نێچیرڤان بارزانی: پێویسته پشتگیريا هه‌ڤپه‌یمانيا نێڤ ده‌وڵه‌تی و فه‌ره‌نسا بۆ عێراقێ و هه‌رێما كوردستانێ يا به‌رده‌وام بت
K24 – هەولێر:
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سـباستـیان لیکۆرنو، وەزیری بەرگری فەرەنسا كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانییان گرێدا، تێیدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان داوایكرد، هاوكاری و پشتگیری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و فه‌ره‌نسا بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بێت.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له كۆنفرانسه رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا گوتی: سه‌ردانی وه‌زیری به‌رگری فه‌ره‌نسا، په‌یامێكی گرنگی به‌رده‌وامی و گرنگی دۆستایه‌تی فه‌ره‌نسایه له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان.
گوتیشی: “كۆبوونه‌وه‌یه‌كی باشمان هه‌بوو، باسمان له شه‌ڕی دژی داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و توندڕه‌وی كرد، هه‌ردوولامان هاوڕابووین كه داعش هێشتا مه‌ترسییه‌كی راسته‌قینه و هه‌ڕه‌شه‌یه بۆسه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق و ناوچه‌كه”.
دووپاتیشیكرده‌وه، كه پێویسته هاوكاری و پشتگیری هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و فه‌ره‌نسا بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام بێت.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: “سوپاسی فه‌ره‌نسامان كرد، بۆ پشتگیری و دۆستایه‌تی، گەلی کوردستان هیچ کات هاوکاریی و پشتیوانی فەرەنسا لەبیر ناکات”.
ده‌شڵێت: “پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان عێراق و فەرەنسا دەکەین”.
جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه، كه هاوڕابووین له‌وه‌ی رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت و پشتیوانی گەڕانەوەی ئێزدییەکان دەکەین بۆ شنگال.
سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، لە پەرلەمانی عێراق دەنگمان دا لەسەر بوودجەیەک کە وێنەی نەبووە بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر.
سـباستـیان لیکۆرنو، وەزیری بەرگری فەرەنسا لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا.
رۆژی سێشەممە (18ـی تەمموزی 2023)، وەزیری بەرگری فەرەنسا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری بەگری عێراق کۆبووەوە و سەربازان و تیمی راوێژکاری سوپای وڵاتەکەی لە عێراق بەسەرکردەوە.
پێشتریش وەزیری بەرگری فەرەنسا لەمیانی سەردانەکەی بۆ ناوچەکە، لە سعوودیە و قەتەر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، پەیوەندییە سیاسی و سەربازییەکانی نێوان فەرەنسا و وڵاتانی کەنداویان تاوتوێکرد.
ئەم سەردانەی وەزیری بەرگری فەرەنسا لە کاتێکدایە؛ بە درێژایی شەڕی دژی داعش وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی فەرەنسا چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە. تا ئێستا دوو سەرۆککۆماری فەرەنسا سەردانی هەولێریان کردووە؛ لە ئەیلوولی ساڵی 2014، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆککۆماری پیێشووی فەرەنسا سەردانی هەولێری کرد و لە ئابی ساڵی 2021یش ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری ئێستای فەرەنسا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
فەرەنسا یەکێکە لە ئەندامە کاراکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش. لە سەرەتای ساڵی 2014 و بە درێژایی شەڕی داعش هاوکارێکی سەرەکی هێزەکانی پێشمەرگە بووە. لە هەمان ساڵ و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، کە ئەمەریکا سەرۆکایەتی دەکرد، فەرەنسا 120 سەربازی سوپای وڵاتەکەی ناردە هەولێر و بەغدا بەمەبەستی مەشق و راهێنانکردن و هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە، کە دواتر ژمارەی سەربازەکانی لە هەرێمی کوردستان ساڵ بە ساڵ زیادی کرد.