ئازار 29, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

12یەمین فیستیڤاڵی فیلمی کوردیی بەرلین دەستیپێکرد

12یەمین فیستیڤاڵی فیلمی کوردیی بەرلین دەستیپێکرد

رووداو – ئەڵمانیا:
12یەمین فیستیڤاڵی فیلمی کوردیی بەرلین بە بەشداریی ژمارەیەک فیلم لە هەرچوار پارچەی کوردستان دەستیپێکرد. فیلمی هەڤسوو یەکەم فیلم بوو لە فیستیڤاڵەکەدا نمایشکرا کە باس لە چیرۆکی سەختی ژیانی ژمارەیەک هاونیشتمانی لەسەر سنووری باکوور و رۆژئاوای کوردستان دەکات. 
سیناریۆ و دەرهێنانی فیلمی هەڤسوو لە لایەن مانۆ خەلیلەوە بوو کە دایکی مێردینی و باوکی خەڵکی قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانە. مانۆ خەلیل دەڵێت، لە ساڵی 1986ـەوە لەگەڵ ئەو چیرۆکە دەژی و تاوەکو دواجار توانی سیناریۆی بۆ بنووسێتەوە و بیکات بە فیلم.
مانۆ خەلیل بە رووداوی گوت، “ئەم چیرۆکە بە هەستێکی کوردانە لەنێو ئێمەدا هەیە. بیرم دێتەوە کاتێک تەمەنم شەش ساڵ بوو و، یەکەمجار چوومە سەر سنوور، دایکم لەنێو سیمەکاندا گوتی ئەمە خاڵۆتە، کاتێک کە لەنێو تێلی سەر سنوور خاڵۆمم ماچ کرد، ئیدی ئەوە لە مێشک و ژیانم مایەوە وەک ئەوەی کە مۆرت کردبێت، بۆیە لە کاتی خوێندنەکەشمدا زۆر شتم وەکو سیناریۆ نووسیبوو، بەڵام دوای ئەوەی کە [خوێندنی] سینەمام تەواو کرد، هیوایەکم هەبوو کە سیناریۆیەک بۆ ئەو چیرۆکە بنووسمەوە و بیکەم بە فیلم. دواتر توانیم سیناریۆی بۆ بنووسم.”
ئەکتەرانی فیلمەکە لە باکوور، باشوور و رۆژئاوای کوردستان بوون، بەڵام رۆڵبینینی کالکێ شێرۆی تەمەن شەش ساڵ، هونەرمەند ئەحمەد زیرەک بوو کە رۆڵی سەرەکی تێدا بینی. ئەو لە فیلمەکەدا لێهاتووانە چیرۆکی ژیانی سەختی دەیان خێزانی کوردی گێڕایەوە. 
ئەحمەد زیرەک، ئەکتەر لەبارەی فیلمەکەوە باسی لەوە کرد، “خۆشییەکەی ئەوەبوو کە ئەو شتەی لە فیلمەکەدا لە رۆژئاوای کوردستان بینیمان، هەمان شتمان لە باکووری کوردستان بینی، چۆن لە فیلمەکەدا بینیمان منداڵی کوردیان دەکردە عەرەب، هەمان شیمان لە باکووری کوردستان بینی کە چۆن منداڵەکانمانیان دەکرد بە تورک. کاتێک بۆ یەکەمجار چووینە قوتابخانە وایان نیشانداین کە شتێک لە جیهان نییە لە تورکیا گەورەتر بێت..”
تراژیدیای شێرۆ کە دایکی کوژراوە و سنووری بێ کۆتایی و دوای 40 ساڵ بە یەکگەیشتنی لەگەڵ حەننای جوو لە کەمپێکی کۆچبەرانی رۆژئاوای کوردستان، کۆتایی چیرۆکەکە بوو کە لە فیلمەکەدا نمایشکرا.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi