەی دانیشتووانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی پلاندانان:
– پارێزگای دهۆک: یەک ملیۆن و 432 هەزار و 369 کەس، کە دەکاتە 3.4٪ی کۆی دانیشتووانی عێراق.
– پارێزگای هەولێر: دوو ملیۆن و 55 هەزار و 448 کەس، کە دەکاتە 4.9٪ی کۆی دانیشتووانی عێراق.
– پارێزگای سلێمانی: دوو ملیۆن و 396 هەزار و 206 کەس، کە دەکاتە  5.7٪ی کۆی کۆی دانیشتووانی عێراق.
– کۆی گشتیی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان: پێنج ملیۆن و 884 هەزار و 23 کەسە کە دەکاتە 14٪ی کۆی ژمارەی دانیشتووانی عێراق.
دوایین سەرژمێریی گشتیی لە عێراق، لە ساڵی 1987 کراوە، لە ساڵی 1997 سەرژمێرییەکی دیکە کرا، بەڵام هەرێمی کوردستانی تێدا نەبوو.
لە دوای ساڵی 2003ـەوە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بەپێی رێژەی دانیشتووان بە 17٪ دەستنیشانکرا، لە ساڵی 2014 حکومەتی عێراق پشکی هەرێمی کوردستانی بڕی، لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 بە گوشاری لایەنە شیعە تووندڕەوەکان بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ 12.6٪ کەمکرایەوە..
سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: “تاوەکو حکومەتی نوێ لە عێراق پێکنەهێنرێت، هیچ پڕۆژەیاسایەکی بودجە نابێت و نایەتە لیژنەکەمان و پەرلەمانەوە، ئەگەر هیچ پڕۆژە بودجەیەکیش نەبێت و نەیەتە پەرلەمانەوە، ئەوا پشکی هەرێمی کوردستان هیچ باس ناکرێت.”
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق داوایەکیش لە لایەنە کوردستانییەکان دەکات و دەڵێت: “دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق ئێستا لە گوتوێژ و دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق باسبکرێت و بکرێتە مەرج، باشتر و کاریگەرترە، ئەگەر نا لەکاتی دانیشتنەکانی لیژنەی دارایی و پەرلەمانی عێراق، ئێمە کارێکی ئەوتۆمان پێناکرێت، چونکە ئێمە کەمینەین لەو دوو شوێنە و دەبێت لایەنە کوردستانییەکان ئەمە بکەن بە خەمی خۆیان.”
س.س

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi