شوبات 02, 2023

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

به‌لاڤكرنا گازا سپى ل كه‌مپان دێ ده‌ست پێ كه‌ت

به‌لاڤكرنا گازا سپى ل كه‌مپان دێ ده‌ست پێ كه‌ت

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەستی بە دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر کەمپەکاندا کرد و بڕیارە بە دوو قۆناخ 200 لیتر نەوت بدرێتە هەر خێزانێک. بەڕێوەبەری ناوەندەکە دەڵێت: “هەر خێزانێک لانیکەم پێویستی بە 400 لیتر نەوت دەبێت بۆ تێپەڕاندنی وەرزی سەرما”.

رۆژی پێنجشەممە 10-11-2022 حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “ئەم نەوتە لەسەر داوای وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لەلایەن حکومەتی عێراق دابینکراوە. پێشتر بە نووسراو داوامان پێشکێشکردبوو؛ سەرەتای ئەم هەفتەیەش لەگەڵ نوێنەرەکانیان کۆبووینەوە کە هاتبوونە هەرێمی کوردستان و جەختمان لەوە کردەوە کە پێویستە نەوت بەسەر هەموو ئاوارەکاندا دابەشبکرێت”.

بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەمڕۆ پێنجشەممەی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان، لە قۆناخی یەکەم 100 لیتر نەوت بەسەر خێزانەکاندا دابەشدەکرێت و لە قۆناخی دووەمیشدا 100 لیتری دیکە دەدرێتە خێزانە ئاوارەکانی نێو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان.

بەیانیی ئەمڕۆ دەستکرا بە دابەشکردنی نەوت بەسەر 34 هەزار و 946 خێزانی نێو کەمپەکان و ئەو خێزانە ئاوارانە ناگرێتەوە کە لە دەرەوەی کەمپەکانن. هەروەها پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستانیش لەم نەوتە بێبەش دەبن. حوسێن کەلاری دەڵێ: “پلانمان هەیە لە دوو هەفتەی داهاتوودا سەردانی بەغدا بکەین بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکەین. پێویستە لە دەرەوەی کەمپەکانیش نەوت دابەش بکرێت”.

ئاوارە و پەنابەرەکانی هەرێمی کوردستان ناتوانن لەو نەوتە سوودمەندبن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پارەیەکی کەم بەسەر هاونیشتمانییان دابەشی دەکات و وەکو بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان ئاماژەی پێدەدات: “ئەو نەوتەی لە هەرێمی کوردستان بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشدەکرێت، بەپێی پسووڵەی خۆراکە و هەر هاووڵاتییەک پسووڵەی خۆراکی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستانی هەبێت لەو نەوتە سوودمەند دەبێت”.

حوسێن کەلاری نایشارێتەوە کە ئەو بڕە نەوتەی بەسەر خێزانە ئاوارەکاندا دابەشدەکرێت، بڕەکەی کەمە و دەشڵێت: “بە هەردوو قۆناخ 200 لیتر نەوت دەدرێتە هەر خێزانێک، بەڵام هەر خێزانێک لانیکەم 400 لیتر نەوتی بۆ وەرزی سەرما پێویستە”.

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان دووپاتیدەکاتەوە کە: “لە سەردانەکەمان بۆ بەغدا لەسەر ئەو پرسە و زۆر بابەتی دیکەی پەیوەست بە ئاوارە و پەنابەران گفتوگۆ دەکەین. کۆمەڵێک پەنابەرمان لە هەرێمی کوردستان هەیە کە تائێستا حکومەتی عێراق هیچی بۆ نەکردوون”.

لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی سەرما کۆمەڵێک خێوەت لەنێو کەمپەکان کە بەهۆی خۆری هاوینەوە تێکچوون، پێویستییان بە گۆڕینە بۆ ئەوەی لە سەرمادا ئاوارەکان بتوانن لەناویاندا بژین. حوسێن کەلاری دەڵێت: “ئێمە بەپێی پێویست لە کۆگەی کەمپەکاندا خێوەتمان هەیە و لە هەر شوێنێک پێویست بکات خێوەتەکانیان بۆ دەگۆڕین. تاوەکو ئێستا هیچ پەنابەرێک لەناو کەمپەکان کێشەی خێوەتیان نییە”.

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi