نیسان 25, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

بەختیار عەلی رۆمانێکی نوێی بڵاوکردەوە

بەختیار عەلی رۆمانێکی نوێی بڵاوکردەوە

K24 – سلێمانی:

بەختیار عەلی نووسەر و رۆماننووسی کورد،  رۆمانێکی نوێ و کتێبێکی دیکەی بڵاوکردەوە، كه‌ کۆکراوەی بەشێک لە گوتارەکانییەتی.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا بەختیار عەلی، سوپاسی ئەو هاووڵاتیانەی کرد کە پێشوازی لە بەرهەمە نوێیەکانی دەکەن.

لەبارەی ناوەڕۆکی رۆمانی بەندەر فەیلی، به‌ختیار عه‌لی گوتی، لەم رۆمانەدا باس لە چیرۆکی ژیانی منداڵێکی سەردەمی تاریک و ژێر دەسەڵاتی بەعسدا دەکه‌م.

ئاماژەی بەوەشکرد، رۆمانەکە زۆر بابەتی سیاسی تێدا نییە و زیاتر باسی پەیوەندییەکانی منداڵ و مەرگ دەکات، هه‌روه‌ها لە ناوەڕۆکی کتێبەکەشدا باسی دەسەڵات و منداڵ دەکات.

لە رۆمانەکەدا، بەندەر فەیلی لە ساڵی 1980 دا لە یەکێک لە زیندانەکانی بەغدا لەدایکدەبێت. لەبەر چەند هۆیەکی نادیار و بە فەرمانی بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەت، دەبێت منداڵەکە لە زیندان بمێنێتەوە و لەوێ گەورە بێت، رۆمانەکە نیشاندانی ئەو فشارە ترسناکەیە کە ژینگەی سیاسی لەسەر مرۆڤەکان دروستیدەکات، تا بیانکات بە بەشێک لە خۆی.

هەروەها کتێبی دووەمی بەختیار عەلی بە ناونیشانی (منداڵەکانی ساتۆرن) بڵاوکرایەوە، ناونیشانی کتێبەکە لە ناونیشانی یەکێک لە گوتارەکانیەوە وەرگیراوە.

لای یۆنانییەکان ساتۆرن خوداوەندی چاندن و کشتوکاڵ بووە، بۆئەوەی رێگه‌ لەوە بگرێت پێشبینییەکی بەد ببێتە راستی، کە گوایە یەکێک لە منداڵەکانی تەخت و دەسەڵاتی لێ دەستێنێت، یەک یەک هەموو منداڵەکانی خۆی دەخوات.

جۆبیتەر کە ئەویش منداڵی ساتۆرنە، دایکی دەیشارێتەوە و ناهێڵێت بەر پەلاماری ساتۆرن بکەوێت، دواتر دەگەڕێتەوە و ساتۆرن لە تەخت دووریدەخاتەوە و راستی پێشبینییەکە دەسەلمێنێت.

کتێبەکە لە 38 گوتاری جۆراوجۆر پێکهاتووە، کە هەر یەکێک لەو گوتارانە لە دۆخێکی جیاوازدا و بۆ رووداوە جیاوازەکانی کوردستان نووسراون.

بەختیار عەلی ساڵی 1960 لە سلێمانی لەدایکبووە و خاوەنی دەیان رۆمان و گوتاری شیکاری و فیکرییە، ئەمانەش بەشێکن لە گرنگترین کتێبەکانی (مەرگی تاقانەی دووەم، ئێوارەی پەروانە، دواهەمین هەناری دونیا، شاری مۆسیقارە سپییەکان، غەزەلنووس و باغەکانی خەیاڵ، کۆشکی باڵندە غەمگینەکان، جەمشید خانی مامم).

س.س

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi