ئازار 29, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

32 سال لسه‌ر وه‌غه‌را ئيدريس بارزانى ده‌ربازبوون

32 سال لسه‌ر وه‌غه‌را ئيدريس بارزانى ده‌ربازبوون

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ 32هه‌مين ساڵڕۆژى كۆچى دوايى ئيدريس بارزانى، كه‌ هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌ره‌كانيی بە ئەندازیاری هەوڵەکانی یەکڕیزی گەلی کوردی دادەنێن، بەو پێیەی کاری بۆ یەکماڵی کورد و قبوڵ نەکردنی ملکەچی کردووە، هاوشێوەی ئێستا کە یەکڕیزی بە بنەمای گەیشتن بە ئامانجەکان دادەنرێت.

دوايين رۆژى مانگى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى هه‌موو ساڵێك له‌ رۆژمێرى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و خه‌باتى رزگاريخوازى خه‌ڵكى كوردستاندا ساڵڕۆژى كۆچى دوايى پێشمه‌رگه‌ و تێكۆشه‌رى ديارى خه‌باتى خه‌ڵكى كوردستان ئيدريس مسته‌فا بارزانييه‌.

ئيدريس بارزانى له‌ مانگى ئازارى 1944 له‌ ناوچه‌ى بارزان و له‌ ئامێزى خێزانێكدا له‌دايكبوو، كه‌ وه‌ك سه‌رچاوه‌ مێژووييه‌كانى كوردستان ئاماژه‌يان پێكردووه‌، “هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بيسته‌مه‌وه‌ ببوه‌ ماڵى گه‌وره‌ى كوردايه‌تى و سيمبوڵى نه‌ته‌وه‌يى و رووگه‌ى تێكۆشه‌رانى كورد”.

ئيدريس بارزانى ته‌مه‌نى گه‌يشته‌ دوو ساڵ، مسته‌فا بارزانى باوكى، روويكرده‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستان و به‌ مه‌به‌ستى پشتيوانيكردن له‌ جوڵانه‌وه‌ى كورد و كۆمارى كوردستان له‌ مهاباد خه‌باتى ده‌ستپێكرد.

دواى پيلانگێڕى دژى كۆمارى كوردستان و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌رته‌شى شاى ئێران بۆ كۆمارى كوردستان، مسته‌فا بارزانى و ده‌يان پێشمه‌رگه‌ى كوردستان روويانكرده‌ يه‌كێتى سۆڤيه‌تى جاران.

خێزان و ژن و منداڵه‌كانيش به‌ ياوه‌رى شێخ ئه‌حمه‌دى بارزانى براى گه‌وره‌ى مسته‌فا بارزانى له‌ پێناو پاراستنى گيانى منداڵ و ژنانى كورد گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ عێراق و ئيدريس بارزانيش كه‌ ئه‌و كات ته‌مه‌نى 3 ساڵ بوو له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌يان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ عێراق و له‌ لايه‌ن ده‌سه‌ڵاتى پادشايى عێراقه‌وه‌ بۆ شاره‌كانى باشوورى وڵات راگوێزران.

له‌ ته‌مه‌نى شه‌ش ساڵيدا ئيدريس بارزانى له‌ شارى كه‌ربه‌لا بۆ يه‌كه‌مجار چووه‌ به‌رخوێندن و تا رووخانى ده‌سه‌ڵاتى پادشايى له‌ عێراق و هاتنه‌سه‌ركارى كۆمارى به‌ رێبه‌رايه‌تى عه‌بدولكه‌ريم قاسم له‌ 1958 دا ئيدريس بارزانى له‌ ديدارى باوكى بێبه‌ش بوو، به‌ڵام له‌و ساڵه‌دا مسته‌فا بارزانى و ياوه‌رانى له‌ سۆڤيه‌ت گه‌ڕانه‌وه‌ و دواى دابڕانێكى زۆر، ماڵباته‌كه‌يان به‌يه‌ك شادبوونه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ى ئه‌ده‌بياتى پارتى ديموكراتى كوردستان، دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى مسته‌فا بارزانى له‌ يه‌كێتى سۆڤيه‌ت و سه‌رهه‌ڵدانى شۆڕشى ئه‌يلوول له‌ 1961دا، ئيدريس بارزانى له‌ ده‌سته‌ يه‌كه‌مه‌كانى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ بوو، كه‌ په‌يوه‌نديان به‌ ريزى شۆڕشه‌وه‌ كرد و چه‌كى تێكۆشانى كرده‌ شان و شان به‌ شانى پێشمه‌رگه‌ به‌شدارى له‌ داستان و سه‌ركه‌وتنه‌كانى شۆڕشدا كرد.

دواى 9 ساڵ پێشمه‌رگايه‌تى و به‌شدارى له‌ شۆڕشى ئه‌يلوولدا، له‌ مانگى حوزه‌يرانى 1970 له‌ كۆنگره‌ى هه‌شته‌مى پارتى ديموكراتى كوردستان كه‌ له‌ ناوچه‌ى ناوپردانى ناحيه‌ى گه‌ڵاڵه‌ ئه‌نجامدرا، بۆ يه‌كه‌مجار ئيدريس بارزانى كرايه‌ ئه‌ندامى كۆميته‌ى ناوه‌ندى پارتى ديموكراتى كوردستان.

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى پرۆژه‌ى ئاشتى و دانووستان له‌ نێوان شۆڕش و ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌غدا، ئيدريس بارزانى به‌ ياوه‌رى مه‌سعود بارزانى براى، له‌ ده‌سته‌ى شاندى دانووستانى شۆڕش بوون كه‌ هه‌ريه‌ك له‌ شه‌هيدان ساڵح يوسفى و دارا تۆفيق و سامى عه‌بدولڕه‌حمان و نافز جه‌لال و مه‌حمود عوسمان بوون, له‌ به‌غدا كه‌وتنه‌ شه‌ڕى سياسى و ديپلۆماسى بۆ به‌ده‌ستهێنانى زۆرترين ماف و داخوازى شۆڕش و سه‌ره‌نجام به‌ سه‌رپه‌رشتى مسته‌فا بارزانى مافى ئۆتۆنۆمى بۆ كوردستانى عێراق به‌ده‌ستهات و رێككه‌وتنه‌كه‌ چوار ساڵى پڕ له‌ خۆشى و بووژاندنه‌وه‌ى له‌ عێراق هێنايه‌ دى و تا سه‌ره‌نجام ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌عس له‌ به‌غدا كه‌وتنه‌وه‌ دژايه‌تى كورد و سه‌ركردايه‌تييه‌كه‌ى و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رێككه‌وتنى جه‌زائيريان له‌گه‌ڵ شاى ئێران محه‌ممه‌د ره‌زا شاى په‌هڵه‌وى واژوو كرد و شۆڕشى كورديان تووشى نسكۆ كرد.

به‌ هۆى نسكۆى شۆڕشه‌وه‌، ئيدريس بارزانى به‌ ياوه‌رى كه‌سوكار و ماڵبات و به‌شێك له‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان ئاواره‌ى ئێران بوون.

هه‌ر به‌ گوێره‌ى ئه‌ده‌بياتى پارتى ديموكراتى كوردستان، له‌ سه‌روبه‌ندى نسكۆى شۆڕشدا ئيدريس بارزانى به‌ ياوه‌رى مه‌سعود بارزانى، هه‌رزوو هه‌وڵه‌كانى خسته‌وه‌گه‌ڕ بۆ بنياتنانه‌وه‌ى ژێرخانى رێكخستنى پارتى ديموكراتى كوردستان و هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و ده‌ستى به‌ چالاكى كرده‌وه‌.

له‌ 1979 گۆڕانكارى گه‌وره‌ به‌سه‌ر نه‌خشه‌ و هاوسه‌نگى هێز له‌ ناوچه‌كه‌دا هات و له‌ ئێران كۆمارى ئيسلامى ئێران دامه‌زرا و ده‌سه‌ڵاتى شاى ئێران روخێندرا و له‌ عێراقيش به‌عس زياتر پێگه‌ى خۆى له‌ ده‌سه‌ڵات قايم كردبوو، پرۆسه‌ى راگواستنى گونده‌كانى سنوورى به‌ قوڵايى 30 كيلۆمه‌تر ته‌واوكردبوو، دانيشتوانى گونده‌كانى راپێچى كۆمه‌ڵگه‌ زۆره‌ملێكان كردبوو، هاوكات هێزه‌ عێراقييه‌كان و هێزه‌ كوردستانييه‌كان له‌ ناوخۆدا دابه‌ش ببوون.

له‌و سه‌روبه‌نده‌دا شه‌ڕى عێراق و ئێران هه‌ڵگيرسا و حكومه‌تى به‌عس ده‌يويست له‌ رێگه‌ى درووستكردنى ناكۆكى له‌ نێوان لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان وزه‌ و تواناى لايه‌نه‌كان به‌ هه‌ده‌ر بڕوات و به‌ هۆى ناكۆكى سياسييه‌وه‌ شه‌ڕى ناوخۆ له‌ نێوان لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى كوردستان روويدا و ئه‌و رووداوانه‌ كاريگه‌ريى گه‌وره‌يان له‌سه‌ر ره‌وشى سياسى كورد و به‌رهه‌مى خه‌باته‌ چه‌كدارييه‌كه‌ى درووستكردبوو، هه‌ر ئه‌وه‌ش وايكرد، ئيدريس بارزانى له‌ پێناو هێنانه‌دى ئاشته‌وايى و يه‌كخستنى ناو ماڵى جوڵانه‌وه‌ى رزگاريخوازى كوردستان ده‌ستپێشخه‌رى بكات.

له‌ سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رييه‌ له‌ كۆتايى 1986دا بناغه‌ى به‌ره‌ى كوردستانى دانرا و له‌ مانگى حوزه‌يرانى 1988دا وه‌ك هێزێكى نوێ له‌سه‌ر گۆڕه‌پانى سياسى كوردستان به‌ره‌ى كوردستانى راگه‌يه‌ندرا.

ئيدريس بارزانى له‌ مێژووى بزاڤى رزگاريخوازى نه‌ته‌وه‌ييدا، به‌ ئه‌ندازيارى ئاشته‌وايى نيشتمانى ناوده‌برێت و هاوكات له‌ گۆڕه‌پانى سياسى عێراقيدا و له‌ ناو به‌رهه‌ڵستكارانى عێراقدا به‌ كه‌سايه‌تييه‌كى ديار و كاريگه‌ر هه‌ژمار ده‌كرا و له‌ كۆنگره‌ى به‌رهه‌ڵستكارانى عێراقى كه‌ له‌ تاران سازكرا، بانگه‌وازى بۆ يه‌كخستنى تواناى به‌رهه‌ڵستكاران بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى رژێمى به‌عس خسته‌ڕوو.

له‌ ئاستى ديپلۆماسيدا ئيدريس بارزانى ئه‌زموونێكى ناوازه‌ى هه‌بوو، به‌ تايبه‌تى له‌ بوارى به‌ديهێنانى ئاشته‌وايى نيشتيمانى و يه‌كخستنى گوتارى پارت و لايه‌نه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانى عێراق.

له‌ 31ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 1987دا ئيدريس بارزانى به‌ هۆى نه‌خۆشييه‌كى كتوپڕه‌وه‌ كۆچى دواييكرد و به‌ له‌ده‌ستدانيشى جوڵانه‌وه‌ى سياسى و خه‌باتى رزگاريخوازى كوردستان كه‌سايه‌تييه‌كى كاريگه‌ر و سه‌ركرده‌يه‌كى ديار و به‌ ئه‌زموون و يه‌كێك له‌ سه‌رخه‌رانى پرۆژه‌ى ئاشته‌وايى و به‌يه‌كه‌وه‌ژيان و يه‌كخستنى تواناكانى له‌ده‌ستدا و له‌ گوندى هه‌له‌جى ده‌ڤه‌رى مه‌رگه‌وه‌ڕى سه‌ر به‌ پارێزگاى ورمێى به‌خاكسپێردرا.

دواى راپه‌ڕينى ئازارى 1991 و رزگاركردنى به‌شێكى زۆرى خاكى كوردستان له‌ 6ى تشرينى يه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌رى 1993 ته‌رمى هه‌ريه‌ك له‌ مسته‌فا بارزانى رابه‌رى بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌يى و شۆڕشى ئه‌يلوول و ئيدريس بارزانى سه‌ركرده‌ى ديارى بزووتنه‌وه‌ى رزگاريخوازى كوردستان له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستانه‌وه‌ به‌ مه‌راسيمى جه‌ماوه‌رى به‌رفراوان هێنرانه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌ شوێنى له‌دايكبوونيان و له‌ ناوچه‌ى بارزان ئه‌سپه‌رده‌ى خاك كرانه‌وه‌.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi