سه‌رۆك بارزانى:تاكه ده‌رمانێ ئازارێن مه سه‌ربه‌خۆبوونه
K24 – هه‌ولێر:
له مه‌راسيمى يادكردنه‌وه‌ى 34 ساڵه‌ى ئه‌نفالى بارزانييه‌كاندا له لايه‌ن رژێمى به‌عسه‌وه، سه‌رۆك بارزانى وته‌يه‌كى پێشكه‌شكرد، تێيدا رايگه‌ياند، ته‌نيا ده‌رمانى ئازاره‌كانى كورد سه‌ربه‌خۆييه. له به‌شێكى ديكه‌ى وتاره‌كه‌يدا سه‌رۆك بارزانى داواى يه‌كڕيزى له گه‌لى كورد و لايه‌نه‌كان كرد و گوتى: ته‌نيا به يه‌كڕيزى ده‌گه‌ينه ئامانج و سه‌باره‌ت به به‌غداش رايگه‌ياند، به راشكاوى پێمان وتوون با دراوسێى باش بين و شه‌راكه‌ت له‌گه‌ڵ ئێوه شكستى هێناوه و ريفراندۆم بۆ فشار درووست كردن نييه و ئه‌وه بڕيارى خه‌ڵكى كوردستانه. هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانى داواى له وڵاتان و دۆستانى كورد كرد، ره‌وشى هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رچاو بگرن و له ره‌وشى كورد تێبگه‌ن و هانى هه‌ولێر و به‌غدا بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى به ئاشتى و گفتوگۆ بگه‌نه ئه‌نجام.
ئه‌مه‌ى خواره‌وه ده‌قى وته‌كه‌يه‌تى:
به ناوى خواى مه‌زن و دلۆڤان
ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئێوه يادى رۆژێكى پڕ له ئێش و ئازار ده‌كه‌ينه‌وه، كه پێش 34 ساڵدا و له رۆژێكى وه‌ك ئه‌مڕۆ رژێمى به‌عس هه‌شت هه‌زار كه‌سى بێ گوناهى راپێچى بيابانى باشوورى عێراق كرد و هه‌موويانى كۆمه‌ڵكوژ و زينده‌به‌چاڵكرد، ئه‌وانه هيچ گوناهێكيان نه‌بوو، ته‌نيا گوناهيان ئه‌وه بوو كه كوردن و بارزانين.
هه‌شت هه‌زار كه‌س، له گه‌نجى 12 ساڵييه‌وه تا هاووڵاتيانى به ساڵاچووى ته‌مه‌ن 90 ساڵى، هه‌موويان بردن بۆ بيابانى سه‌ماوه و بێ سه‌روشوێنيان كردن. زۆريشيان تا ئێستا روفاتيان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه و تا ئێستا رووفاتى 800 هاووڵاتى دۆزراونه‌ته‌وه و هێنراونه‌ته‌وه بۆ زێدى باوباپيرى خۆيان.
له هه‌موو كوردستاندا كه ئه‌نفال ئه‌نجامدراوه به‌داخه‌وه تا ئێستا كۆى 180 هه‌زار تا ئێستا توانراوه رووفاتى 3 هه‌زار بهێنرێنه‌وه و به‌ڵێن ده‌ده‌ينه كه‌سوكارى هه‌موويان كه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ين رووفاتيان بهێنينه‌وه بۆ زێد و خاكى باوك و باپيريان.
ئه‌مه يه‌كه‌مجار نييه ئه‌و كاره‌ساته به‌سه‌ر بارزانييه‌كاندا بێت و به‌ڵام هيوادارم دوايين جار بێت به‌سه‌ر بارزانيان و ته‌واوى خه‌ڵكى كوردستان بێت.
له ساڵانى بيسته‌كان و سييه‌كاندا گوندى بارزان كه‌وته به‌ر شاڵاوى فڕۆكه‌كان و بۆ يه‌كه‌مجار بۆمبى ته‌قيتكراو به‌كارهێنرا و خه‌ڵكێكى زۆر بوونه قوربانى و شه‌هيد بوون، چونكه ئه‌و كاته خه‌ڵك نه‌يده‌زانى فڕۆكه چييه تا به‌وه بگات بزانێت بۆمبى ته‌وقيتكراو چييه و خۆى لێى بپارێزێت.
