پارتی و ئێكهتى چەند گۆهۆرينان د پۆستێن حکومی دا دکەن
K24 – هەولێر
پرسی گۆڕانكارییەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بابەتی سەرەكی گفتوگۆی نێوان پارتی و یەكێتین، هەردوولا سیڤی وەزیرەكانیان داوەتە سەرۆكی حكومەت و رەوانەی پەرلەمانی كوردستان کراون، بۆ ئەوەی پەرلەمان متمانە بە كاندیدەكان بدات، فراكسیۆنەكانیش داوا دەكەن گۆڕانكارییەكانی حكومەت و پەرلەمان بكرێنە یەك پاكێج و پێكەوە دەنگیان لەسەر بدرێت.
پارتی و یەکێتی، ناوی کاندیدەكانیان بۆ وەزارەتەكانی پێشمەرگە، ئەوقاف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانووستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، داوەتە سەرۆکی حکومەت و سیڤیەکانیان گەیشتووەتە پەرلەمان، بڕیارە لەم نزیکانە پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کاندیدەکان کۆببێتەوە.
لەوبارەوە سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: “یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشنیازی خۆیان ئاراستەی سەرۆکی حکومەت کردووە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سیڤی وەزیرەکانی رەوانەی پەرلەمان کردووە، بۆ ئەوەی لەوێ پەسند بکرێن”.
سەبارەت بە بریکاری وەزیرەکان، گوتی: “بریکارەکانی پارتی و یەکێتی کە دەستبەکار دەبن، پێویست بەو رێکارانە ناکات لە پەرلەمان، تەنیا پێویستی بە فەرمانێکە لە سەرۆکایەتی هەرێم بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران”.
پەرلەمانی كوردستان لە پشووی یاسادانانە، چاورێی رێککەوتنی کۆتایی پارتی و یەکێتی دەکات، بە گەشتنە رێککەوتن پەرلەمان كاتی کۆبوونەوەی متمانەدان بە کاندیدەکان رادەگەیەنێت، فراکسیۆنەکانەكانیش داوا دەکەن گۆڕانکارییەکانی حکومەت و پەرلەمان پێکەوە بکرێن.
محەممەد سەعدەدین، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی دەڵێت: “بۆ دەنگدان لەسەر کاندیدەکان، پێویستە رێککەوتنی پێشوەختە لەنێوان لایەنەکان هەبێت، چونکە لە هەموو پرسەکان لایەنەکان رێککەوتن دەکەن دواتر پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدات، بۆ گۆڕانکاریش لەو پۆستانە پەرلەمان چاوەڕێی رێککەوتنی لایەنەکانە”.