ههموو جۆرێن گهنمێ ئيساله ب پلهيا ئێك دێ ئێنه وهرگرتن
K24- ههولێر:
ئەمڕۆ پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە پارێزگای هەولێر دەستیپێکرد، له یەکەم بارهەڵگریش دەرکەوت كه بەرهەمی گەنمی ئهمساڵ لە جۆرە باشەکەیە و کێشەی نییە، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی رایگەیاند، ئەمساڵ ههموو گەنمەکان بە پلە یەك وەردەگیرێن. لەبارەی شایستەی جوتیارانیش گوتی: ئەمساڵ خێراتر پارەی گهنمی جوتیاران دابەش دەکرێت و بڕێك پارەش بۆ دابەشکردن گەیشتووە.
بۆ ئهمساڵ نرخی هەر تۆنێك گهنم بە 850 هەزار دینار دیاریکراوە، جیاواز لە ساڵانی رابردوو، بۆ ئەمساڵ هیچ بڕ و کوالێتییەك لەسەر جوتیاران دیاری نەکراوە، بەڵکو هەرچەندی بەرهەمبهێنن هەر جۆرێك بێت لێیان دەکڕدرێتەوە.
ئەم هەفتەیە لەسەرانسەری کوردستان دەست بە وەرگرتنی گەنم دەکرێت، بۆ هەر ناوچەیەکیش چەند رۆژێك دیاریکراوە، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیش له وەزارەتی بازرگانی داوا لە جوتیاران دەکات، لە کاتی خۆی گەنمەکانیان رادەستی سایلۆکان بکەن. گوتیشی: بۆ ئەمساڵ هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق کراوە، بۆ ئەوەی بە خێرایی پارەکانیان دابەشبکرێت.
دەرهاویشتەکانی وشکەساڵی و جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا کاریگەری لەسەر دابینکردنی دانەوێڵە لە سەرانسەری جیهان هەبوو، چونکە ئەو دوو وڵاتە یەك لەسەر سێی دانەوێڵەی جیهان دابین دەکەن. بە مەبەستی سەقامگیرکردنی ئاسایشی خۆراك حکومەتی هەرێمی کورستانیش رێوشوێنی تایبەتی گرتووەتەبەر و دەیەوێت گەنمی جوتیاران بکڕێتەوە و بە خێرایی شایستەکانیشیان پێبدات، ئەو هەوڵەش لە پێناو هاوکاریکردنی جوتیاران و رێگریکردنە لە گرانبوونی نرخی نان لەسەر هاووڵاتییان.