ئيرۆ 8ی مارس، ڕۆژا جیهانی يا ئافره‌تايه
باسنيوز:
ئەمڕۆ، 8ی مارس وەکوو “ڕۆژی جیهانیی ژن” ناودێر کراوە و لە هەموو جیهان بۆ ڕێزگرتن لە پێگە و کەسایەتیی ئافرەتان و خەبات لەپێناو دەستەبەرکردنی ماف و ویست و داخوازییەکانی ژنان، چالاکیی تایبەت بەڕێوە دەچێت و لەناو نەتەوەی کوردیش‌دا ساڵانە بە شێوەی جۆراوجۆر و بە شکۆوە یادی ئەم بۆنەیە دەکرێتەوە.
له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ژنان لە زۆربەی وڵاتانی پیشەسازی به وەرگرتنی حه‌قده‌ست و مووچەیەکی زۆر که‌م و به‌بێ هیچ ئاسانکارییه‌ک بۆ پێشکه‌وتنیان هاتنه ناو بازاڕی کاره‌وه و دواتر ژنانی کرێکار به شێوه‌یه‌کی ڕێکخراو بزووتنەوەیەکیان بۆ داوای مافەکانیان پێک هێنا و ئەوەش هەلی بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ژن هێنایه ئاراوه.
“کلارا زتکین”، یه‌کێک له ناسراوترین پێشەنگەکانی سۆسیالیزم و بزووتنەوهی ژنانه که له 5ی جولای ساڵی 1857ی زایینی له گوندێکی نزیک لایپزیکی ئەڵمانیا له‌دایک بوو. باوکی کلارا زتکین، بە ناوی گۆتفرێد ئایسله‌ر، مامۆستا بوو لەو گوندە و دایکیشی بە ناوی جۆزهپینه بە یه‌که‌مین پێشەنگەکانی بزووتنه‌وه‌ی فێمێنیستیی ئەڵمانیا ناسرابوو.
هه‌ڵبژاردن و دەستنیشانکردنی ڕۆژی 8ی مارس وه‌ک ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان به بۆنه‌ی خۆپێشاندانه گه‌وره‌که‌ی ژنانی کرێکاری کارگەی ڕستن و چنینی نیویۆرکی ئه‌مریکا له ساڵی 1857ی زایینی دیاری کرا که به مه‌به‌ستی زیادکردنی حه‌قده‌ست و که‌مکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی کار خۆپێشاندانێکیان وه‌ڕێ خست. له‌و خۆپێشاندانەدا که له‌گه‌ڵ هێرشی پۆلیس به‌ره‌وڕوو ببوو، به‌شێکی هه‌ره زۆری به‌شداربوانی خۆپێشاندانه‌که ده‌ستبه‌سه‌ر کران و ژماره‌یەکی به‌رچاویشیان کوژران و بریندار بوون.
خه‌باتی ژنانی کارگەی ڕستن و چنین له ئه‌مریکا وه‌کوو ڕووداوێکی مێژوویی و گرنگی مێژووی خه‌باتی مافخوازانه‌ی ژنان به‌گشتی و ژنانی ئازادیخواز به‌تایبه‌تی دێته ئه‌ژمار کە بۆ وەرگرتنی ماف و حه‌قده‌ستی یه‌کسان و دژی بارودۆخی ناله‌باری کار و ماوه‌ی زۆری کار هاته ئاراوه و داخوازیی خۆپێشانده‌ران بریتی بوو له زیادکردنی حه‌قده‌ست، که‌مکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی کار (10 کاتژمێر له ڕۆژدا)، مافی ڕێکخستنی یه‌کێتیی کرێکاران و به‌ده‌ستهێنانی مافی ده‌نگدان بوو.
