نیسان 19, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

ڕه‌وشا کوردێن ئێزدی دکۆڕبەنده‌کی پەرلەمانێ فەرەنسادا هاته‌ به‌حسكرن 

ڕه‌وشا کوردێن ئێزدی دکۆڕبەنده‌کی پەرلەمانێ فەرەنسادا هاته‌ به‌حسكرن 

رووداو دیجیتاڵ

لە پەرلەمانی فەرەنسا، ئەمڕۆ کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتیی پەیمانگەی کوردیی – پاریس لە بارەی دۆخ و ئایندەی هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەچوو.

لە دوو پانێڵی کۆڕبەندەکە بە بەشدارانی بەرپرس و چالاکڤانانی فەرەنسی و کورد تیشک خرایە سەر دۆخی ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخی شنگال و کوردانی ئێزدی، شەڕی دژی داعش، ناکۆکیی وڵاتە دراوسێکان و ئایندەی پەیوەندییەکانی فەرەنسا.

لە بارەی دۆخی شنگال و کوردی ئێزدی، دکتۆرە نەغەم نەوزاد، چالاکڤان و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ کە بە درێژایی ساڵانی رابردوو کاری بۆ ناساندنی جینۆسایدی کوردی ئێزدی کردووە، بە ئامادەبووانی کۆڕبەندەکەی گوت: “جینۆسایدی ئێزدییەکان ئەوە نییە کە لە 3ی ئابی 2014 دەستیپێکردبێت و دواتر کۆتاییهاتبێت. جینۆسایدکردنمان هێشتا بەردەوامە. تاوەکو ئیستا زیاتر لە سێ هەزار ئێزدی لە نێو کەمپەکاندا لە دۆخێکی سەختدا لە کوردستان دەژین. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2 هەزار و 700 ژن بێسەروشوێنن و نازانین چارەنووسیان چییە.”

نەغەم نەوزاد باسی لەوە کرد، لەبەر نەبوونی خزمەتگوزاری و دۆخی ئەمنی، ئاوارەکانی شنگال ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان.

ئەو ژنە کە پزیشکی ژنانە، گوتی: “هیچ ئاسایش لە شنگال نییە، ژمارەیەکی زۆر میلیشیای لێیە کە شنگالیان کۆنتڕۆڵکردووە؛ هەروەها ناوبەناو شنگال لە لایەن تورکیاوە بۆردوومان دەکرێت، لە پاڵ ئەمە، شنگال هیچ خزمەتگوزاریێکیشی نییە.”

ئەو ژنە چالاکڤانە هاوکات سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە بە گوتەی خۆی “لە سەرەتاوە” پشتیوانیی کوردانی ئێزدی کردووە، بەڵام رەخنەی لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق گرت بەهۆی ئەوەی، کە وەکو پێویست بەدەم کوردانی ئێزدییەوە نەچووە.

دکتۆر نەغەم گوتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان “سەنتەری ژنانی رزگاربووی کردەوە. ئەو سەنتەرە لە ساڵی 2014ـەوە کراوەتەوە و تێیدا چارەسەرمان پێشكێش بە نزیکەی هەزار و 500 ژن کردووە. هەروەها نووسینگەیەکی کردەوە کە پێی دەگوترێت نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی کوردانی ئێزدی و نزیکەی هەزار و 500 کەس لە لایەن ئەو نووسینگەیەوە رزگارکراون.”

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە “لە سەرەتای کۆمەڵکوژییەکەوە، زیاتر لە 450 هەزار ئێزدی لە ناوچەکانیان ئاوارەبوون و روویان لە کوردستان کرد.”

نەغەم نەوزاد دەڵێت: “بەداخەوە ئێمە بە تەواوی لە لایەن حکومەتی عێراقەوە پشتگوێخراوین. لە کاتێکدا کە ئێمە لە نێو عێراقدا دەژین، شتی هەرە سادە ئەوە بوو کە دەبوو دان بە جینۆسایدی ئێزدیەکاندا بنێت، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دانی پێدانەنراوە، پێچەوانەی هەرێمی کوردستان کە لە سەرەتاوە تاوانەکانی داعشی دژی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید ناساند.”

هاوکات بنەفش خەلەف، رۆژنامەڤان و ژنە چالاکڤانی کوردی ئێزدی، جەختی لە خراپیی بارودۆخی نێو کەمپەکان کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئێزدی ناچاربوون پەنا ببەنە بەر وڵاتانی ئەوروپا، کە ئەوەش بە گوتەی خۆی دەبێتە هۆی ونبوونی “ناسنامەیان.”

فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا گوتی، بۆ کرستیان و کوردانی ئێزدی: “کۆچکردن چارەسەر نییە. پێویستە هانیان بدەین لە نێو وڵاتەکەدا بمێننەوە و ژینگەیەکی سەلامەت و ئارامیان بۆ فەراهەمبکەین بۆ ئەوەی بتوانن بژین.”

بە گوتەی بنەفش خەلەف، خودی کەمپەکانیش بوونەتە “هەڕەشە” لەسەر ناسنامەی کوردانی ئێزدی، “چونکە هەندێ لە منداڵان کە ماوەی پێنج ساڵە لە نێو کەمپدا دەژین، کە پرسیاریان لێدەکرێت خەڵکی کوێن، دەڵێن خەڵکی کەمپین و لە بیریان چووە کە خەڵکی شنگالن.”

هاوکات بنەفش خەلەف ئاماژەی بەوە کرد کە یارمەتییەکانی ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) بۆ ئاوارەکانی کوردانی ئێزدی بەراورد بە رابردوو، نیوە بووە. داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پشتیوانیی زیاتری کوردانی ئێزدی بکەن.

نەغەم نەوزاد لە بارەی دۆخی کوردانی ئێزدی دوای رزرگاکردنیان لە داعش گوتی: “دۆخی دەروونی و جەستەیی رزگاربووان زۆر خراپە. چونکە ئەو ناخۆشیەی کە بەسەریاندا هات، ناتوانن بە ئاسانی لە بیریبکەن. ئەوان ئەو شتانەیان بیردێتەوە کە لە کاتی دەستبەسەریدا بەسەریاندا هاتن، چونکە هەندێکیان چوار پێنج ساڵ لە لایەن داعشەوە گیرابوون، هەروەها زۆربەی ئەندامانی خێزانەکانیان لە پێش چاوی خۆیان لەدەستدا. کاتێکیش کە ئازاد دەکرێن، گوشاری دەروونییان خراپتر دەبێت، چونکە هیچ کەس هاوکارییان ناکات تەنیا هەندێ هاوکارییان لە لایەن رێکخراوە ناحکومییەکانەوە پێ دەدرێت.”

“پێویستە کورد گفتوگۆ لەگەڵ یەکدیدا بکەن”

رێمی فرۆید، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا لە بارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداوە گوتی، لە سەرەتاوە هەندێ مادەی دەستووریی عێراق بە جێبەجێنەکراوی ماونەتەوە، گوتیشی، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا، پێویستە لایەنە کوردییەکان سەرەتا گفتوگۆ لەگەڵ یەکدی بکەن.

سیناتۆرەکەی فەرەنسا کە نوێنەرایەتیی پاریس دەکات، پێیوایە “زۆر گرنگە” کە کورد پۆستی سەرۆککۆماری عێراقی بەدەستەوەیە.

رێمی فرۆید لە بارەی رووداوەکانی دوای هەڵبژاردنی ساڵی رابردوو، باسی لەوە کرد، پێیوایە رەوتی سەدر رۆڵێکی ئەرێنیی نەبینیوە، بەڵکو بووەتە هۆی دابەشکاری.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، پێیانوایە ئەگەر پەرلەمانی عێراق دابەشبکرێت بەسەر دوو ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران، کێشەی نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتەکان چارەسەر دەکرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە کە فلۆرین سێودین، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رەخنەی لە پەرلەمانی عێراق گرت بەوەی کە وەکو پێویست نوێنەرانی هەموو پێکهاتەکانی تێدا نییە.

“سێ فاکتەری رێگریکار لە شەڕی نێوخۆی عێراق”

د. عادل باخەوان، سەرۆکی ناوەندی فەرەنسی بۆ لێکۆڵینەوە لە عێراق لە بارەی دۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق گوتی: “عێراق تەنراوە بە کۆمەڵێک گرووپی میلیشیایی کە هەموویان چەکی پێشکەوتوو و زیرەکیان لایە. ئەو میلیشیایانە بەسەر چوار رەوتدا دابەشبوون کە بەتەواوەتی لە یەکدی دابڕێندراون و وەکو دوژمن لە یەکدی دەڕوانن و هیچ هاوئاهەنگی و یەکگرتووییەکیان لەنێواندا نییە.”

سەرۆکی ناوەندی فەرەنسی بۆ لێکۆڵینەوە لە عێراق ئاماژەی بەوە کرد، سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ لەنێوان ئەو “گرووپە میلیشیایانە ئەگەرێکە کە هەمیشە چاوەڕوانی روودانی دەکرێت،” بەڵام بە گوتەی خۆی، “سێ فاکتەر هەن کە رێگە نادەن ئەو شەڕە سەرهەڵبدات: یەکەمیان بەرژەوەندیی ئابوورییە کە بە ملیاران دۆلار مەزەندە دەکرێت، رێگری دووەم سیستانییە کە وەک مەرجەع رێگری لە سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆ دەکات. بەڵام تا کەی مەرجەعیەت دەتوانێ وەکو رێگری لەبەردەم روونەدانی ئەم شەڕە بمێنێتەوە. بەربەستی سێیەم، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کە دەیەوێ عێراق بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە.”

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi