ئازار 29, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

میرێ ئێزديان ل دۆر بڕیارا پەرلەمانێ ئەڵمانیا: رۆژه‌كا ديرۆكى بوو

میرێ ئێزديان ل دۆر بڕیارا پەرلەمانێ ئەڵمانیا: رۆژه‌كا ديرۆكى بوو

رووداو – ئەڵمانیا

جیهان تەمەنی 10 ساڵ بوو کاتێک لەگەڵ 30 ئەندامی خێزانەکەی کەوتنە دەستی داعش و تاوەکو ئێستاش 9 کەسیان بێسەروشوێنن. بە جلی تایبەتی ئێزدییەکانەوە لەنێو پەرلەمانی ئەڵمانیا ئامادەبوو کە کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دەنگدان لەسەر بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی و پەرلەمانەکە بە زۆینەی دەنگ، کۆمەڵکوژییەکەی بە جینۆساید ناساند. میری کوردانی ئێزدی ئەو بڕیارەی بە “مێژوویی” ناوبرد.

جیهان عومەر، رزگاربووی دەستی داعش دەڵێت، “تاوەکو ئێستاش بەشێکی خێزانەکەمان لە دەست داعشن، باوکم و برای گەورەم [لە دەستی داعش]ـن و هیچ شتێکیان لەبارەوە نازانین، نازانین ماون یان مردوون. ئەمڕۆ زۆر بۆمن و بۆ ئێزدییەکان زۆر گرنگە و ئێمە زۆر دڵخۆشین کە پەرلەمانی ئەڵمانیا لەسەر کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان قسەی کرد و بە جینۆساید ناساندی.”

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19-01-2023، دانیشتنی پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ دەنگدان لەسەر بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بەڕێوەچوو و بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، کۆمەڵکوژییەکە بە جینۆساید ناسێندرا.

هەموو فراکسیۆنەکان گوتاریان لەسەر تاوانەکانی داعش پێشکێشکرد و پشتگیریی خۆیان بۆ کوردانی ئێزدی دووپاتکردەوە. وەزیری دەروەی ئەڵمانیا لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی بەو هەنگاوە گرنگترین بەرپرسیارێتیی دەگرێتەئەستۆ و چیدیکە نابێت کۆمەڵکوژی رووبداتەوە.

ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەروەی ئەڵمانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، “ناساندنی ئەم کۆمەڵکوژییە بە جینۆساید، نەک تەنیا بۆ یادکردنەوەیە، بەڵکۆ بۆ ئەوەیە هەوڵی زیاتر بدەین، چونکە نزیکەی سێ هەزار ژن و کچ رفێندراون و بێسەروشوێنن. دەبێت شەڕ بۆ ئەوە بکەین هەر یەکێک لەو کچانە بدۆزینەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگەی ئێزدی، بە هەزاران کەس هێشتا لە کەمپەکانن، دەمانەوێت ناوچەکانیان ئاوەدان بکەینەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، دەزانین ئەوە چەند سەختە، چونکە دۆخی ئەمنی لە ناوچەکە سەقامگیر نییە، بۆیە لەسەر ئەو پرسە لە پەیوەندیداین لەگەڵ حکومەتی عێراق، هەروەها خاڵێکی دیکە کە بۆ من گرنگە، چونکە من خۆم لەوێ بووم و قسەم لەگەڵ ئەو ژنانە کرد کە منداڵەکانیان لە ئەنجامی دەستدرێژیکردنە سەریان منداڵیان بووە، ئێمە دەمانەوێت هاوکاریی ئەو ژن و منداڵانەبین کە تائێستا خاوەنی ناوی دووەم نین.”

رەشنووسە 20 خاڵییەکە جگە لە داواکاریی داننان بە بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی، داوا لە حکومەتی ئەڵمانیا دەکات، لە لایەنی داراییەوە پشتیوانیی گەڕانەوەی کوردانی ئێزدیی ئاوارە بۆ ماڵ و حاڵیان بکات، کە بە گوێرەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی تاوەکو ئێستا 135 هەزار و 860یان لە کامپەکانی دهۆک دەژین و 189 هەزار و 337ی دیکەشیان لە دەرەوەی کامپەکان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەژین.

ئەڵمانیا بەو بڕیارە دەیەوێت هەر 20 خاڵی گرنگی یاساکە جێبەجێ بکات، گرنگترینیان تاوانباران بە سزای خۆیان بگەن و ناوچەکانی کوردانی ئێزدی ئاوەدان بکرێنەوە و رزگاربووانی دەستی داعش چارەسەرییارن بۆ بکرێت.

میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی کە لە کۆبوونەوەی پەرلەمان ئامادە بوو، باسی لەوە کرد، “ئەمە رۆژێکی مێژوویی بوو، نەک تەنیا بۆ ئێزدییەکان، بەڵکو بۆ هەموو میلـلەتێکی ژێردەست. ئەڵمانیا شانازی پێکرد و بڕیاری دا کە [کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی] بەجینۆساید بناسێنێت. ئەم بڕیارە زۆر باش بوو، تەنیا ماددەی حەوتەممان قبوڵ نەکرد.”

میری کوردانی ئێزدی لەبارەی ئەو ماددەیەی کە تێبینییان لەسەری هەبووە دەڵێت، ماددەکە باسی لەوە کردووە کە ئەو منداڵانەی لە چەکدارانی داعش بوون، دەکرێت بکرێنە موسڵمان، “بەڵام ئەمە پێچەوانەی ئایینی ئێزدییە و ئەوەمان رەتکردەوە.”

جگە لە ئەڵمانیا، چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدییان بە جینۆساید ناساندووە لەوانە؛ فەرەنسا، پۆرتوگال، بەلجیکا، هۆڵەندا و لۆکسمبۆرگ.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi