ئازار 28, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

مەسرور بارزانی: دڤێت پيڤەر و ستانداردێن جیهانی د ئەنجامدانا پڕۆژەياندا هەبت

مەسرور بارزانی: دڤێت پيڤەر و ستانداردێن جیهانی د ئەنجامدانا پڕۆژەياندا هەبت

باسنيوز:
ئەمڕۆ سێشەممە 5/23/2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، (سێزدەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە و ژێرخان و شارەوانی و ئامێر و دەزگای پیشەسازی) لە هەولێر کردەوە و پاشان لە پانێلێکی تایبەتدا تیشکی خستە چەندین تەوەری پەیوەندیدار بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بیناسازی و وەبەرهێنان.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پانێلەکەدا رایگەیاند: “بەرنامە و ئەجێندای حكومەت بەرنامەیەكی خزمەتگوزارییەو تایبەتە بەوەی ئێمە چۆن بتوانین خزمەتی هاووڵاتیانمان بكەین كە ژیانێكی خۆشگوزەرانیان بۆ دابین بكەین”.

سەرۆکی حکوومەت گوتیشی: “لە ڕووی بیناسازییەوە هەندێك شت هەیە كە پێویستە ئێمە لەبەرچاوی بگرین، یەكێكیان سیمای شارە، هەر جۆرە بینایەیەك یان هەر کارێکی بیناسازی لە كوردستان دەكرێ، پێویستە بگونجێ لەگەڵ ئەو سیمایەی ئێمە دەمانەوێ لە كوردستان هەبێ و ببێ بە شتێكی دڵگیر و خەڵك لەزەتی لێ بكات، لەبەر ئەوە جوانیی بیناسازی لە كوردستان پێویستە لەبەرچاو بگیرێت. دووەم بابەتی كوالێتییە، كەواتە نابێ كەمیی نرخ لەسەر حیسابی كوالێتی بێت، دەبێ كوالێتیی بیناسازی زۆر زۆر لەبەرچاو بگیرێت، لە ئاستێكدا بێت كە خەڵك متمانەیان هەبێ، خوانەخواستە ئەگەر هاتوو تووشی بوومەلەرزە بوون یان هەر شتێكی نەخوازراو هاتە پێشەوە، توانای بەرگریی ئەم جۆرە گرفتانەی هەبێ. ئەوەی تریش وەكوو باسم كرد، كوالێتییە، سیمایە، نرخە”.

ئەمەش دەقی پرسیار و وەڵامەکانی سەرۆکی حکومەتە:

*بەڕێز جەنابی سەرۆك وەزیران بەخێربێی سەرچاومان و ماندوو نەبیت. پلانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە چییە؟ بە تایبەتی ئەگەر بیبەستینەوە بە سیستەمی گەشەپێدان؟ حكومەتی هەرێمی كوردستان چی دەكات تاوەكوو ئەو وەبەرهێنانەی لێرە ئەنجام دەدرێ، بەردەوام بێ؟

سەرۆکی حکوومەت: بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان. زۆر زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە، پێشەكی دەستخۆشی لە ڕێكخەرانی ئەم پێشانگایە دەكەم بۆ ئەم دەرفەتە كە هاتۆتە پێشەوە، بەخێرهاتنی میوانە بەڕێزەكانیشتان دەكەین كە لێرە ئامادەن. خۆشحاڵم كە ئەم دەرفەتە هەبوو لەسەر ئەم بابەتە قسە بكەین.
بەرنامە و ئەجێندای حكومەت بەرنامەیەكی خزمەتگوزارییەو تایبەتە بەوەی ئێمە چۆن بتوانین خزمەتی هاووڵاتیانمان بكەین كە ژیانێكی خۆشگوزەرانیان بۆ دابین بكەین. كە دێتە سەر بابەتی بیناسازی چەندین شت هەیە كە دەبێ لەبەرچاو بگیرێت، یەكێكیان پێداویستیی خەڵكە كە پێویستییان بەچییە ئەوەیان بۆ دابین بكرێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەندێك شت هەیە كە پێویستە لەبەرچاو بگیرێت. نرخی ئەو شوێنانەی كە بۆیان دروست دەكرێ یان یەكەی نیشتەجێبوون پێویستە بە شێوەیەك بێ كە خەڵك بتوانن تێیدا سوودمەند بن، ئەمەش بێگومان چەندین جۆر لەخۆی دەگرێ، خەڵك هەیە لەوانەیە لە ڕووی مالییەوە توانای زیاتریان هەبێ و بە تەمای شتی باش بن، بێگومان دەبێ ئەمەیان بۆ لەبەرچاو بگیرێ. بەڵام لە لایەكی ترەوە خەڵكێك هەیە لە ڕووی ماددییەوە دەرامەتی زۆر نییە و كەم دەرامەتە. ئێمە لە حكومەت بەرنامەی ئەوەمان هەبووە كە 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون دروست بكەین بۆ ئەوەی ئەو خەڵكە بتوانن سوود لەو پرۆگرامەی حكومەت وەربگرن كە ئێستا خراوەتە تەندەر، باسی ئەوە دەكرێ كە لە هەر سنوورێك، لە هەر ئیدارەیەكی سەربەخۆ و هەر پارێزگایەك بە چ شێوەیەك ئەم یەكە نیشتەجێبوونانە دروست بكرێن.
بەشێكی تریشی ئەوەیە كە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانە، ئێمە هەندێك بەرنامەمان هەبووە كە چۆن بتوانین یەكەی نیشتەجێبوون بەبێ بەرامبەر بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دابین بكەین، لە سنووری دهۆك وامان كردووە، لە هەولێر پرۆسەیەكە خەریكە ئیشەڵا تەواو دەبێ، لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی تریش بۆ بنەماڵەی شەهیدان وادەكەین، ئیشەڵا هەموو كەسێك ببێ بە خاوەنی خانووی خۆی یان جێگەی خۆی.
بەڵام لە ڕووی بیناسازییەوە هەندێك شت هەیە كە پێویستە ئێمە لەبەرچاوی بگرین، یەكێكیان سیمای شارە، هەر جۆرە بینایەیەك یان هەر کارێکی بیناسازی لە كوردستان دەكرێ، پێویستە بگونجێ لەگەڵ ئەو سیمایەی ئێمە دەمانەوێ لە كوردستان هەبێ و ببێ بە شتێكی دڵگیر و خەڵك لەزەتی لێ بكات، لەبەر ئەوە جوانیی بیناسازی لە كوردستان پێویستە لەبەرچاو بگیرێت. دووەم بابەتی كوالێتییە، كەواتە نابێ كەمیی نرخ لەسەر حیسابی كوالێتی بێت، دەبێ كوالێتیی بیناسازی زۆر زۆر لەبەرچاو بگیرێت، لە ئاستێكدا بێت كە خەڵك متمانەیان هەبێ، خوانەخواستە ئەگەر هاتوو تووشی بوومەلەرزە بوون یان هەر شتێكی نەخوازراو هاتە پێشەوە، توانای بەرگریی ئەم جۆرە گرفتانەی هەبێ. ئەوەی تریش وەكوو باسم كرد، كوالێتییە، سیمایە، نرخە.
نرخیش گۆڕانی بەسەردا دێت بەپێی ئەوەی كە چ جۆرە كەسێك دەیەوێ چ جۆرە بینایەكی هەبێت. ئەمەی لە سەر حكومەت بووە، ئێمە داوامان كردووە جگە لەوەی كە ماستەرپلانی شارەكان پێداچوونەوەی پێدا بكرێت، هەتا ڕووبەری سەوزایی لە بیناسازی لە كوردستان دەبێ لەبەرچاو بگیرێت بۆ ئەوەی هەمووی نەبێ بە شارێكی كۆنكریتی، واتە سەوزایی لەبەرچاو بگیرێ.
هەندێك شتی ئەوەش هەیە بۆ خەڵكی كەمئەندام، بۆ ئەوەی ئاسان بتوانن بچن بۆ ئەو شوێنانەی كە پێویستە، بەتایبەتیش شوێنە گشتییەكان، ئەم بابەتانە پێویستە لەبەرچاو بگیرێت.

*بابەتی كوالێتی زۆر گرنگە بە تایبەتی لە دوای ئەو بوومەلەرزەیەی لە توركیا و سووریا ڕووی دا، خەڵك ئێستا بایەخێكی زۆر بە كوالێتیی پرۆژەكان دەدات، ئایا ئێوە وەكوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان دیدگاتان چییە تاوەكوو لە ڕووی كوالێتی ئەشورانسەوە بایەخی زیاتر بە پرۆژەكانی بیناسازی بدەن؟

سەرۆکی حکوومەت: لە ڕووی ستانداردەوە داوامان لە وەزارەتەكان و پسپۆڕەكانی خۆمان كردووە كە ئەو ستانداردانەی لە جیهاندا ڕێگەپێدراون، تەنیا ئەوانە لێرە بەركار بن و دەبێ بەو جۆرە كار بكرێ. تیمی بەدواداچوون و كوالێتیی كۆنتڕۆڵیشمان هەیە كە لە چەند قۆناغێكە، لە ئاستی وەزارەت هەیە، خۆشم لە ئاستی ئۆفیسی خۆم خەڵكمان هەیە كە بەردەوام دەبێ بەدواداچوون بكەن بۆ ئەوەی بزانن كە ئەو كوالێتییەی بەڵێن دراوە، ئایا جێبەجێ كراوە یان نا؟ ئینجا ئەمە لە خودی كەرەستەكە و لە ئەندازیاریی بیناكە و لە هەموویدا دەبێ رەنگ بداتەوە. ئەگەر ستیلە یان هەر جۆرە مەوادێك كە بەكار دێت، دەبێ لە كوالێتی دەرچووبێت. هیوادارم كەسێك نەبێت كە بیر لە شتی تر بكاتەوە، چونكە ئەگەر خوانەخواستە فێڵ لەم جۆرە شتانەدا بكرێ، بێگومان بەدواداچوونی یاسایی بەرامبەر بەو كەسانە دەكرێ. هاووڵاتییەك بێ بیەوێ بچێ لە باڵاخانەیەك یەكەیەكی نیشتەجێبوون بكڕێ یان لە هەر شوێنێك، پێویستە ئەمەمان لەبەرچاو بێ كە دڵنیا بێ لەوەی كە سەلامەتە.

*بەڵام باسی بابەتی نرخمان كرد، لە ئابووریدا زۆرجار نرخ و كوالێتی بەیەكەوە بەستراوەتەوە. باسی هەندێك پرۆژەتان كرد بۆ كەمدەرامەتان یان كەمئەندامان كە ئەمە جێی دەستخۆشییە بەڕاستی، ئێستا هاووڵاتی ئەو پرسیارەی لا دروست دەبێ، ئەگەر نرخێكی كەم بە یەكەیەكی نیشتەجێبوون بدات، كاریگەری لەسەر كوالێتییەكەی نابێت؟ ئایا حكوومەتی هەرێم چی دەكات بۆ ئەوەی نرخ و كوالێتی هاوتەریب بن؟

سەرۆکی حکوومەت: نەخێر كاریگەری لەسەر كوالێتی نییە، مینیمەم ریكوایەرمێنت ) کەمترین پێداویستییەکان) هەیە، واتە بۆ ئەوەی باشترین سەلامەتی بە كەمترین نرخ چییە، ئەمە وەكوو ستاندارد حیساب دەكرێ، دوای ئەوە ئەگەر تۆ بتەوێ شتی لەمە زیاتر بكەیت لە رووی نما بێت، لە ڕووی سیما و دیمەنەكە و زیاد كردنی هەندێك بابەت بێت، ئەمە بەینی خاوەن ماڵەكە و بەڵێندەرەكەیە كە چۆن دەتوانن ئەم ڕێككەوتنە بكەن، بەڵام ستانداردێكی مینیمەم هەیە كە لەمە كەمتر نابێت، ئیتر نرخەكەی لەمە كەمتر دانابەزێ، نابێ هەر كەسێك بێ بە كەیفی خۆی بڵێ نرخ دادەبەزێنم بەڵام كوالێتییەكی یەكجار خراپ كە ساڵێك دەوام نەكات و دوایی تێك بچێ، بەداخەوە بینیومانە هەندێك لە قوتابخانەكان ساڵێك دەوامیان نەكردووە و دوایی تێكچوون، ئەمە زیانەكەی هەم بۆ حكومەت و هەم بۆ هاووڵاتی دەگەڕێتەوە، نەك جارێك بەڵكوو دوو جار و سێ جار دەبێ هەمان نرخ جارێكیتر لە نۆژەنكردنەوەی بدەنەوە، بۆیە ئەو ستانداردە مەقبولەی بەپێی ستانداردی جیهانی هەیە، دەبێ لە رووی كوالێتییەوە لەوە كەمتر نەبێت.

*حكوومەتی هەرێم چی كردووە تاوەكوو كۆمپانیاكانی كەرتی پیشەسازی بەپێی ستانداردە جیهانییەكان كار بكەن لە رووی تەندروستی و سەلامەتی و كوالێتیی ئەشورانس وەكوو باسمان كرد، بۆ ئەوەی كرێكار تووشی مەترسی نەبێت؟

سەرۆکی حکوومەت: كە پرۆژەیەك پێشكەش دەكرێ، لێژنەی پسپۆڕ هەیە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان دەبێت مۆڵەت وەربگرن، ئەمانە پێداچوونەوەی تەندروستی و سەلامەتیی بیناكە دەكەن، ئەو پێداویستییانەی كە هاووڵاتیی پێویستە هەیبێت، ئاو و ئاوەڕۆیە و ئاوی خاوێنە و بابەتی سەوزاییە، ئەوانە هەمووی بڕگە بە بڕگەیە كە دەبێ پێداچوونەوەی پێدا بكرێ و رەزامەندیی سەرەتایی لە دەستەی ژینگە و وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆ وەربگرێ، هەموو ئەمانە دەبێ ڕەزامەندی دەرببڕن، كە ئەم پلانە ئامادە بوو ئەوكاتە مۆڵەتی بیناكردن یان دروستكردنی باڵاخانەكە دەدرێت.

* یەكێك لە دیدگاكانی كابینەی نۆیەم، بریتی بوو لە ریفۆرم كە لەنێویدا هەمەچەشنكردنی كەرتەكانی ئابووری بوو، دیدگای كابینەكەتان چۆنە لەسەر كەرتی ئاوەدانكردنەوە؟

سەرۆکی حکوومەت: پێش هەموو شتێك ئێمە دەبێ داتای خەڵكی خۆمان هەبێ بۆ ئەوەی بزانین دانیشتووانی هەرێمی كوردستان چەندن، ئەو داتایانە ئەوە دیاری دەكات لە پلاندانانی حكومەتدا كە ئێمە پێویستیمان بە چەند یەكەی نیشتەجێبوونە. لە هەمان كاتدا ئێمە بیرمان لەوە كردۆتەوە كە پەرە بە كەرتی گەشتوگوزاری لە هەرێمی كوردستان بدەین، كەواتە چەندین كۆمەڵگەی گەشتوگوزاری پێویستن کە دروست بكرێن تاوەكوو خەڵك بتوانێ بێ سەردانی ئێرە بكات، چونكە ئەمە هەمووی هاوكار دەبێ بۆ بووژانەوەی ئابووریی كوردستان و هێنانی خەڵكی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، یانی تەنیا بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان نەبێت، ئەمانەش میوانخانەیە، یان هۆتێلە، یان هەتا ڤێلا و خانوو و یەكەی نیشتەجێبوونە كە بە كرێ دەدرێن بەو كەسانەی لە دەرەوە دێن. ئەمانە هەمووی بەپێی پێوەرێكی زانستی دیراسە كراوە و خوێندنەوەی بۆ كراوە كە ئێمە بە چ شێوەیەك بتوانین پەرە بە شارستانیەت یان بە شێوازی دروستكردنی باڵاخانەكان بدەین و لە كوێ؟ جگە لەمانە، ژمارەی دانیشتوان چ ناوخۆ و چ میوان كە دێن و سەردان دەكەن، پێویستیی تریان هەیە، بۆ نموونە پێویستیان بە قوتابخانە و نەخۆشخانە زیاتر دەبێ، بەپێی ڕێژە دەبێ ئەم كارە خزمەتگوزارییانەش لەگەڵی زیاد بكرێ، چونكە خوانەخواستە ئەگەر لە لایەكەوە تۆ بتەوێ شتێك پەرەپێبدەی، لە لایەكی ترەوە تووشی كێشە و گرفت دەبیت، ئەمە هەمووی خوێندنەوەیەكی زانستی دەوێ كە هەموو وەزارەتەكان پێویستە بەیەكەوە ئیش بكەن تاوەكوو بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەوە بدەن كە بە چ شێوازێك ئێمە پەرە بە گەورەبوونی شارەكان بدەین.

*تا چەند توانیوتانە سەرنجی وەبەرهێنەری بیانی رابكێشن بۆ ئەوەی لە بواری بیناسازیدا لە هەرێمی كوردستان كار بكەن؟

سەرۆکی حکوومەت: یەكێك لە هەنگاوەكان ئەم جۆرە پێشانگایانەیە، ئەوەی كە بیستم زۆربەی بەشداربووانی ئەم پێشانگایانە كۆمپانیاكانی بیانین، كۆمپانیای ناوخۆییش زۆرن كە هەندێكیان بەشدارییان كردووە و هەندێكیان بەشدار نەبوون، بەڵام بەشداریكردنی كۆمپانیای بیانی لە ڕووی وەبەرهێنان لە كوردستان پێموایە ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت، ئەمەش لەسەر خواستە، خواستی هاووڵاتی و خواستی كۆمەڵگە كە بە چ جۆرە كەرەستە و ستایلێك، ئەمە وادەكات لە بازاڕێكی ئازاددا بازاڕ خۆی تەحەكوم دەكات و كۆمپانیاكان خۆیان بەدوای هەلی كار دەگەڕێن، لە هەر شوێنێك هەلی كار زۆر بێت كۆمپانیاكان بۆی دەچن، بۆیە كوردستان پێویستە ئەم شوێنە بێت كە كۆمپانیای بیانی یان وەبەرهێنەری بیانی رابكێشێت و بێنە ئێرە. بەڵام ئەوەی لای ئێمە گرنگە و ئێمە دەمانەوێ ئەو جۆرە كۆمپانیایانە رابكێشین كە لەگەڵ ئەو ستاندارد و كوالێتییانەی قەبووڵكراون لە هەرێمی كوردستان بگونجێن.

*واتە ئێستا ئامانجتان ئەوەیە زیاتر بایەخ بە كوالێتییەوە بدەن؟

سەرۆکی حکوومەت: هەم كوالێتی و هەم سیما، چونكە بێگومان ئێمە دەمانەوێ شارەكانمان جوانتر بن و لە ڕووی سەوزاییەوە زیاتر سەوز بن، تەنانەت شێوازی ستراكچەری بیناكان بە شێوەیەكی سەرنجڕاكێش بێت، چونكە شتەكە هەر دەكرێت، بۆچی بە شێوەیەك نەبێت كە خەڵك بینی، چێژی لێ ببینێت.

*واتە ئێمە ئەو قۆناغەمان تێپەڕاند كە تەنیا باڵاخانەی بەرزمان هەبێت؟

سەرۆکی حکوومەت: بێگومان، ئەمەمان تێپەڕاندووە، لەمەودوا خۆم زۆر گرنگی بەوە دەدەم لەگەڵ وەزیرە پەیوەندیدارەكان كە قسە دەكەین، پرۆژەیەك كە دێت ئێمە تەئكید لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە پرۆژەكە دەبێ قەبووڵكراو بێ و شارەكە جوانتر بكات، خەڵك دێ بە شێوەیەك سەرنجی خەڵكەكە ڕابكێشێ. ئێمە هەنگاوێكی تریش چووینەتە پێشەوە، هەتا بیرمان لەوە كردۆتەوە كە ئێمە چۆن گەڕەك گەڕەك یان ئەو كۆمەڵگایانەی كە دەمانەوێ دروست بكرێن، بە شێوەیەكی گشتی ماستەرپلانیان بۆ بكرێ و لەو ماستەرپلانە ئەوە دیاری بكرێ لە كوێ بۆ بازرگانی بەكار دێ؟ لە كوێ بۆ یەكەی نیشتەجێبوون بەكار دێ؟ یەكەكانی خزمەتگوزاریی وەكوو نەخۆشخانەیە و قوتابخانە و ئەم جۆرە شتانە لە كوێ جێگیر بن؟ تەنانەت بابەتی ترافیك و ئەوانە هەمووی لەبەرچاو بگیرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان پاشی چەند ساڵێكی تر بۆ نموونە 10 ساڵی تر تووشی كێشە و گرفت نەبنەوە.

*وڵاتانی كەنداو كە بەڕێزتان پەیوەندییەكی یەكجار باشتان لەگەڵیاندا هەیە، لە ماوەی رابردوودا لە ڕووی ئاوەدانكردنەوەوە گەشەیەكی یەكجار باشیان بەخۆیانەوە بینیوە، ئایا پلانتان چییە كە سوود لە ئەزموونی ئەوان وەربگرین؟

سەرۆکی حکوومەت: ئێمە بینیومانە لە وڵاتانی كەنداو و لە توركیا و لە دەوروبەر كە دەبینین پێشكەوتنێكی جۆری لە ڕووی بیناسازی، لە ڕووی پێشكەوتنی شارستانی كراوە، ئێمە دەتوانین سوود لەو ئەزموونانە وەربگرین و كردوومانە. وڵاتانی تری وەكوو ئەورووپا كە مێژووێكی درێژتریان هەیە، ستایلی جیاوازتریان هەیە، هەتا ئەمە زیاتر دەمێنێتەوە سەر خواستی كەسەكان كە ئایا دەیانەوێ بە چ جۆرە ستایلێك كارەكانی خۆیان بەڕێوە ببەن. بەڵام سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئەوانە ئێمە سوودمان وەرگرتووە و بەردەوامیشین. هەتا وەبەرهێنەری خۆمان هەبووە كە وەبەرهێنانیان لە وڵاتانی تردا كردووە، چونكە توانیویانە پەیوەندییەكی جۆری لەگەڵ كۆمپانیاكان دروست بكەن كە وەبەرهێنەری ئێمە لەوێ شت دروست بكات و وەبەرهێنەری بیانی بێنێتە كوردستان، ئەم پەیوەندییە دووقۆڵییە بێگومان دەتوانێ لە ڕووی كوالێتی و پەیوەندیی كۆمەڵایەتی و هەتا كاریگەریی لەسەر پەیوەندیی ئابووری و سیاسیش زیاتر دەبێت زیاتر بكات، ئێمە پشتیوانی ئەم جۆرە پەیوەندیدارەین و هیوادارم بتوانین زیاتریش وەبەرهێنەری بیانی بەرەو كوردستان رابكێشین.

*پلانی حكوومەت چییە بۆ پاڵپشتیكردنی وەبەرهێنی ناوخۆ؟ هەم بۆ ئەوەی سەرمایەكانیان لەناو كوردستان بخەنە گەڕ، هەم بۆ ئەوەی لە دەرەوە پرۆژەكانیان ئەنجام نەدەن و لە ڕووی ئابوورییەوە ئەم پارەیە بۆ هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە؟

سەرۆکی حکوومەت: خۆی كە دەڵێی وەبەرهێنەر یان وەبەرهێنان، ئەمە جیاوازە لەوەی بەڵێندەر بێ، وەبەرهێنەر بە سەرمایەیەك دێ وەبەرهێنان لە پرۆژەیەكدا دەكات، ئێمە هەموو جۆرە پشتیوانی و هاوكارییەك دەكەین بۆ ئەوەی وەبەرهێنەری ناوخۆ یان بیانی لە كوردستان بتوانێ سوود لەو یاسا یان هەمواركردنی ئەو یاسانە وەربگرێ كە هەرێمی كوردستان کردوویەتی، ئەوەش زیاتر بۆ ئەوەیە كە ئێمە بتوانین جووڵەی بازرگانی لە كوردستان زیاتر بكەین، پێویستیی خەڵكی خۆمان وا لێ بكەین كە لەسەر حیسابی زیادبوونی نرخ نەبێ. چونكە هەتا دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوونی زۆر كارێكی وای كردووە كە نرخ دابەزێت، واتە ئەوە نەبێ شتەكان خواستێكی زۆریان لەسەر بێ و شتەكان لەو نەبن، بۆیە ئێمە یارمەتیی وەبەرهێنەرەكان دەدەین لە ڕووی هەندێكجار لێخۆشبوونی گومرگی و بابەتی باجە، ئەوانە هەمووی لە یاساكاندا هاتوون كە من ناتوانم ئێستا یەكە یەكە خاڵەكان باس بكەم بەڵام ئەو كەسەی كە گرنگی بە بابەتەكان دەدات، دەتوانێت سەیری یاساكان بكات و لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان قسە بكات و بزانێت ئەو ئاسانكارییانەی كە حكوومەت كردوویەتی، چین؟ تاوەكوو بتوانێ سوودی زیاتری لێ وەربگرێت.

*زۆرجار لە لایەن هاووڵاتییانەوە گازاندەی ئەوە دەكرێ كە بەشێك لە وەبەرهێنەرە بیانییەكان پشت بە دەستی كاری ناوخۆ نابەستن، بۆچوونی تۆ لەسەر ئەم بابەتە چییە؟

سەرۆکی حکوومەت: پێموایە ئەمە شتێكی ڕەها نییە بڵێی هەمووی وایە و هەمووی وا نییە، بەڵام بەشێكی لەوانەیە وابێت و بەشێكیشی لەوانەیە وانەبێ. جارێ هەندێك لە كارەكان پێویستییان بە خەڵكی پسپۆڕە، ئایا ئێمە ئەم جۆرە پسپۆڕییەمان هەیە یان نا؟ ئەگەر نەمانبێت، ئێمە ناتوانیت ڕێگری لە هێنانی پسپۆڕی بیانی بكەین تاوەكوو شتەكان وەكوو خۆی بەڕێوە بچن. هەندێكجاریش دەبینین خەڵكی ئێمە لەوانەیە خۆی رەغبەتی هەندێك جۆرە كاری نەبێت. كە كرێكاری بیانی دێتە ئێرە، لەبەر ئەوە نییە چونكە لێرە ئیش نەبووە، ئەگەر ئیش نەبووە ئەی چۆن كرێكاری بیانی دێتە ئێرە؟ بەڵام كە كرێكاری بیانی دێتە ئێرە، دیارە خەڵكی ئێمە یان رەغبەتی نەبووە ئەم جۆرە ئیشە بكات یان پسپۆڕی نەبووە، ئەگەر رەغبەتی نەبێت ئەمە كێشەیە، دەبێ خەڵكی ئێمە فێری ئەوە بێت چۆن ئیش بكات، بەڵام ئەگەر پسپۆڕی نەبێت، ئەوە ئاسانە. چونكە ئێمە داوامان لە هەموو ئەو كۆمپانیایانە كردووە كە لە كوردستان ئیش دەكەن، دەبێ ڕێژەی 70٪ كرێكاری خۆماڵیی كوردستان بەكار بێنن، هەروەها ئەو شوێنانەی كە پێویستییان بە پسپۆڕی هەیە، لەم ماوەیە راهێنان بكەن بۆ ئەوەی خەڵكی ئێمە فێری ئەم جۆرە پسپۆڕییەش ببێت. كەواتە زۆری دەكەوێتە سەر كرێكارەكە خۆی، ئایا دەتوانێت ئەم ئیشە بكات؟ ئایا رەغبەتی ئەم ئیشەی هەیە یان نا؟

*یەكێك لەو كارانەی كە لە كابینەكەی بەڕێزت سەرنجتان لەسەری بوو، چالاككردنی ئەو پرۆژانە بوو كە ماوەیەك بوو وەستابوون، بۆیە بەشێك لەو پرۆژانەی كە راگیرابوون، ئێستا دەست بەكار بوونەتەوە، لە ڕووی خێرایی پرۆژەكانەوە، زۆرجار پرۆژەیەك كە ئەنجام دەدرێ، زیاتر لەو ماوەیەی كە پێویستیەتی دەخایەنێت، پلانتان چییە لەم ڕووەوە؟

سەرۆکی حکوومەت: ئەم بابەتە چەند رەهەندێكی هەیە، یەكێكی ئابوورییە و ئەوەی تر كۆمەڵایەتییە. ئابوورییەكەی ئەوەیە كە خەڵكێكی زۆر لەوانەیە ئەم پرۆژانە وەستاون، جووڵەی بازرگانی نامێنێ و بەڵێندەر ناتوانێ كاری خۆی بكات. بابەتە كۆمەڵایەتییەكەش ئەوەیە كە بەشێك لەم یەكە نیشتەجێبوونانە یان ئەم پرۆژانە پێشتر فرۆشراون، بەڵام تەواو نەبوون، كەواتە كێشەیەكی كۆمەڵایەتی لەنێوان خەڵك خۆی دروست بووە كە چەند دەست ئەم پرۆژانە فرۆشراون.
بۆیە ئێمە جەختێكی زۆرمان كردۆتەوە كە ئەم شتانە دەبێ كۆتایی پێ بێ، جارێ هەر كەسێك موڵكێكی كڕیوە و پێی فرۆشراوە، دەبێ حەقەكەی پێ بدرێ یانیش قەرەبوو بكرێتەوە ئەگەر بزانین هیچ چارەسەرێك نییە. ئەوەی تریش ئەوەیە كە پرۆژەی وەبەرهێنان كە وەرگیرا، هەندێك مواسەفات هەیە دەبێ وەبەرهێنەرەكە خۆی ئەم شتانە لەبەرچاو بگرێت، تۆ ناتوانی بچیت زەوییەك داگیر بكەیت، بە نرخێك داوات كردبێ، دواتر پێت جێبەجێ نەكرێ. لە كاتێكدا یەكێكی تر دەیتوانی بە جیاوازییەكی زۆر كەمتر ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بكات. بەڵام تۆ كە وەرت گرتووە، ئەمە لەسەر چ بنەمایەك ئەم پرۆژە و گرێبەستانە كراون، هەمووی پێداچوونەوەی پێدا دەكرێت، ئەو پڕۆژانەی تەواو بوون دەستخۆشییان لێ دەكەین، ئەوەی تەواو نەبووە، دەبێ بێت بۆمان دیاری بكات، كارمان لەسەر ئەوە كردووە، لەسەر چ بنەمایەك داوای پرۆژەیەكی كردووە كە ناتوانێ جێبەجێی بكات؟ ئەی بۆ مافی كەسێكی تری بردووە؟ یان بۆ ئەم زەوییەی خەسار كردووە؟ ئێمە هەندێك ڕێنمایی نوێمان هەیە بۆ ئەوەی چۆن لەگەڵ ئەم بابەتانە مامەڵە بكرێت؟ هەتا بە خەساردانی زەوی بۆ نموونە، زەوی هەیە نرخێكی زۆری هەیە، بڵێین ملیۆنێك دۆلار نرخی زەوییەكەیە، بەڵام شتێكی بچووكیان لەسەر دروست كردووە بە 100 هەزار دۆلار، گوناحە تۆ ئەم زەوییە خەسار بكەی بە شتێكی وا، بۆیە ئێمە لە ڕێنماییە نوێیەكان داوامان كردووە كە هەر زەوییەك بۆ وەبەرهێنان بەكار دێت، پێویستە سێ هێندەی نرخی زەوییەكە كاری تێدا بكرێ و شتی لەسەر دروست بكرێ. بۆیە ئەم ڕێنماییانە هەن و وەزارەتەكان دەزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەوانە بكەن. زۆر لەو پرۆژانە جارێكی تر كارا كراونەتەوە یان دراونەتە خەڵكی تر، بابەتەكان بە ڕێگەی یاسایی كاریان لەسەر كراوە.

*ئەگەر سەیری كەرتی ئاوەدانكردنەوە و بیناسازی بكەین، زۆر ڕەهەند لەخۆی دەگرێ، تەنیا بریتیی نییە لە خانوو و شووققە، بەڵكوو پرد و بەنداو و زۆر بواری تر، بە بۆچوونی بەڕێزتان ئێستا كوردستان پێویستی بە كام بوارە تاوەكوو پێش بكەوێت؟

سەرۆکی حکوومەت: لە ڕووی بیناسازی ئەگەر بڵێی كوردستان پێش هەموو شتێك ئێمە پێویستیمان بەوەیە زیاتر وەبەرهێنان لە زانست و خودی مرۆڤدا بكەین، كە چۆن بتوانین ئاستی خۆمان بەرز بكەینەوە، ئەمە لە هەموو شتێك گرنگترە، كە دێتە سەر بابەتی بیناسازی یان باڵاخانە و ژێرخانی ئابووری، ڕێگەوبان زۆر زۆر گرنگە كە پێموایە هەستیشتان پێكردووە گرنگییەكی زۆر بە ڕێگەوبان دراوە، كوالێتیی ڕێگەوبانەكانی كوردستان ئێستا جیاوازییەكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، زۆر زۆر باشترە لەوەی كە پێشووتر هەبووە، شارەزاییەكی ناوخۆیی و پسپۆڕی ناوخۆیی پێگەیشتووە كە دەتوانێ ئەم جۆرە ئیشانە بكات، بەبێ ئەوەی ئێمە مەجبوور بین خەڵك لە دەرەوە بهێنین، چ لە ڕووی ئەندازیارییەوە چ لە ڕووی جێبەجێكردنی پرۆژەكانەوە. لە زۆر رووەوە ژێرخانی ئابووری گرنگە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین پێداویستییەكانی خەڵك یان ئەو بابەتە خزمەتگوزارییەی كە لە سەرەتای قسەكانمدا باسم كرد، بتوانین پێشكەشی خەڵكی بكەین.
لەسەر ئەوە دەمێنێتەوە كە ئێمە دەمانەوێ بەرەو كوێ بچین، ئەگەر ئێمە دەمانەوێ گرنگی بە كەرتی گەشتوگوزاری بدەین، بێگومان ئێمە نوقسانیمان لەو كەرتە هەیە، وەكوو هۆتێلە یان زۆر شوێنی سەرنجڕاكێش هەیە كە لەوانەیە وەكوو پێویست كاری تێدا نەكرابێت. ئێمە ئامانجمانە و بەرنامەمان هەیە لەم حكوومەتە كە گرنگی بە دروستكردنی شوێنی وا بدەین كە هەتا جۆری گەشتیارەكانی دێنە كوردستان دەستنیشان بكەین. ئەوە نەبێت تەنیا گەشتیار بێتە ئێرە و تەنیا بۆ دیتن بێ، بەڵكوو بێ و بتوانێ یارمەتیی ئابووریی هەرێمی كوردستان و خەڵكی هەرێمی كوردستانیش بدات. ئینجا لەسەر ئەوە و چەندین بابەت كار كراوە كە ئێمە دەمانەوێ بەرەوكوێ بچین و گەشتوگوزاری چی لێ بكەین؟ هەتا لە هەندێك شوێن ئێمە دەبینین پێویستیی خەڵكی ئێمە لەوانەیە لە شوێنێك زیاتر بە سەنتەرێكی تەندروستی و نەخۆشخانەیەك بێ. دوێنێ بۆ نموونە كە سەردانی ئاكرێم كرد، باسی ئەوەیان دەكرد كە پێویستییان بە سەنتەری دڵ هەیە، بۆ نموونە، چونكە ناتوانن لەوێ تاوەكوو دێنە هەولێر یان دەچن بۆ دهۆك، كاتێكی زۆری دەوێ. لەوێ نەخۆشخانە كراوە، بەڵام ئەم جۆرە پێویستییانە كە خەڵك هەیەتی، بۆ ئەوەی كارئاسانیی بكەین بۆ خەڵك، چونكە بە لای من و ئەم كابینەیەوە، خەڵك خۆی سەنتەر و میحوەری ئەساسییە، ئینجا هەر شتێك ئێمە بتوانین خزمەتی خەڵكەكەمانی پێ بكەین لە ڕووی ژێرخانی ئابووری بێ، دابینكردنی پێداویستییەكان و چ جۆرە باڵاخانە و خزمەتگوزارییەك بێ، ئێمە تەركیزمان لەسەر ئەوە دەبێ كە ئەم كارە خزمەتگوزارییانە زیاتر بكەین.

*شاری هەولێر لە ماوەكانی رابردوودا بۆتە جێگەی كۆكردنەوەی بەشێك لە بزنسمانەكان لە سەرانسەری عێراق، بۆ ئێمە جێی سەرسوڕمان بوو كە هەفتەی رابردوو لە قەتەڕ لە كۆنگرەی كۆمەڵگەی جیهانیی ڕێكخەری پێشانگاكان، پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر لە 10 باشترین پێشانگاكان بوون، هەڵبەت لەنێو پێشەنگاكاندا وڵاتانی ئەمریكا و ئیمارات و سعودیە و سەرەنجام وڵاتانی تر هەن. هەر لەنێو كۆنگرەكەشدا ئەو پێشكەوتنانە بۆ هەوڵی بەڕێزتان و كابینەكەتان دەگەڕێننەوە، پلانتان هەیە كە ئەم جۆرە پێشانگایانە زیاتر بكەن و كاریگەریشی لەسەر كەرتی ئابووریی هەرێمی كوردستان باشتر بكەن؟

سەرۆکی حکوومەت: بێگومان ئێمە ئەوەی پێمان كراوە، پشتگیریمان كردووە و بەردەوامیش دەبین. من دەستخۆشی لە ڕێكخەرانی ئەم پێشانگایانە دەكەم كە توانیویانە ئاستی كوردستان بگەیەننە ئەم ئاستە بەرزە كە دانی پێدا بنرێ و خەڵكێكی زۆر لە كۆمپانیاكانی بیانی لە هەموو شوێنەكانی تری دونیا چاویان لەوە بێ بتوانن بێن بەشدار بن لە هەرێمی كوردستان. ساڵ بە ساڵیش هیوادارم ئەم پێشانگایانە فراوانتر و گەورەتر بكرێن و كۆمپانیای زیاتریش بەشداریی تێدا بكەن.ئەمە وادەكات تێكەڵبوونێكیش دروست بكرێت، هەم لە ڕووی جۆری و هەم لە ڕووی پەیوەندیی ئابووریی نێوان وڵاتان، هاوكارییەكی زیاتری دوولایەنە دەبێت لە نێوان كۆمپانیاكان و خەڵكی كوردستان. بۆیە من جارێكی تر دەستخۆشیتان لێ دەكەم و هیوادارم سەركەوتوو بن.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi