ئایار 28, 2023

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

وەزارەتا چاندنێ: ئيساله‌ بەرهەمێ گەنمی ل هەرێما کوردستانێ 50٪ كێمكريه‌  

وەزارەتا چاندنێ: ئيساله‌ بەرهەمێ گەنمی ل هەرێما کوردستانێ 50٪ كێمكريه‌  

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن تۆن گەنم بەرهەمهاتووە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵی ئەو رێژەیە 50٪ کەمیکردووە و ئەو رێژەیەش بەشی پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ناکات.

رۆژی یەکشەممە 22-5-2022 رزگار محەممەد، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نوێنەری وەزیری کشتوکاڵ بەشداری لە بەرنامەی “لەگەڵ رەنج”ی رووداو کرد و رایگەیاند: “لەکۆی 16 ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان پێنج ملیۆن و 700 هەزار دۆنمی دێمییە و پشت بە باران دەبەستێت بۆ بەرهەمهێنان”

رزگار محەممەد گوتی: “یەک ملیۆن و 300 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان بەراون و بە بەردەوامی ساڵانە لە نێوان سێ ملیۆن تا سێ ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوی دێمی بە گەنم دەچێنرێت و 500 هەزار دۆنم زەوی بەراویش دەکرێت بە گەنم”.

بە گوتەی راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ: “ساڵانی رابردوو پێشبینی ئەوەمان دەکرد سەروو یەک ملیۆن تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان بەرهەمبێت و بەبازاڕکردنی گەنم بووە یەکێک لە ستراتیژەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ. بۆیە گرێبەستمان لەگەڵ دوو کۆمپانیای ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەوەی ئەو گەنمە لە جووتیاران بکڕنەوە کە ساڵانە لە سایلۆکان زیاددەبێت”.

وشکەساڵییەکەی گەرمیان کۆی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی فەوتاندووە و وەک رزگار محەممەد ئاماژەی بۆ دەکات: “بەپێی ئەو رووپێوییەی ئەمساڵ کردوومانە 187 هەزار دۆنم زەوی چێنراو لە گەرمیان بەهۆی وشکەساڵییەوە فەوتاوە و کۆی ئەو گەنمەی ساڵانە لەو ناوچەیە بەرهەم دەهات 30 هەزار تۆن بووە کە ئەمساڵ هەژماری فەوتانی بۆ کراوە”.

جووتیارانی دەشتی هەولێریش بێبەش نەبوونە لە زیانەکانی وشکەساڵی و بە گوتەی راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ: “لە ناوچەکانی دەشتی هەولێر بەشێک لە جووتیاران بەهۆی وشکەساڵییەوە گەنمەکانیان فەوتاوە و بەشێکیشیان زیانیان بەرکەوتووە، لەو شوێنانەی زیانیان بەرکەوتووە رێژەی 30٪ بۆ 50٪ی گەنمەکانیان فەوتاوە”.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، دۆخی سلێمانی جیا لە دوو ناوچەی چەمچەماڵ و دەربەندیخان باش بووە و راوێژکاری ئەو وەزارەتە دەڵێت: “لە چەمچەماڵ و دەربەندیخان بەهۆی کەمیی رێژەی بارانبارین بەشێکی زۆر لە بەرهەمەکانی جووتیاران لەو ناوچانە فەوتاوە، بەڵام لە ناوچەکانی دیکەی سنووری پارێزگای سلێمانی و راپەڕین و هەڵەبجە بەهۆی ئەوەی ناوچەی مسۆگەری باران بوون، ئەمساڵ بەرهەمێکی باشیان دەبێت”.

رزگار محەممەد رایگەیاند: “بەپێی خەمڵاندنەکانی ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەمساڵ نیوەی بەرهەمی ساڵانی ئاسایی گەنممان دەبێت و چاوەڕوان دەکەین نزیکەی 500 هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان هەڵبگیرێتەوە، هەرێمی کوردستانیش ساڵانە پێویستی بە 720 هەزار تۆن گەنم هەیە، بۆیە بەپێی پێشبینییەکان، بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ بەشی هەرێمی کوردستان ناکات”.

فارس حوسێن، سەرۆکی رێکخراوی جووتیارانی سەردەم کە پێشتریش وەک نوێنەری جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕانەوەی پارەی گەنمی جووتیاران سەردانی بەغدای کردبوو، دەڵێت: “جووتیارانی ئێمە شارەزاییان نییە چ بنەتۆوێک بۆ زەوییەکانیان گونجاوە و پێویستە پسپۆڕان رێنمایی بدەنە جووتیاران بۆ ئەوەی بزانن چ جۆرە گەنمێک لە زەوییەکانیان بچێنن”.

د. عیماد مەحموود، مامۆستای کۆلێژی کشتوکاڵی سلێمانی جەخت لە بنەتۆوی گونجاو بۆ ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و پێیوایە: “پێویستە جووتیاران لە هەڵبژاردنی جۆری بنەتۆو بە وریایی مامەڵە بکەن، لەبەر ئەوەی هەندێک بنەتۆو هی بەراوە و ناکرێ لە ناوچەی دێمی بیچێنی، بەڵام جووتیارانی ئێمە ئەو هەڵەیە دەکەن”.

ئەو مامۆستایە باس لەوە دەکات کە ئەوان لە زانکۆی سلێمانی توێژینەوەی مەیدانییان بۆ بنەتۆوەکان کردووە و دەڵێت: “ساڵانە 500 دۆنم زەوی زانکۆی سلێمانی بۆ تاقیکردنەوەی زانستی بە چەندین بنەتۆو دەچێنین کە خۆم سەرپەرستی دەکەم، لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ هاوئاهەنگیمان کردووە و تەنانەت سەرپەرشتی پڕۆژەشمان کردووە بۆ ئەوەی بە جووتیاری ناوچە جیاوازەکان بڵێین کام بنەتۆو بۆ ناوچەکەیان گونجاوە و بەرهەمی زۆری دەبێت”.

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi