20 ساڵ بسەر ژ ناڤچوونا ڕژێما بەعسدا دهرباز بوون
هەولێر -KDP.info-
ئەمڕۆ 9/4/2023 ڕێک 20 ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعسدا تێپەڕ دەبێت کە لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا گەلی کورد و عێراق لەژێر زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعس ڕزگار کرا، سیاسەتمەدارێکی کوردیش دەڵێت، کورد ڕۆڵێکی گەورەی لە ڕزگارکردنی عێراق هەبوو و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هەموو هێزە سیاسییەکان لە عێراق یەکگرتوو بن و کێشەکان لەگەڵ کورد چارەسەر بکەن و پشتگیری لە حکوومەتی تازەی عێراق بکەن بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵکی بکات.
سیاسەتمەداری کورد، دکتۆر مەحموود عوسمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەمڕۆ 20 ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعس تێپەڕ دەبێت کە عێراق لە ژێردەستی و زوڵم و زۆرداری ڕزگار کرا و ئەوە کارێکی زۆر باش بوو، بەتایبەت بۆ کورد کە ئەو ڕژێمە ئەنفال و کیمیابارانی دژی هەرێمی کوردستان ئەنجام دا، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئەمەریکا حوکمی عێراقی کرد و خۆی وەکوو داگیرکەر نیشان دا لەبەر ئەوە خەڵک بوونە دژی، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا نە ئەمەریکا و هێزە عێراقییەکانیش وەکوو پێویست نەیانتوانیوە خزمەتی خەڵکی عێراق بکەن، بۆیە خەڵک ناڕازییە و کێشە زۆر بووە.
دکتۆر مەحمود عوسمان گوتیشی: بەنیسبەت کوردیش جیاوازە تا ڕادەیەکی باش بەراورد بە عێراقی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بۆیە پێویستە لە عێراق زیاتر خزمەتی خەڵک بکرێت.
عوسمان ڕوونیشی کردەوە: هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی باشی هەبوو لە ڕزگارکردنی عێراق لەدەستی ڕژێمی بەعسی ڕوخاو و بەشدار بوو لە شەڕی ڕزگارکردنیشی، بۆیە ڕووخانی ڕژێمی بەعس باش بوو، بەڵام دوای ڕووخان تا ئێستا عێراق سەقامگیر نەبووە و کێشە و گرفتی زۆر بوو.
گوتیشی: کورد نەک تەنها ڕۆڵی هەبوو، بگرە هێزیشی لە شەڕی ڕزگارکردنی ڕووخانی ڕژێمی بەعس بەشدار بوون.
ئەو سیاسەتمەدارە ڕایشیگەیاند، لەم یادەدا پێویستە هێزە عێراقییەکان یەکگرتوو بن و لەگەڵ کوردیش کێشەکان چارەسەر بکەن و هەمووان پێکەوە پشتگیری لە حکوومەتی سوودانی بکەن و کەسێکی باشە و دەتوانی کاری باش بۆ عێراق بکات، بۆیە گرنگە هەمووان پشتگیریی حکوومەتی تازەی عێراق بکەن .
هەر دوێنێ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا بەشداریی لە ڕێوڕەسمی چل و سێیەمین ساڵیادی شەهیدکردنی سەید محەمەد باقر سەدر کرد و ئاماژەی بە ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی بەعس کرد و گوتی: هەموومان لەم ڕێوڕەسمەدا پێکەوە یادی تاوانێکی گەورەی ڕژێمی پێشووی بەعس دەکەینەوە بەرامبەر ڕابەرێکی گەورەی مقاوەمە و زانایەکی گەورەی جیهانی ئیسلامی کە ئەویش شەهید سەید محەمەد باقر سەدرە، هەروەها بەرامبەر خوشکەکەی، شەهید ئامینە سەدر کە بە بنتالهدى بەناوبانگە و ٤٣ ساڵ بەسەر ئەم تاوانە گەورەیەدا تێ دەپەڕێت، ڕێزگرتنی خۆمان لە یاد و گیانی هەردوو شەهید، بە بەڕێز نووری مالیکی، ئەمینداری گشتی و هەموو جەماوەری حزبی دەعوە و بنەماڵەی گەورە و بەڕێزی سەدر و هەموو گەلی عێراق ڕادەگەیهنین.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد: ئەوە پەندێکی خوای گەورە و مێژووییە کە دەبینین لەو ڕۆژەی ڕژێم ئەو زانایەی شەهید کرد، لە هەمان ڕۆژیشدا دوای ٢٣ ساڵ، ئەو ڕژێمە خۆی تێک شکێندرا و ڕووخا.