مەحما خەلیل: د ئایندەیەکێ نێزیکدا ئیدارا شەرعی دێ ڤهگەڕتە شنگال
شنگال -KDP.info-
بڕیارە پێش ھاتنی ساڵی نوێ ئیدارەی شەرعیی شنگال بگەڕێتەوە دەڤەری شنگال و پەرلەمانتارێکی پارتییش دەڵێت، سوودانی بەڵێنی گەڕانەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانی شنگالی پێ داوین.
مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “حەوت ساڵ دوای ئازادکردنی شنگال بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی، بەداخەوە جینۆساید و ئاڵۆزییەکانی شارەکە بەردەوامن، ئێمەیش بەردەوام فشارمان کردووە بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی شنگال و گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی و خەڵکی شنگال بۆ شوێنەکانیان.”
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: “لە ڕۆژانی داھاتوودا ئیدارەی شەرعیی شنگال دەگەڕێتەوە قەزای شنگال و محەمەد شیاع سوودانییش بەڵێنی گەڕانەوەی ئیدارەی پێ داوین و بڕیارەکەش دەرچووە، ڕۆژی گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی دیار نییە، بەڵام پێش ھاتنی ساڵی نوێ ئیدارە دەگەڕێتەوە.”
مەحما خەلیل ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی کاریگەریی لەسەر ئاساییکردنەوەی ڕەوش ئاڵۆزی شنگال دەبێت، بەتایبەتی قەرەبووکردنەوەی خەڵکی شنگال، چونکە پێویستە بەپێی دەستوور ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت، ئەرکی حکوومەتی نوێی عێراقە ڕەوشی شنگال ئاسایی بکاتەوە.”