يه‌كه‌مجار ده‌ڤه‌رى بارزان و گوندى بارزان له ساڵى 1892 سووتێنرا و هه‌تا ئه‌مڕۆ 16 جار سووتێنراوه.
بۆ ئێمه جێى شانازييه‌كى مه‌زنه وه‌ك بارزانيان، كه هيچ جارێك سه‌رى خۆيان بۆ سته‌مكاران شۆڕنه‌كردووه و ناشيكه‌ن.
هه‌ر ئه‌و قوتابخانه‌يه بووه و ئه‌و شێره ژنانه له كاتى ته‌نگانه‌دا له بێكه‌سى و بێ پشت و په‌نايى به‌ڵام به ئيراده‌يه‌كى پۆڵايين نه‌يانهێشت ئه‌و منداڵانه‌يان بێ كه‌س بن و بۆيان بوونه دايك و باوك و روويان سپى بێت و ئينشه‌ڵڵا خودا پايه‌ى مه‌زن ده‌به‌خشێته ئێوه چونكه له راستييدا ئێوه نموونه‌ى شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تى ميله‌تى ئێمه‌ن.
لێره‌دا به پێويستى ده‌زانم به ناوى ئێوه و خۆمه‌وه سووپاسێكى گه‌رم ئاراسته‌ى خه‌ڵكى هه‌ولێر و ده‌وروبه‌رى هه‌ولێر و شه‌قڵاوه، هه‌رير، باتاس، خه‌ليفان، ديانه، باڵه‌كايه‌تى و سيده‌كان و هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ى له رۆژى نه‌هامه‌تييدا هاوكارى كه‌سوكارى بارزانييه‌كانيان كرد و خه‌ڵكى هه‌ولێريش زۆر مه‌ردانه هاتنه مه‌يدان بۆ هاوكاريكردنى ئه‌و خه‌ڵكه‌ى بێ كه‌س و بێ سه‌روبه‌رى مانه‌وه و دواى ئه‌و سته‌مه گه‌وره‌يان لێكرابوو. هيچ جارێك چاكه‌ى ئه‌وان له بير ناكرێت و هه‌ميشه خۆمان به قه‌رزارى ئه‌وان ده‌زانيين.
خوشك و برايانى خۆشه‌ويست
رێبه‌رى ئێمه شێخ ئه‌حمه‌دى مه‌زن ئێمه‌ى فێركردووه، كه ژيان ئه‌وه نييه هه‌ر جۆرێك بێت و بژيت، ژيان ئه‌وه‌يه به سه‌ربه‌رزى بژيت. شێخ عه‌بدولسه‌لام پێش 110 ساڵ به رۆژهه‌ڵاتناسێكى به‌ريتانى گوتووه: پێويسته سه‌ردانێك بۆ من رێكبخه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بێمه له‌نده‌ن و پادشاى به‌ريتانيا ببينم و باسى سه‌ربه‌خۆيى كوردستان بكه‌م چونكه ئه‌و سته‌مه‌ى له ئێمه ده‌كرێت قبوڵ ناكرێت. شێخ ئه‌حمه‌دى مه‌زن 12 ساڵ كۆت و به‌ندى زنجير له ده‌ست و پێيدا بوو له زيندانى به‌سره سازشى بۆ رژێم نه‌كرد و يه‌ك كاغه‌زێكى بۆ نه‌نووسيى. مه‌لا مسته‌فاى بارزان هه‌موو ته‌مه‌نى له چياكان به‌سه‌ر برد، ئێمه‌ى بارزانى قوتابى ئه‌و قوتابخانه‌يه‌ن و ئه‌وه بۆ ئێمه شانازييه‌كى مه‌زنه و په‌يمان ده‌ده‌ين هه‌تا ساغ بين له‌سه‌ر ئه‌و رێبازه‌ين. با بگه‌ڕێينه‌وه سه‌ر بگه‌ڕێينه‌وه بۆ ره‌وشى ئێستا ئه‌گه‌ر هه‌ژمارى بكه‌ين، په‌يوه‌ندى ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا به دوو قۆناغدا گوزه‌رى كردووه. قۆناغى يه‌كه‌ميان له 1920ه‌وه تا 2003 و قۆناغى دووه‌ميش له 2003ه‌وه تا ئه‌مڕۆ.
له هه‌ردوو قۆناغدا ئێمه وه‌ك خه‌ڵكى كوردستان، ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر ئێمه‌دا هات له‌و هه‌موو كاره‌ساته، به‌ڵام ئێمه ئاماده‌بووين بچينه‌وه به‌غدا و لاپه‌ڕه‌يه‌كى نوێ هه‌ڵده‌ينه‌وه و به‌يه‌كه‌وه به برايه‌تى و ديموكراتى بژين، به‌ڵام دياره هه‌مان فه‌رهه‌نگه و هيچ سوودى نييه.
له هه‌ردوو قۆناغه‌كه‌دا بڕيار بوو ئێمه هاوبه‌ش بين، به‌ڵام پشكى ئێمه له‌و هاوبه‌شييه‌دا ئه‌وه بوو، كه 4500 گوندى ئێمه‌يان وێران كرد، 182 هه‌زار كه‌سى ئێمه‌يان ئه‌نفالكرد كه زۆربه‌يان ژن و منداڵ بوون، كيميايبارانى هه‌ڵه‌بجه تا زاخۆ، 12 هه‌زار گه‌نجى فه‌يلى له 18 تا 30 ساڵى و هه‌شت هه‌زار بارزانى كه چه‌ند نموونه‌يه‌كى زيندوون له‌و تاوانانه‌ى به‌رامبه‌ر به ميله‌تى ئێمه ئه‌نجامدراوون.
قۆناغى دووه‌ميش هه‌موو ده‌زانن، ئێمه وه‌ك خه‌ڵكى كوردستان رۆڵێكى سه‌ره‌كيمان له ده‌ستوورى نوێ‌دا بينى هه‌تا گه‌يشته په‌سند كردن، به‌ڵام پرسيار ئه‌وه‌يه هه‌م بۆ ناوخۆ و هه‌م بۆ ده‌ره‌وه، ئايا به‌غدا چ پابه‌ندييه‌كى به‌و ده‌ستووره‌وه هه‌بووه، نه پابه‌ندى ده‌ستوور بوو، نه مادده‌ى 140 جێبه‌جێكرا، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و مادده‌يه جێبه‌جێكرابا، ره‌نگه زۆر شت ئه‌مڕۆ رووى نه‌دابا. رێگه له پڕچه‌ككردنى پێشمه‌رگه گيرا كه رێككه‌وتنى له‌سه‌ر كرابوو و ده‌ستووريش دانى پێدا نابوو. كاتێك داعش په‌لامارى كوردستانى دا ئێمه له سه‌ره‌تادا رووبه‌ڕووى كێشه بووينه‌وه، چونكه نه چه‌ك هه‌بوو نه جبه‌خانه و ئه‌وان نه‌يانده‌هێشت نه چه‌ك بۆمان بێت و رێگريش بوون له‌وه‌ى خۆمان له ده‌ره‌وه چه‌ك بكڕين.
تاوان له هه‌موو تاوانێك مه‌زنتر ئه‌وه‌بوو، كه نانى خه‌ڵكى كوردستانيان بڕى، گريمان كێشه له نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌بوو و خه‌تاى هه‌رێميش بوو، به‌ڵام تاوانى نان بڕينى خه‌ڵكى كوردستان نان بڕينى شيرى منداڵان تاوانێكه هيچى كه‌متر نييه له تاوانى كيميايباران و ئه‌نفالى خه‌ڵكى كوردستان.
ئێمه نه‌مانبينى كه‌سێك ناڕه‌زايه‌تى ده‌ربڕێت له‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه هه‌ڵه نه‌ك هه‌ر هه‌ڵه‌يه به‌ڵكو تاوانێكى مه‌زن بوو.
ته‌نانه‌ت له شه‌ڕى مووسڵيش هه‌موومان رۆڵى پێشمه‌رگه ده‌زانن و ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه نه‌بوايه مومكين نه‌بوو مووسڵ رزگار بكرێت، به‌داخه‌وه له شه‌ڕى مووسڵ و هه‌تا ئه‌مڕۆ پێشێلكارى گه‌وره رووياندا و ئێمه ته‌حه‌مولمان كرد و قسه‌مان نه‌كرد، به‌ڵام ئێدى ئێمه ناچار بووين بير له رێگه چاره‌سه‌رێك بكه‌ينه‌وه.
ساڵى رابردوو خۆم چوومه به‌غدا و له پێش منيش سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێم به مانگێك چووبووه به‌غدا و له‌وێ زۆر راشكاوانه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زيران و هه‌موو لايه‌كدا رامانگه‌ياند، ئێمه گه‌يشتينه قه‌ناعه‌تێك كه ناكرێت به‌يه‌كه‌وه بژين و ئێوه بڕواتان به شه‌راكه‌ت نييه و ئه‌و شه‌راكه‌ته‌ى هه‌بووه شكستيهێناوه و با ئێمه ئه‌و بوێريه‌مان هه‌بێت و با راشكاوانه بين و ئازايانه بگه‌يه‌نه ئه‌وه‌ى كه مادام نه‌كرا به شه‌راكه‌ت بژين با دراوسێيه‌كى باش بين، به‌ڵام ئه‌وان به جدى ئه‌وه‌يان وه‌رنه‌گرت و بڕوايان وابوو كه بۆ فشاردرووستكردنه، ئه‌وه بۆ فشاردرووستكردن نييه، به‌ڵكو بڕياره و سه‌ره‌نجام ميله‌تى ئێمه بڕيارى خۆى ده‌دات له 25ى ئه‌يلوول چاره‌نووسى خۆى ديار ده‌كات.
ته‌نيا ده‌رمانى هه‌موو برينه‌كان كه له دڵى ئێمه‌دا چێبوون، چ له ئه‌نفال و كۆمه‌ڵكوژى خوشك و برايانى ئێزدى و كيميايباراندا ته‌نيا و ته‌نيا ده‌رمان ئه‌وه‌يه به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆيى و ئازادى و رزگارى بچين، هه‌موو ده‌رمانێكمان ئه‌زموون كرد هيچ سووديان نه‌بوو.
له كۆتاييدا داوا له هه‌موو لايه‌نه‌كان و خه‌ڵكى كوردستان ده‌كه‌م، بير له‌و هه‌موو تاوانانه بكه‌ينه‌وه كه ده‌رهه‌قمان كراوه، له ئه‌نفال و جينۆسايد و كيميايبارانكردن، له خانه‌قينه‌وه تا زاخۆ، كاتێك ئه‌وانه‌مان بير ده‌كه‌وێته‌وه پێويسته ويژدانمان له‌سه‌رمان فه‌رز بكات كه يه‌كڕيز بين و باش‌ترين چه‌ك به ده‌ستمانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ينه ئامانج يه‌كڕيزيمانه.
دووباره جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌مه‌وه نيازمان ئه‌وه‌يه به خۆشى و له‌يه‌كتێگه‌يشتن له‌گه‌ڵ به‌غدا به گفتوگۆ بگه‌ينه ئه‌نجام و ئێمه هيچ بير له شه‌ڕ ناكه‌ينه‌وه و به پێچه‌وانه‌وه ئامانجمان ئه‌وه‌يه رێگه له شه‌ڕ بگرين و بۆيه هيوادارين وڵاتان و دۆستانى ئێمه له ره‌وشى ئێمه تێبگه‌ن و پشتيوانمان بن و هانى ئێمه و به‌غداش بده‌ن به‌يه‌كه‌وه بگه‌ينه چاره‌سه‌ر و ئێمه و به‌غدا ببينه دراوسێى باش بۆ يه‌ك و به خۆشى بژين.
دووباره هه‌زاران سڵاو بۆ گيانى پاكى شه‌هيدان و زۆر سووپاس بۆ ئاماده‌بوونى هه‌موولايه‌ك و زۆر سووپاس.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی