نیسان 19, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

دەزگه‌هێ هەلبژارتنێن پارتی: ئەگەر هەیە ژمارا کورسيێن خۆ زێده‌ بکەين

دەزگه‌هێ هەلبژارتنێن پارتی: ئەگەر هەیە ژمارا کورسيێن خۆ زێده‌ بکەين
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند جگە لەو 33 کورسییەی لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەدەستیانهێناوە، پارتی پێنج بەربژێری یەدەگی یەکەمیشی هەیە، کە ئەگەری هەیە بەو هۆیەوە ژمارەی کورسییەکانییان زیاد ببێت.

هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 8-11-2021، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند “پێنج بەربژێری ئێمە لە هەڵبژاردنی 10-10-2021 بەربژێری یەدەگی یەکەمی هەیە و هەر کاتێک لەو بازنانە و بەهەر هۆکارێک بێت بەربژێرێکی سەرکەوتوو نەیتوانی کارەکانی وەکو ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بکات بەهۆی مردن بێت یان بەهۆی وەرگرتنی پۆستێکەوە یان ئەو هۆکارانەی دیکە کە یاسا باسی لێوەکردوون ئەوا ئەو ئەندامانە ئەگەری ئەوەیان هەیە بچنە شوێنەکانیان، بەو هۆکارە ئەگەری هەیە ژمارەی کورسییەکانی پارتی زیاتر ببن لەو 33 کورسیەی بەدەستمان هێناوە”.

ئەو بەربژێرانەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە یەدەگن و دەنگی یەکەمییان لەنێو یەدەگەکاندا بەدەستهێناوە بریتین لە: شنۆ نووری لە بازنەی دووی سلێمانی، ناسکە عەبدوڵڵا، لە بازنەی چواری سلێمانی، خەسرۆ گۆران لەبازنەی سێی پارێزگای دهۆک، فەهمی سەلمان لە بازنەی یەکی دهۆک و عەبدولواحید سلێڤانەیی، لە بازنەی دووی پارێزگای دهۆک.

بەپێی ماددەی 46ی یاسای هەڵبژاردنی ژمارە 9ی ساڵی 2020، بەربژێری سەرکەوتوو پابەند دەبێت بە سوێندخواردنی یاسایی لە خولی نوێ لە ماوەیەک کە زیاتر نەبێت لە مانگێک لە دانیشتنی یەکەمەوە، ئەگەر ئەوەی نەکرد ئەوا ئەو کەسەی لەدوای ئەو دێت لە دەرنەچووان، کە زۆرترین دەنگی هێناوە جێگەی دەگرێتەوە لە لیستەکەی خۆی و لە هەمان بازنەدا، لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەوە نەبوو ئەوا ئەو کەسە شوێنی دەگرێتەوە، کە زۆرترین دەنگی هێناوە لە بازنەکەی خۆی.

هەروەها بەپێی یاسای گۆڕینی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی ژمارە 6ی ساڵی 2006 ئەندامێتی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە یەکێک لە دۆخانە نامێنێت:

-ئەندامێکی ئەنجوومەن پۆستێکی حکومی وەربگرێت.

– نەبوونی یەکێک لە مەرجەکانی ئەندامێتی وەک لە دەستوور و یاسای هەڵبژاردنەکان هاتووە.
– دەستلەکارکێشانەوە یان دەستپێلەکارکێشانەوە.
– مردن.
-دەرچوونی حوکمێکی یاسایی بە تاوانێک بەپێی دەستوور.
– تووشبوونی بەنەخۆشییەک یان پەککەوتنێک وای لێ بکات نەتوانێت ئەرکەکانی لە ئەنجوومەنی نوێنەران جێبەجێ بکات.

لەدوای ساڵی 2005ەوە چەندین پەرلەمانتار بەهۆکاری جیا پاش سەرکەوتنیان و بەدەستهێنانی ئەندامێتی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەیانتوانیوە بەردەوام بن لەسەر کارەکانییان.

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو؛ رەوتی سەدر 73 کورسیی پەرلەمان، هاوپەیمانیی تەقەدووم 37 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 33 کورسی، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا 33 کورسییان بەدەستهێناوە، بەڵام هاوپەیمانیی فەتح کە لە خولی پێشووی پەرلەمان 47 کورسیی هەبوو، لەم هەڵبژاردنە تەنیا 15 کورسیی بەدەستهێناوە، هاوکات سەربەخۆکان زیاتر لە 35 کورسییان لە 329 کورسییەکەی پەرلەمان بردووەتەوە.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi