قایمقامێ مەخموور: دوو کەسان ژئهگهرێ بۆردوومانا تورکیا گیانێ خۆ ژ دەستدا
رووداو-هەولێر
چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکیان لەنێو کەمپی مەخموور لە باشووری رۆژئاوای هەولێر کردە ئامانج، قایمقامی مەخمووریش دەڵێت، بەهۆیەوە 2 سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە گیانیان لەدەستداوە.
رزگار محەممەد، قایمقامی قەزای مەخموور، ئەمڕۆ شەممە 21-05-2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکیان لە نزیک گۆڕستانی نێو کەمپی مەخموور بۆردوومانکرد، بەهۆیەوە 2 سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە گیانیان لەدەستدا، “تائێستاش نازانین ئەو دوو کەسە سڤیلن یان گەریلا و ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکەن.”
پێشتر غەفوور مەخمووری، سکرتێری یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 14:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، زۆرینەی دانیشتووانی کەمپی مەخموور کەسانی “سڤیلن”. غەفوور مەخمووری هەروەها رەخنەی لە حکومەتی عێراق گرت “بەهۆی ئەوەی هیچ هەڵوێستێکی نییە بەرامبەر تورکیا بۆ ئەوەی بەردەوام نەبێت لە بەزاندنی سنووری عێراق”.
هەر ئەمڕۆ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە سنووری گوندێکی ئاغجەلەری سەر بە قەزای چەمچەماڵ، ئۆتۆمبێلێکیان کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا.
بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر سەبارەت بە بۆردوومانەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلەی ئەم بەیانییە لە لایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە کرایە ئامانج “هیی ئەنجوومەنی گوندی تووتەقەڵانە، دوو هاونیشتمانیی گوندەکانی تووتەقەڵان و سەرچنار لەگەڵ سێ چەکداری پەکەکە [کە خەڵکی گوندەکە دەڵێن پەکەکەن لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون و کوژراون”.