كانونی دووه‌م 19, 2020

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

حكوومەتا هەرێمێ پێشوازيا راپۆرتا كۆمیسیۆنا حكوومەتا ئەمریكا دكت

حكوومەتا هەرێمێ پێشوازيا راپۆرتا كۆمیسیۆنا حكوومەتا ئەمریكا دكت
هەولێر-KDP.info-

رۆژی 29ی نیسانی2019، كۆمسیۆنی حكوومەتی ئەمەریكی بۆ ئازادیی ئایینیی نێودەڵەتی، راپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە رەوشی پێكهاتە ئایینییەكان لە جیهان بڵاو كردەوە و لە بەشی تایبەت بە عێراقیش باس لە رەوشی پێكهاتەكان دەكات لە هەرێمی كوردستان. لەم بارەیەوە د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم رایگەیاند: “ئێمە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە راپۆرتی كۆمیسیۆنی حكوومەتی ئەمەریكی بۆ ئازادییە ئایینییەكان دەكەین”.

كۆمیسیۆنی ناوبراو لە نوێترین راپۆرتیان بە ئەرێنی باس لەوە دەكات، كە هەرێم پەناگەیەكی ئارامە بۆ راگوێزراوان لە پێكهاتە ئایینی و مەزهەبییەكان و تیشكی خستووەتە سەر بەشێك لە چالاكییەكانی حكوومەتی هەرێم لە پێشوازیكردن لە راگوێزراوان.

د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم، سەبارەت بە پێشوازیكردن لە راگوێزراوان گوتی: هەر كاتێك پێكهاتە ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەییەكان هەستیان بە مەترسی كردبێت، ئەوا هەرێمی كوردستان هەمیشە دەرگاكانی ھەرێمی واڵا كردووە بۆ پێشوازیكردن لێیان و حەواندنەوەیان، چونكە ئاوارەكان لە پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەكانن بەم شێوەیەیە: عەرەبی سوننەمەزهەب (40%)، كوردی ئێزدی (30%)، كوردی موسڵمان (13%)، كریستیان (7)، شیعە و شەبەك و توركمان و ئەرمەن (10%).

زێباری باسی لە روودواوەكانی ساڵی ٢٠١٤ و هێرشی تیرۆریستانی داعش كرد و گوتی: لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی كوردستان، هێزی پێشمەرگەی كوردستان رۆڵی سەرەكی هەبوو لە پاراستنی دانیشتووانی ئەو ناوچانەی كە داعش دەستی بەسەردا گیرابوو كە بەشی هەرەزۆری ناوچە نیشتەجێی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی وەك كریستیان، ئێزدی، كاكەیی و شەبەك، بە سەدان هەزار هاووڵاتیی دانیشتووی ئەم ناوچانە ئاوارە بوون و روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەبێ جیاوازی بەرگری لەو ئاوارانە كرد و رۆڵی هەرە سەرەكیی هەبوو لە ئازادكردنەوەی ئەم ناوچانە و لەم پێناوەدا گیانی سەدان پێشمەرگە بوونە قوربانی. ئەمەش نیشانەی بەهێزی و پتەویی گیانی تەبایی و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی هەرێمە بەبێ جیاوازی.

د. دیندار ئاماژەی بە مافی پێكهاتەكان كرد لە هەرێمی كوردستان و رایگەیاند: لە ماددەی (٦)ی ڕەشنووسی دەستووری ھەرێمی كوردستان بە ڕوونی مافی پێكھاتەكانی پارێزراوە كە تێیدا ھاتووە، گەلی ھەرێمی كوردستان پێك ھاتووە لە كورد، توركمان، عەرەب، كلدان، سریان، ئاشووری، ئەرمەن و ھاووڵاتییانی دیكەی ھەرێمی كوردستان، واتە پەیڕەوانی ئایینەكانی دیكە، وەك كەمایەتی سەیر نەكراون، هەروەها لە(7)ی رەشنووسەكەدا هاتووە: ئەم دەستوورە دووپات دەكاتەوە كە ئیسلام ناسنامەی راستەقینەی زۆرینەی گەلی كوردستانە، بەڵام مافی ئایینی كریستیان و ئێزدییەكان و ئەوانی تر زامن دەكات لە ئازادی بیروباوەڕ و ئەنجامدانی چالاكییە ئایینییەكان. لە رووی سیاسیشەوە لە ساڵی (2005) ژمارەی كورسی كۆتای پێكهاتەكان بە (٥) كورسییەوە زیادكرا بۆ (١١) كورسی بەم شێوەیە: (٥) كورسی بۆ توركمان و (٥) كورسی بۆ كلدان، ئاشوری و سریان و (١) كورسیش بۆ پێكهاتەی ئەرمەن، ئەمەش نیشانەی پاراستن و گرنگیدانی هەرێمی كوردستانە بە گشت پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان كە لە هەرێمی كوردستان دەژین.

سەبارەت بە مافە یاساییەكانی پێكهاتەكانیش وتی: لە هەرێمی كوردستان چەندین یاسا كاریان پێدەكرێت كە گوزارشتن لە گیانی تەبایی و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە ئایینی و مەزهەبییەكان لەوانە: لە ساڵی (٢٠٠٧)پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری ژمارە (١١) ناوی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئیسلامیی گۆڕی بۆ وەزارەتی ئەقاف و كاروباری ئایینی، یاسای (زمانە فەرمییەكان ژمارە ٦ لە ساڵی 2014)، یاسای (ژمارە پێنجی لە ساڵی (2015) یاسای (پاراستنی مافی پێكهاتەكان)، لەم یاسایەدا مافی گشت پێكهاتەكان لە هەرێم پارێزراوە وەك پێكهاتە نەتەوەییەكانی (توركمان، كلدوئاشووری، سریانی و ئەرمەن) و پێكهاتە و كۆمەڵە تائیفی و ئایینییەكانی وەك (كریستیان، ئێزدی، صابئەی مەندائی، كاكەیی، زەردەشتییەكان)، لە رێكەوتی 9/7/2017 لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بەڕێوەبەرایەتیی پێكەوەژیانی ئایینەكان دامەزراوە سەرەڕای بوونی بەڕێوەبەرایەتیی پێكهاتەكان كە هەشت ئایین لە خۆ دەگرێت،یاسای ژماری (47)ی ساڵی 1992 تایبەت بە پشووی فەرمی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێم.

سەبارەت بە لایەنی پەرورەدە و خوێندنی باڵا، دیندار زێباری دەڵێ: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و خوێندنی توركمانی و سریانی لە وەزارەتەكانی رۆشنبیری و لاوان و پەروەردە دامەزراوە بۆ ئەم مەبەستەش خوێندن بە زمانی توركمانی و سریانی دەخوێندرێت لە دەیان قوتابخانەی هەرێم، هەروەها دەستەیە‌كی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆك سەرپەرشتیی خوێندنی ئایینی ئێزدی دەكات و لە ساڵی 1999ـوە تا ئێستا لەو ناوچانەی كە ئێزدییەكان تێیدا زۆرینەن، وانەی ئێزدیاتی دەخوێندرێت لە قۆناغی یەك تا دوازدەی بنەڕەتی، لەلایەكی دیكەوە قوتابیانی پێكهاتەكان لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم بەبێ جیاوازی وەردەگیرێن، ئەمە جگە لەوە رێگا بە سەدان قوتابی ئاوارە و پەنابەر دراوە كە درێژە بە خوێندن بدەن، هەروەها زانكۆی كاسۆلیكی بە فەرمانی راستەوخۆی بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دامەزراوە كە تێیدا قوتابییەكان فەلسەفەی لاهوت دەخوێنن و لە ساڵی 2006ـەوە پەیمانگای شەمعون سەفا گواستراوەتە هەولێر و ئێستاش بەردەوامە.

زێباری تیشكی خشتە سەر مافی پێكهاتەكان لە لایەنی رۆشنبیری و كلتوورییەوە و گوتی: بە دەیان گرووپ و تیپی هونەری و كەلتووری پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان دامەزراون و جەژن و بۆنەی پێكهاتەكان بە پشووی فەرمی لە دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێم دادەنرێت و دەیان كتێب تایبەت بە پێكهاتەكان چاپ كراون، هەروەها بۆ پاراستنی گیانی پێكەوەژیان لە هەرێم (1800) وتاربێژ رێزیان لێ گیراوە، چونكە هانی پتەوكردنی بنەماكانی پێكەوەژیانیان داوە لە وتارەكانیان لە بەرامبەردا رێگا لە ژمارەیەكی دیكە گیراوە لە پێشكەشكردنی وتاری ئایینی، چونكە بە جۆرێك لە جۆرەكان رەچاوی پرەنسیپەكانی لێبووردن و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە ئایینی و مەزهەبییەكانی هەرێمیان نەكردووە.

سەبارەت بە رزگاركردنی رفێندراوەكانی دەست داعش، زێباری ئاماژەی دا: نووسینگەی تایبەتی جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوو لیژنەی دامەزراندووە بۆ رزگاركردنی ئێزدییە رفێندراوەكان و لیژنەی بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان، كارەكانی ئەم دوو لیژنەیە بەردەوامە و لەم رووەوە هەزاران رفێندراو ئازاد كراون، لەلایەكی دیكەوە بە سەدان دۆسییە ئامادە كراوە بۆ بەجینۆساید ناساندنی كەیسی كۆمەڵكوژیی ئیزیدییەكان و بڕیار وایە ژمارەیەك گۆڕ بە هاوكاری لەگەڵ تیمی نەتەوەیەكگرتووەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی ئیتیحادی هەڵبدرێنەوە.

لەبارەی زەویوزاری كریستیانەكانیشەوە گوتی: كێشەی زەویوزاری كریستیانەكان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی بەعس و ئەو سیاسەتە شۆڤێنییەی كە پەیڕەوی دەكرد بۆ تێكدانی گیانی تەبایی و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكان، سەرەڕای ئەمەش گشت دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی لە هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و لەم رووەوە چەندین هەنگاو نراون.

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2018 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman Qaidi.