وه‌زاره‌تا پێشمه‌رگه‌ى و به‌رگريا عێراقێ گه‌هشتنه لێكتێگه‌هشتنه‌كا باش
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، لێكتێگه‌یشتنی باش له نێوان هه‌ردوو لا له‌باره‌ی پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی ئه‌منی له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان به هاوبه‌شی له نێوان پێشمه‌رگه و سوپای عێراق هه‌یه.
له‌م باره‌یه‌وه جەمال ئیمینکی، سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، لێكتێگه‌یشتنی باش له نێوانیان هه‌یه و لەسەر بنەمای ئەو لێکتێگەیشتنە گفتوگۆ لە نێوان ھەردوولا بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی رێکەوتنێکی کۆنکرێتیش ئەنجامبدەن، چەند خاڵێك لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق تاوتوێ دەکرێن.
هاوكات تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری عێراق دووپاتی كرده‌وه: گفتوگۆکان بۆ پرکردنەوەی بۆشایی ئەمنی له‌و ناوچانه بە ھاوبەشی لەگەڵ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.
له به‌رامبه‌ریشدا ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەکو لایەنی سێیەم لە گفتوگۆکانی نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق رۆڵی چاو‌دێر دەبینن، وه‌ك کۆلۆنێل مایلز کەینگز، گوتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش دووپاتی ده‌كاته‌وه، ئەوان دەیانەوێت بە ھەر شێوەیەك بێت بۆشایی ئەمنی لە عێراق نەمێنێت، بۆیە پشتگیری ئەوە دەکەن بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە بە ھاوبەشی پڕ بكرێته‌وه.
ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگ له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق به‌ڕێوه‌چوو، به‌مه‌به‌ستی هه‌ماهه‌نگی له‌پێناو له‌ناوبردنی یه‌كجاره‌كی داعش. ئامانجی ئاماده‌بوونی هاوپه‌یمانان ته‌نیا پشتیوانیكردنی ئه‌و گفتوگۆیانه‌یه و ئه‌م دانوستان و كۆبوونه‌وانه‌ش له‌لایه‌ن سیاستهمهدارانهوه رێكه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه، ئێستاش فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كان باس له ورده‌كارییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی ژووری هه‌ماهه‌نگی له ناوچه‌كانی وه‌كو دیاله و مه‌خموور و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه، كه هێشتا شانه‌ی نووستووی داعشی لێ ماون. هاوپه‌یمانان پشتگیریی هه‌موو لایه‌ك ده‌كات، كه هه‌وڵده‌دات داعش له‌ناوبه‌رێت.
پێشتر٣ کۆبوونەوە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق لە بەغدا ئەنجامدراوە، کۆبوونەوەی چوارەمیش لە ھەولێر ئەنجامدرا و لێکتێگەشتنی ھاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دروستبووە، بۆیە دەیانەوێت لە کۆبوونەوەکانی داھاتوو بگەنە رێکەوتنی کۆتایی.
H.B