ئاوارەيێن شنگالێ: 9 ساڵە حکومەت و خەڵکێ کوردستانێ ئهم دناڤ دڵ و ماڵێن خوه دا حهواندين
باسنيوز:
ئاوارەکانی شنگال کە لە ڕۆژی 3/8/2014دا کەوتنە بەر هێرشی تیرۆریستانی داعش و ماڵوحاڵی خۆیان جێ هێشت و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد، سوپاسی حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن کە نۆ ساڵە ئاوارەکانیان لەناو دڵ و ماڵی خۆیاندا حەواندووەتەوە.
عەلی ئەلیاس، ئاوارەیەکی خەڵکی شنگال کە لە کەمپی شاریای سەر بە قەزای سێمێل نیشتەجێ بووە، بە (باسنیوز)ی گوت: ”کە شنگال تووشی جینۆساید بوو، حکوومەت و خەڵکی کوردستان ئێمەیان لەناو دڵ و ماڵی خۆیاندا حەواندەوە و نۆ ساڵە بەبێ جیاوازی هاوکاریی ئاوارەکان دەکەن و ئەمەش نیشانەی ڕاستەقینەی پێکەوەژیان و قبووڵکردنی یەکترییە لەناو هەرێمی کوردستاندا.”
گوتیشی: ئەوە زیاتر لە ساڵێکە ڕێکخراوەکان لە شنگال بەردەوام بەڵێن دەدەن کە خانووەکان نۆژەن دەکەنەوە، کەچی بەڵینەکەیان بەجێ نەهێناوە و لە شنگال هیچ هاوکارییەکی خەڵک ناکرێت و ڕەوشی ناوچەکە زۆر خراپە. بۆیە ئێمە چاوەڕێی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەین بۆ ئەوەی ڕەوشی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و هەر کاتێک پێشمەرگە گەڕایەوە شنگال ئێمەش لەگەڵ پێشمەرگە دەگەڕێینەوە، چونکە بە بوونی پێشمەرگە ئارامی پەیدا دەبێت و سەر و ماڵمان دەپارێزرێت.
کوچەر حەسەن، ئاوارەیەکی دیکەی خەڵک شنگالە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ شگال، چونکە ژیان لە شنگال دژوارە و تا ئێستا حکوومەتی عێراق شتێکی باشی بۆ ئاوارەکان نەکردووە. سوپاسی حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین کە ماوەی نۆ ساڵە بەردەوام هاوکاریی ئێمەیان کردووە و لە کەمپەکاندا ئاو و کارەبای بێبەرانبەر بۆ ئاوارەکان دابین کراوە.”
پیر دەیان، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای دهۆک، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام هاوکاریی ئاوارەکان دەکات، ئەوە نۆ ساڵە خەڵکی شنگال ئاوارە بوون و تا ئێستا حکوومەتی عێراق ئەرکی مرۆڤایەتیی خۆی بەجێ نەهێناوە و زیاتر لە 300 هەزار ئاوارە لە پارێزگای دهۆک ماون.”