له ساڵی 1910ی زایینی له شاری کۆپنهاگنی دانیمارک، دووه‌مین کۆنفرانسی ژنانی سۆسیالیست به‌ڕێوه چوو که له‌وێ “کلارا زتکین” یه‌کێک له ڕێبه‌رانی ناسراوی حزبی سۆسیالیستی ئەڵمانیا، لەسه‌ر دیاریکرنی ڕۆژی جیهانیی ژنان دوا و پێشنیازی کرد 8ی مارس وه‌کوو ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان بناسرێت. ژنانی نەمسا پێشتر ڕوژی یه‌کی مانگی مه‌یان پێشنیاز کردبوو، چونکە یەکی مانگی مه‌ی جێگە و مانایه‌کی تایبه‌تی هه‌بوو، ده‌یتوانی له‌سه‌ر بزووتنه‌ی ژنان کاریگه‌ریی هه‌بێت. ژنانی ئەڵمانیاش ڕۆژی 19ی مارسیان پێشنیاز کرد، پێشنیازی ئه‌م ڕۆژه بەهۆی خه‌باتی شۆڕشگێرانەی 1848ی زایینی دژی ڕژێمی پاشایه‌تیی پرۆس بوو. کلارا پرۆژەی پێشنیازه‌که‌ی خۆی بۆ په‌سه‌ندکردنی ئه‌و ڕۆژه به دووه‌مین کۆنفرانسی ژنانی سۆسیالیست پێشکه‌ش کرد کە چوار داخوازیی سه‌ره‌کیی تێدا خستبووە ڕوو:
– خه‌بات له‌پێناو مافی ده‌نگدان
– خه‌بات دژی جەنگ
– خه‌بات بۆ دابینکردنی مافی دایکان و منداڵان
– خه‌بات دژی گرانی و هه‌ڵاوسان
پێگەی ئافرەت لەناو کورددا
ئافرەت لەناو نەتەوەی کورددا هەر لە ڕابردووەوە و تەنانەت لە کۆمەڵگەی نەریتیشدا خاوەنی پێگە و سەنگی تایبەت بە خۆی بووە و ڕێزی لێ گیراوە، هەروەها خەبات بۆ یەکسانیی ڕەگەزی لەناو شۆڕشەکانی کورددا هاوشان لەگەڵ خەباتی نەتەوایەتی بەردەوام بووە و لە مێژووی سیاسی و فەرهەنگیی نەتەوەی کورددا سەدان ژنی چالاک لە بواری ئەدەبی و کۆمەڵایەتیدا کاریان کردووە و لە بەرەپیشبردنی خەباتی کورددا دەوریان گێڕاوە، لەناو بزووتنەوەی سیاسیی هەموو پارچەکانی کوردستاندا ژنان لە ڕیزی پێشەوەی خەباتدا دەوریان هەبووە و شانبەشانی پیاوان خەباتیان بۆ ئازادی کردووە و سەدان ئافرەتی بوێر لەپێناو بیروباوەڕی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریدا ژیانی خۆیان تەرخان کردووە و تەنانەت لەو ڕێیەدا شەهید بوون، لەوانە دەتوانین ئاماژە بکەین بە حەپسەخانی نەقیب، دایە تەورێز، لێزا خانمی جاف، دایە ڕەزباد، مەستوورەی ئەردەڵان، لەیلا زانا، خەجە باوە، لەیلا قاسم و دەیان ژنی چالاکی دیکە.
پاش ڕاپەڕینی بەشکۆی 1991ی باشووری کوردستان و پێکهاتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەیان ڕێکخراوی تایبەت بە ئافرەتان پێک هات و بزووتنەوە و خەباتی یەکسانیخوازیی ڕەگەزی پێی نایە قۆناغێکی نوێوە و ژنان بە شێوەیەکی فراوان هاتنە ناو کاری بەڕێوەبەری و سیاسییەوە و لەناو کابینە جیاجیاکانی حکوومەتدا بە پلەی وەزیر و سەرۆکی پەرلەمان دەورویان هەیە و خاوەنی پێگەی شایستەن.
سەرباری ئەم دەسکەوت و گۆڕانکارییانە لە کوردستاندا هێشتا پێشێلکاری و توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان لە ئاستی جیاوازدا هەر هەیە و لە بەرانبەریشدا خەباتی یەکسانیخوازی بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی ژنان و نەهیشتنی توندوتیژی بەردەوامە.