قایممقامێ شنگال:گرۆپێن چەکدار رێگريێ ل بجهئينانا پرۆژێن خزمهتگۆزارى دكن
باسنيوز:
قایقمامی شەرعیی قەزای شنگال ئاشکرای کرد گرووپ و هێزە ناشەرعییەکان لەناو شنگال هەت ئێستا ڕێگرییان لە جێبەجێکردنی سەدان پرۆژەی خزمەتگوزاری کردووە.
مەحما خەلیل قایمقامی قەزای شنگال بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لەلایەن ئەو هێز و گرووپە ناشەرعییانەی لە شنگال جێگیر بوون، ڕێگری لە جێبەجێکردنی سەدان پرۆژەی خزمەتگوزاری کراوە و بۆیە ئەمەش بووەتە هۆکار و بەربەستێک کە شنگال ئاوەدان نەکرێتەوە”.
قایمقامی شنگال گوتیشی: “هەر ئەو گرووپە چەکداران بوونەتە هۆی ئەوەی کە تا ئێستا خەڵکی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان هێشتا لەناو خێوەتدان و ئەو گرووپانە ناشەرعییانە لەناو شنگال هەر سەرقاڵی ئەجێنداری سیاسیی خۆیانن و بازرگانی بە ڕەوشی شنگالەوە دەکەن”.
مەحما خەلیل ئەوەش ئاشکرا کرد: “بەهۆی ڕێگریی گرووپە چەکدارەکان لە ئاوەدانکردنەوەی شنگال، ڕەوشی کوردانی ئێزدی خراپتر بووە و ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنی ژیانی خۆیان، ماوەیەک لەمەوبەر جەماوەری شنگال لە خۆپیشاندانێکدا خوازیاری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بوون و هەموو شنگالییەکان سوورن لەسەر ئەوەی ئەو ڕێککەتنە جێبەجێ بکرێت تاکوو لەو ڕێگەیەوە ئاسایش و ئاوەدانی بگەڕێتەوە سنووری شنگال”.
لە دوای ساڵی ٢٠١٤ و هێرشی گرووپی تیرۆریستیی داعش و خولقاندنی ئەو تاوانەی کە بەسەر کوردانی ئێزدیدا هات، پەکەکەش ئەوەی بە هەل قۆستەوە و بە یارمەتیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەشێک لە سنووری شنگال و بەتایبەت چیای شنگالی داگیر کردووە و بە هیچ جۆرێک ئامادە نییە چۆڵی بکات و بەردەوام گەنجان و چالاکوانی شنگال دەڕفیێنێت و لە چیای شنگال چەندان تونێل و سەربازگەی ساز کردووە و ڕێگری لە هاتوچۆی خەڵک دەکات و بووەتە مەترسییەکی گەورەی لەسەر ئاسایش و ژیانی خەڵکی ناوچەکە.
سەرەڕای ئەوەی خەڵکی شنگال چەندین جار بە خۆپیشاندان داوایان کردووە چەکدارانی پەکەکە ناوچەکەیان چۆڵ بکەن، بەڵام پەکەکە ئەم داخوازیەیە پشتگوێ خستووە و ئەجێنداری سیاسیی خۆی و هێزە ناوچەکەیان لە شنگال جێبەجێ دەکات.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی