ئازار 28, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

بەرپرسێ لقێ 17يێ پارتی:سەرکەفتنا پارتی ل شنگالێ به‌رسڤدانه‌كه‌‌ بۆ پەکەکێ

بەرپرسێ لقێ 17يێ پارتی:سەرکەفتنا پارتی ل شنگالێ به‌رسڤدانه‌كه‌‌ بۆ پەکەکێ

باسنيوز:

ئاشتی کۆچەر، بەرپرسی لقی 17ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (باسنیوز) باسی بەرنامەکانی پارتی بۆ دوای هەڵبژاردن دەکات و ڕایگەیاندووە خەڵکی شنگال داوا دەکەن پارتی بگەڕێتەوە شنگال، چونکە زۆربەی خەڵکی شنگال دەنگیان بە پارتی دا.(باسنیوز) لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا خەڵکی شنگال زیاتر دەنگیان بە پارتی دا، ئەمە چ پەیامێک دەگەیەنێت؟

ئاشتی کۆچەر: “خەڵکی شنگال هەر سێ کاندیدەکەی پارتییان لە شنگال سەرخست، ئەمە خۆی لە خۆیدا وەڵامێکە بۆ پەکەکە کە خەڵکی شنگال لەگەڵ پارتین، بەڵام مخابن ئەوان لە هیچ شتێک تێناگەن، چونکە باشترین وەڵامە بۆ پەکەکە و هەموو ئەو گرووپانەی کە لەبەردەم پارتی و خەڵکی شنگالدا ئاستەنگیان دروست دەکرد. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت لەناو جەرگەی دوژمن و لەناو ئەو هەموو ئاستەنگی و ناخۆشییانەی شنگالدا، خەڵکی پارتییان هەڵبژارد، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە بەتەنیا پارتی خزمەتی دەڤەری شنگال دەکات، چونکە پارتی حزبێکی ڕاستەقینەیە و هەموو جارێکیش لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان وەک حزب یەکەم دەبێت”.

(باسنیوز) پارتی دوای هەڵبژاردن، چ بەرنامەیەکی بۆ شنگال هەیە؟

ئاشتی کۆچەر: “ئێمە بەر لە هەموو شتێک لەسەر کەیسی ڕزگاکردنی کچان و ژنان و منداڵە ڕفێندراوە ئێزدییەکان کار دەکەین، هەروەها کار لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ سنووری شنگال دەکەین، هاوکات ئەوەی پتر لە گشتی لامان گرنگە پرسی پێکەوەژیانە لە دەڤەری شنگال، لەم هەڵبژاردنەدا بەبێ جیاوازی خەڵکی شنگال هەموویان پێکەوە دەنگیان دا، لەم هەڵبژاردنەدا لە بازنەی سێی پارێزگای نەینەوا کە دەکاتە شنگال، پارتی سێ کاندیدی هەبوو کە بریتی بوون لە د. ڤیان دەخیل، مەحما خەلیل و ماجد شنگالی، هەرسێکیان سەرکەوتن، ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵی 2018 خەڵکی شنگال لە هەڵبژاردن بێبەش کران، بەڵام ئەمجارە خەڵکی شنگال نوێنەری ڕاستەقینەوەی خۆیان ڕەوانەی پەرلەمان کرد و ئەمەش زۆر گرنگە چونکە شەرعیەت و ڕەوایی بۆ خەڵکی شنگال گەڕایەوە و ئەمەش دەبێتەوە هۆی ئەوەی پرسی پێکەوەژیان لە سنووری شنگال بەهێز دەبێت و بەدوای ئەوەشدا ئاوەدانی لە شنگال دەست پێ دەکاتەوە و ئاوارەکانیش دەتوانن بگەڕێنەوە”.

(باسنیوز) خەڵکی شنگال بۆچی داوا دەکەن پارتی بگەڕێتەوە بۆ سنوورەکەیان؟

ئاشتی کۆچەر: “لەمێژە خەڵکی شنگال ئەو داوایە دووپات دەکەنەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ شنگال، چونکە نەگەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێن و زێدی خۆیان بۆ ئەو پرسە دەگەڕێتەوە، هەر کاتێک پارتی بگەڕێتەوە شنگال، ئەوا ئاوارەکانیش دەگەڕێنەوە. ئەوە حەوت ساڵە ئاوارەکانی شنگال ئەو هەموو ناخۆشییانەیان کێشاوە، بۆیە دەڵێن ئەگەر پارتی نەگەڕێتەوە شنگال، ئێمەش ناچینەوە، ئێمە وەک پارتی شەڕ ناکەین و شەڕخواز نین، بەڵام مخابن هەندێک لایەن لە شنگال کار بۆ ئەوە دەکەن کە بەتەنیا پارتی نەگەڕێتەوە سنوورەکە، ئێمەش چاوەڕوانی ئەوەین کە ڕێککەوتنی شنگال لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق جێبەجێ بکرێت، هەتا ئاستەنگ و کێشەکان چارەسەر بکرێن و خەڵکیش بگەڕێنەوە شنگال”.

(باسنیوز) لەم هەڵبژاردنەدا چ شتێکی گرنگ لەبارەی پرسی شنگال ئاشکرا بوو؟

ئاشتی کۆچەر: “چەندان بەرپرسی عێراقی هاتنە شنگال و گەڕانەوە و بە حکوومەتی عێراقیان ڕاگەیاند کە پەکەکە لە سنووری شنگال نییە، بەڵام کاتێک پارتی چووە شنگال، پەکەکە ڕێگریی لە کاندیدەکانی پارتی کرد، بۆیە بۆ یووئێن و هەموو جیهان ئاشکرا بوو کە شنگال ناوچەیەکی کوردستانییە و پارتی تێیدا هێزە، چونکە لەم هەڵبژاردنەدا هەموو شتێک ئاشکرا بوو کە وا خەڵکی شنگال لەگەڵ پارتیدان، بۆیە هەر سێ کاندیدەکەی پارتی لەم دەڤەرە سەرکەوتن و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە زۆربەی دەنگی خەڵکی شنگال بۆ پارتی بووە”.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi