پێلهكا ڤهگەريانا ئاواران بۆ شنگال دەست پێ کر
رووداو – شنگال
لە رۆژانی رابردوودا ژمارەیەک ئاوارەی شارۆچکەی گرعزێری سەر بە شنگال گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و نزیکەی 100 خێزانیش دەستیانکردووە بە خاوێنکردنەوەی ماڵەکانیان بۆ ئەوەی لە رۆژانی داهاتوودا بگەڕێنەوە ئەو شارۆچکەیە.
ئاوارەکانی شنگال هیوادارن بتوانن ژیانێکی نوێ لە زێدی خۆیان دەستپێبکەنەوە، بەڵام هاوکات لە پاشماوەکانی داعش و هەڵنەگرتنەوەی مین لە ناوچەکانیان نیگەرانن.
كهسۆ حهمۆ، یەکێکە لەو کەسانەی کە بە خێزانەوە گەڕاونەتەوە و دەڵێت، “هاتووینەتەوە گرعزێر و بەڵام داوامان وایە کە حکومەت بێت شارەکە و ماڵەکان لە تەقەمەنی پاکبکاتەوە تا هەموو خەڵکەکە بتوانن بگەڕێنەوە”.
نزیکەی 100 خێزانی خەڵکی شارۆچکەی گرعزێر و گوندەکانی دەوروبەری خانووەکانیان پاکدەکەنەوە تاوەکو بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام هەبوونی مین و تەقەمەنی لەبەردەمیاندا بووەتە رێگر.
خەڵەف عەلی، ئاوارەیە و لەبەر هەبوونی مین نەیتوانیوە بگەڕێتەوە و دەڵێت، “من لەبەر هەبوونی مین ناتوانم بگەڕێمەوە خانووەکەم. درواسێکانیشمان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە و پێویستە بۆ پاککردنەوەی ئەو مین و تەقەمەنییانە هاوکاریمان بکەن”.
کارگێڕیی شارۆچکەی گرعزێر لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و هەندێک رێکخراوی نێودەوڵەتیدا گەیشتوونەتە رێککەوتن تاوەکو لە ماوەیەکی نزیکدا شەش پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە بگەیێننە شنگال.
جەلال خەلۆ، بەڕێوەبەری ناحیەی گرعزێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاوئاهەنگیمان هەیە بۆ ئەوەی شارەکەمان ئاوەدان بکەینەوە. دەمانەوێت خەڵک بەباشی بگەڕێتەوە شارەکە و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانیش کرێی رێگەکە بەو خێزانانە دەدات کە دەگەڕێنەوە”.
شارۆچکەی گرعزێر سێ کۆمەڵگە و 30 گوندی لەسەرە. دانیشتووانی ئەو دەڤەرە بەر لە ساڵی 2014 نزیکەی 100 هەزار کەس بوون. حکومەت خزمەتگوزاریی سەرەتایی وەک رێگە و کارەبای بۆ بردوونەتەوە.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی