بترى 10 هەزار کەسان دووبارە ل شنگالێ ئاوارەبوون
باسنيوز:
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، ژمارەی ئاوارەبوونی دووبارەی خەڵکی شنگال هەتا ئەمڕۆ (5/5/2022) گەیشتووەتە هەزار و 711 خێزان کە دەبنە 10 هەزار و 261 کەس و ئەو ژمارەیەش هەر بەرەو زیادبوون دەچێت.
لەم بارەیەوە، پیر دهیان جهعفهر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دهۆک، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”لە ماوەی سێ ڕۆژدا هەزار و 711 خێزان کە دەبنە 10 هەزار و 261 کەس دووبارە لە شنگال ئاوارە بوون و ئەو ژمارەیەش هەر بەرەو زیادبوون دەچێت و بەشی زۆری ئەو خێزانە ئاوارانە جارێکی دیکە چوونەوە ناو کەمپی ئاوارەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک و بەشێکیشیان چوونەتە ناو کەسوکاری خۆیان لە دەرەوەی کەمپەکان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ئیدارەی پارێزگای دهۆک بەردەوام پشتیوانی ئاوارەکانن و هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکەن”.
ئاماژەی بەوەش دا: ”پێشبینی دەکرێت ڕێژەیەکی زیاتری خەڵکی شنگال ئاوارە بن، چونکە ڕەوشی خەڵک لەناو شنگالدا زۆر خراپە و لە ڕووی ناچارییەوە خەڵکی شنگال دەست لە ماڵ و مڵکی خۆیان هەڵدەگرن و ڕوو لە پارێزگای دهۆک دەکەن”.
جێی ئاماژەیە کە لە پارێزگای دهۆک 16 کەمپ بۆ ئاوارەکانی شنگال دروست کراوە و نزیکی 65 هەزار ئاوارەی شنگال لەناو ئەو کەمپانە و لە دەرەوەی کەمپەکانیش لە سنووری پارێزگای دهۆک ژیانی خۆیان بەڕێ دەکەن.