نیسان 20, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

7 پێنگاڤ سه‌ر بكه‌ڤى ل ئه‌زموونێن داويا سالێ 

7 پێنگاڤ سه‌ر بكه‌ڤى ل ئه‌زموونێن داويا سالێ 

باسنيوز:

لە ئەلقەی رابردووی ئەم راپۆرتەدا، باسی رۆژانی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵی منداڵەكانی قۆناغی سەرەتاییم كرد، لەم بەشەدا باس لە هەمان بابەت بەڵام بۆ قوتابیانی نەوجەوان و گەنج دەكەین.

دیاریكردنی ئامانج

بابەتی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ، بابەتێكی گرنگ و هەستیارە لە قۆناغەكانی خوێندندا، دیارە گرنگترین هەنگاویش بۆ گەیشتن بە سەركەوتن، دیاركردنی ئامانجە. بێگومان ئامانجی هەر قوتابییەكیش سەبارەت بە پڕۆسەی خوێندن و تاقیكردنەوەكان لەگەڵ قوتابییەكی دیكە جیاوازە، بۆ نموونە كەسێك كاتی زیاتر تەرخان دەكات و خۆی ماندوو دەكات و باش دەخوێنێت، بۆ ئەوەی نمرەی باش و سەركەوتنی زیاتر بەدەست بێنێت، هەندێك لە قوتابییانیش تەنیا بۆ ئەوە دەخوێنن، كە لە وانەكاندا نەكەون و نەمێننەوە.

بەرنامە دانان

دوای دەستنیشانكردنی ئامانج، بەرنامەدانان و بەفێڕۆنەدانی كات، دووەم هەنگاوی گرنگی سەركەوتنی قوتابییانە، بۆ نموونە، قوتابی لە كاتی تاقیكردنەوەكاندا پێویستە بەوردی ئاگای لە كاتەكانی بەردەستی بێت و خۆی بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و یارییە ئیلكترۆنییەكانەوە سەرقاڵ نەكات.

بێ گومان قوتابییانی دواناوەندی و ئامادەیی بە حوكمی ئەوەی قۆناغەكەیان هەستیارتر و چارەنووسساز و ئەستەمترە، دەبێ كاتی زیاتر دابنێن. ئەو بابەتەش لەبەرچاو بگرن، كە شەوی تاقیكردنەوەكان تەنیا بۆ پێداچوونەوەی وانەكانە و هیچ كەس لە شەوی پێش تاقیكردنەوەدا ناتوانێت و توانای ئەوەی نییە بابەتێكی تازە فێر ببێت و بە باشی خۆی ئامادە بكات بۆ تاقیكردنەوەكان.

بۆیە قوتابی پێویستە هەر لە سەرەتای ساڵی خوێندنەوە جدی بێت و بەرنامەی هەبێت و پڕۆسەی خوێندن بە هەند وەربگرێت، تا سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت.
بەڵام ئەگەر هەر لە سەرەتاوە و تا درێژایی ساڵی خوێندن بێ بەرنامە بوو، یاخود زۆر درەنگ دەستی بە خوێندن و پێداچوونەوەی وانەكان كرد، چەندین هەنگاو دوا دەكەوێ و پێویستە لە قۆناغی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵدا زیاتر خۆی ماندوو بكات.

كەشی گونجاو

زۆر جار لەبەرئەوەی كەشی ماڵەوە بۆ خوێندن لەبار نییە، قوتابی ناتوانێت وەكوو پێویست جەخت بكاتە سەر وانەكان، بۆیە لە كاتی وادا كتێبخانە شوێنێكی ئارام و لەبار و باشە، لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا كتێبخانەكان شوێنێكی ئارام و گونجاون بۆ خوێندن و خوێندنەوە، بۆیە زۆربەی ئەو قوتابییانەی تاقیكردنەوەی جدییان هەیە، بە مەبەستی خوێندن رۆژانە سەردانی كتێبخانەكان دەكەن.

دووركەوتنەوە لە مۆبایل و سۆشیال میدیا

دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی مۆبایل و نەگەڕان بەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لە رۆژانی تاقیكردنەوەكاندا، كارێكی باش و پێویستە، چونكە ئینتەرنێت كاتی زۆر لە قوتابی دەبات و مێشكی بە بابەتی لاوەكییەوە سەرقاڵ دەكات.

كۆڕی هاوڕێیان

یەكێكی دیكە لەو بابەتانەی قوتابی لە سەعیكردن و خوێندن دادەبڕێنێت، رۆیشتنە بۆ كۆڕی دۆستان و هاوڕێیان، پێویستە خێزانەكان لە كاتی تاقیكردنەوەكاندا رێگری بكەن لە كوڕ و كچەكانیان لە سەردانیكردنی هاوڕێیەكانیان و كافێكاندا و كات بەفیڕۆ نەدەن.

كاتی گونجاو بۆ سەعیكردن

دەروونناسان سەبارەت بە باشترین كات بۆ خوێندن و پێداچوونەوە، پێیان وایە، بەیانییان زوو كاتێكی لەبار و گونجاوە، چونكە مێشك ئامادەی وەرگرتنی بابەتەكانە، بۆیە لە كاتی پێداچوونەوەدا هەندێك بابەتی قورس هەڵگرن بۆ كاتی بەیانییان، چونكە بەیانییان وزەی جەستە زیاترە و مێشك بەدرێژایی شەو پشووی داوە و باشتر بابەتەكان وەردەگرێت. تەنانەت توێژەران دوای توێژینەوە زانستییەكانیان بۆیان دەركەوتووە، قوتابییان ئەو بابەتانەی بەیانییان فێری بوونە، زۆر درەنگتر لەبیریان دەچێتەوە و بۆ ماوەیەكی زۆر لە مێشكیاندا دەمێنێتەوە.

خەو و خواردن

بێ گومان خەوی باشی شەوانەش كاریگەریی خۆی هەیە، چونكە مێشك لە كاتی شەوانە و لە كاتی نووستندا پشوو دەدات و خۆی نوێ دەكاتەوە، بۆیە لە رۆژانی تاقیكردنەوەكاندا هەوڵ بدەن شەوانە زوو بخەون و بەگشتی گرنگی بە بەرنامەی خۆراكیتان بدەن و زیاتر سوود لەو خۆراكانە وەربگرن، كە دەوڵەمەندن بە پرۆتین و ڤیتامینەكان.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi