نیسان 19, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

ئاميره‌كێ بچووك هیڤى بۆ چارەسەرکرنا تووشبوويێن شێرپەنجا مەمكى په‌يداكرن

ئاميره‌كێ بچووك هیڤى بۆ چارەسەرکرنا تووشبوويێن شێرپەنجا مەمكى په‌يداكرن
رووداو دیجیتاڵ

مایکرۆسکۆپێکی نوێی بچووک کە دەتوانێت لەنێو لەشی مرۆڤدا جووڵەی پێبکرێت، هیوایەک بۆ چارەسەرکردنی خێرای تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک دەداتە زانایان و پسپۆڕانی بواری شێرپەنجە.

توێژەرانی بەریتانی دەڵێن، ئەم مایکرۆسکۆپە نوێیە، دەتوانێت ئەو خانانەی شێرپەنجە بناسێتەوە کە زۆر بچووکن، واتە قەبارەکەیان بە جۆرێکە، میلـلیمەترێک بکەیتە 100 بەشەوە و بەشێکی لێ وەربگریت، ئەم سکۆپەی مایکرۆسکۆپەکە دەتوانێت بیناسێتەوە.

شارەزایان لە کۆلێژی ئیمپراتۆریی لەندەن لە بەریتانیا پەرەیان بە مایکرۆسکۆپێک داوە کە تیرەکەی کەمتر لە یەک میلـلیمەتر دەبێت، واتە هێندەی 25 مووی سەری مرۆڤ. مایکرۆسکۆپەکە دەتواندرێت لە کاتی نەشتەرگەریدا، لەنێو بۆشاییە زۆر بچووکەکانی لەشی مرۆڤدا جووڵەی پێبکرێت و دیمەنی خانە زۆر وردەکانی لەش بگوازێتەوە سەر شاشەیەک بۆئەوەی پزیشکان بتوانن مامەڵە لەگەڵ خانەکانی شێرپەنجەدا بکەن.

تیمی کۆلێژەکە دەڵێن، ئەم مایکرۆسکۆپە، “بە شێوەیەکی زۆر خێرا وێنەی نێو ریشاڵەکانی لەشی مرۆڤ دەگوازێتەوە”، بە جۆرێک کە لە هەر چرکەیەکدا، 120 فرەیم دەگوازێتەوە.

مایکرۆسکۆپەکە لەلایەن د. کوشی ڤیاس و هاوپیشەکانی لە کۆلێژی ئیمپراتۆریی لەندەن پەرەی پێدراوە؛ هیوا دەخوازن بتوانن بەم مایکرۆسکۆپە یارمەتیی پزیشکانی نەشتەرگەری بدەن لە چارەسەرکردنی شێرپەنجەدا.

لە باری ئاساییدا، کاتێک نەشتەرگەری بۆ لابردنی خانەکانی شێرپەنجە دەکرێت، بەشێکی خانەکان لەلایەن مایکرۆسکۆپ و پزیشکانەوە درکیان پێناکرێت. ئەوەش وادەکات دووبارە و سێبارە نەشتەرگەرییەکە بکرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەم مایکرۆسکۆپە نوێیەدا، زانایان دەڵێن، ئەو رۆتینە کەمتر دەبێتەوە.

هاوکات، باس لەوەش دەکەن لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ لابردنی خانەی شێرپەنجەی مەمک، ئامێرە نوێیەکە وا دەکات، کەمترین بەشی ئەندامەکە لاببرێت و تەنیا ئەو خانانە لادەبرێن کە شێرپەنجەیان هەیە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی کۆلێژەکەی بەریتانیا، لەم کاتەدا 20%ی نەخۆشان پێویستیان بە نەشتەرگەریی لابردنی بەشێکی مەمک دەبێت.

توێژەران دەڵێن، لە نەخۆشخانەکاندا مایکرۆسکۆپەکە دەخەنە تاقیکردنەوەوە و هیوایان وایە لە پێنج ساڵی داهاتوودا بۆ سوودی گشتی بەردەست بێت.

بەگوێرەی تەندروستیی جیهانی، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، 287 هەزار و 850 تووشبووی شێرپەنجەی مەمک لە سەرتاسەری جیهان تۆمار دەکرێن و ژمارەی ئەوانەی لە تەواوی ساڵەکەدا بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدەن دەگاتە 43 هەزار و 250 کەس.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi