شوبات 02, 2023

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

سەرۆكێ حكومەتا هەرێما كوردستانێ بەرێ بنياتێ پرۆژێ دەڤەرا پیشەسازیا خۆراكی ل دهۆكێ دانا

سەرۆكێ حكومەتا هەرێما كوردستانێ بەرێ بنياتێ پرۆژێ دەڤەرا پیشەسازیا خۆراكی ل دهۆكێ دانا
باسنيوز:
ئەمڕۆ دووشەممە، 20/7/2020 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی دەڤەری پیشەسازیی خۆراك لە شاری دهۆك داندرا.

سەرۆكی حكوومەت لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی ئەو پڕۆژەیە گوتارێكی پێشكەش كرد و بایەخی فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی ئابووری بە بیر ئامادەبووان هێنایەوە و گوتی: “لە دەستپێكی ئەو كایبنەیەی حكوومەت بەڵێنمان پێدان گرنگی بە كەرتەكانی دیكەی ئابووری بدەین و بەتەنیا پشت بە یەك سەرچاوەی داهات لە كوردستان نەبەستین، بۆیە گەشەپێدان بە كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ و بازرگانی، یەكێك لەو بەڵێن و بەرنامانە بووە، كە لە كارنامەی حكومەتدا هاتووە، ئەمڕۆیش خۆشحاڵم لێرەین بۆ دانانی بەردی بناغەی ئەو ناوچە پیشەسازییە لە پارێزگای دهۆك، كە بەرهەم و خێری بۆ هەموو كوردستانە”.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستخۆشی لە كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكە و وەزارەتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و هەموو ئەو وەزارەتانەی دیكە كرد، كە لە سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە و دامەزراندنی ئەو دەڤەری پیشەسازییەدا رۆڵیان دەبێت و گوتی: “لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمە سێیەم پڕۆژەی ستراتیژییە دەستمان پێ كردووە، دوایین پڕۆژەیش نابێت، پەنا بەخوا لە داهاتوودا پڕۆژەی گەورە و باشتریش لە هەموو كوردستان، بێ‌ جیاوازی ئەنجام دەدەین”.

سەرۆكی حكوومەت گوتیشی: “دەوڵەمەندكردنی ژێرخانی ئابووری دەبێتە هێز و وزە بۆ هەموو كوردستان، بەرنامەی ئێمە ئەوەیە كوردستان بەرەو پێشكەوتنێكی گەورەی ئابووری بچێت، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە هەم حكوومەت بەرنامەی خۆی وەك بەڵێن دراوە جێبەجێ بكات، هەم لەگەڵ كەرتی تایبەت پێكەوە هاریكار بن بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە”.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەشی بەوە كرد: “حكوومەت چەند بڕیارێكی داون بۆ ئەوەی گرنگی بە كەرتی تایبەت بدات، هەندێك بەرنامەشی هەن هاوبەشن، ئامانجیش ئەوەیە چاو و رزقی خەڵك لە دەستی خۆی بێت و چاوی لە دامەزراندن لە دامودەزگاكانی حكوومەت نەبێت”.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە كرد ئەو قەیرانەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕووی لە ھەرێمی كوردستان كردووە، ڕێگەی لە حكوومەت نەگرتووە، پڕۆژەكانی جێبەجێ بكات.

سوپاسی دامودەزگاكانی پاریزگای دهۆك و هەروەها پارێزگاری پێشووی دهۆكیشی كرد، كە لە بارودۆخی زۆر ناخۆشدا رۆڵێكی دیاریان هەبووە لە ئیدارەدانی رەوشەكە و گوتی”دەزانین خەڵكی دهۆك زەحمەتییەكی زۆریان بینیووە، خەڵكی دهۆك دەرگایان بە رووی ئەو هەموو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەرەدا كردووەتەوە، وێڕای ئەو توانا كەمەی لە بەردەستی پارێزگای دهۆك بووە، كەمتەرخەمی نەكراوە، هیوادارین لە داهاتووشدا بتوانین لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەغدا كار بۆ ئەوە بكەین ئاوارەكان بگەڕێنەوە ناوچەكانیان”.

لە بەرامبەر ئەوەشدا، سوپاسی خەڵكی دهۆكی بە هەموو قەزا و ناحیەكانیەكانییەوە كرد و گوتی: ئەوە نیشانەی مرۆڤدۆستیی ئێوەیە، نیشانەی دڵگەورەیی ئێوەیە، نیشانەی ئەوەیە پرەنسیپ و باوەڕی رەسەنی كوردایەتی لای ئێوە چەند ساغ و زیندووە”.

خۆڕاگری و گیانفیدایی خەڵكی دەڤەرەكەشی لە شەڕی دژی داعش و تیرۆریستان، بە پارێزگاریكردن لە خەڵكی كوردستان، كە گیانی خۆیان بەخشی و كوردستانیان پاراست، بە بیرهێنایەوە و گوتی: “ئەوەی ئەمڕۆ بەدەست دێت و دەیبینین، بەرهەمی خەبات و خوێن و زەحمەتی ئەوانە”.

سەرۆكی حكومەت ئەوەشی گوت: “ئەو پڕۆژانە هێزێكی زیاتر بە حكوومەت دەبەخشێت بۆ ئەوەی ئێمە لە هەموو كەرتەكانی دیكەدا بەرنامەكانمان جێبەجێ بكەین. بەرهەمی ئەو پڕۆژانە رەنگە لە كاتێكی نزیكدا بەدەست بێت، ئینجا دەردەكەوێت ئەو بەرنامەیەی حكوومەت بۆ هەمەجۆركردنی سەرچاوەی داهات و جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژە ستراتیژییانە، بڕیاری دروستن”.

لە كۆتایشدا جارێكی‌تر سوپاسی هاونیشتمانیان و دامەزراوەكانی حكوومەتی كرد، كە لەو قۆناغە سەختەدا كاری باش كراوە بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەو دۆخە و پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەكان و خۆپارێزیی لە پەتای كۆرۆنا.

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi