ئازار 29, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

 شنگال:حاله‌تێن خۆکوشتنا گەنجان به‌ره‌ف زێده‌بوونێ يه‌

 شنگال:حاله‌تێن خۆکوشتنا گەنجان به‌ره‌ف زێده‌بوونێ يه‌

باسنيوز:
لە ماوەی کەمتر لە 72 کاتژمێری ڕابردوودا لە شنگال سێ گه‌نج بە ناوى هانیه‌ هادى و بەكر حەمۆ و وزحه‌ حامۆ کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. لەو بارەیەوە نوێنەری ئێزدییان لە سکرتاریای یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان ڕایگەیاند، لە شنگال کچان زیاتر خۆیان دەکوژن و ڕێکخراوەکانیش بەهۆی بوونی گرووپە نایاساییەکانەوە ناتوانن بچنە ناو شنگال و کار لە هۆشیارکردنەوەی گەنجان بکەن.

دلڤین خه‌له‌ف، نوێنەری ئێزدییان لە سکرتاریای یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: لە دوای ژینۆسایدکردنی شنگال حاڵەتەکانی خۆکوشتن زیاد بووە و لە ڕۆژی 1/1/2021وە هه‌تا ڕۆژی 8/11/2021 لەناو گه‌نجانی شنگالدا 15 کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە زیاتریان کچ بوون.

گوتیشی: زۆر هۆکار هەیە بۆ خۆکوشتنی گەنجانی ئێزدی، بەڵام یەکێک لەو هۆکارانە دەگەڕێتەوە بۆ مانەوەی ئەو هێز و گرووپە ناساییانەی لەناو شنگالدا هەن، چونکە ئەو هێز و گرووپە چەکدارانە بوونەتە هۆی پەیدابوونی چەندان ڕووداو و کێشەی کۆمەڵایەتی و کاتێک کچێک لەلایەن ئەو هێزە چەکدارانەوە دەڕفێندرێت و بێسەروشوێن دەکرێت، ئەوە دەبێتە کێشە بۆ خەڵک.

نوێنەری ئێزدییان لە سکرتاریای یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: کچان زیاتر کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن، ئەو دیاردەیە چەندان هۆکاری هەیە، بەڵام زۆربەی کچانی شنگال لەبەر ڕەفتاری خراپی هێزە نایاساییەکان کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن، چونکە ئەو هێزە نایاساییانە هزر و بیری کچان دەشوێنن و بەو هۆیەوە کونترۆڵی دەروونیی خۆیان لەدەست دەدەن و خۆیان دەکوژن. هەر بەهۆی بوونی ئەو هێزە نایاساییانەوە ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانیش ناتوانن بچنە ناو شنگال بۆ ئەوەی گەنجان هۆشیار بکەنەوە و لە خۆکوشتن دووریان بخەنەوە. بەشیکیش لەوانەی خۆیان دەکوژن بە هۆکاری کێشەی کۆمەڵایەتی ئەو کارە دەکەن و چەندان هۆکار بۆ خۆکوشتنی گەنجان لە شنگال هەیە.

هەر لەم بارەیەوە، سوزان سه‌فه‌ر، به‌رپرسی ڕێكخراوی داك بۆ گه‌شه‌پێدانی ژنانی ئێزدى لە دهۆك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”تەنیا لە مانگی یەکی ئەمساڵدا هەشت گەنجی ئێزدی لە هەردوو ڕەگەزی کچ و کوڕ لە شنگال کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. ئێمە لەناو 200 كه‌سدا ڕاپرسییەکمان سەبارەت بە خۆکوشتنی گەنجان کرد، بەپێی ئەو ڕاپرسییە بەداخەوە 20%ی گەنجان بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە و ئەوەش ڕێژەیەکی مەترسیدارە و پێویستە کاری لەسەر بکرێت.”

سوزان سه‌فه‌ر گوتیشی: بەپێی ڕاپرسییەکەی ئێمە، بەشێک لە هۆکارەکانی خۆکوشتنی گەنجان بۆ بابەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی و گەلێک هۆکاری جۆراوجۆری دیکە دەگەڕێتەوە، بەڵام مانەوەی خەڵک لەژێر خێوەتدا زۆری کاریگەریی لەسەریان هەیە، چونکە لە شنگال هەست بە تەناهی ناکەن و بەناچاری لەژێر خێوەتدا ماونەتەوە و ئەو نائارامییەی قەزای شنگال کاریگەریی لەسەر باری دەروونیی خەڵک بووە.

ماهر شنگالى، چالاكی ئێزدییش بە (باسنیوز)ی ڕاگه‌یاند: دیاردەی خۆکوشتنی گەنجانی ئێزدی دوو هۆکاری سەرەکیی هەیە، یەکیان پشتگوێخستن و گرنگینەدان بە گەنجانی ئێزدی و ئەوی دیکەش بەکارهێنانی خراپی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ بۆ نموونە، ئەو کچەی لەم دواییەدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا بە هۆکاری کۆمەڵایەتی ئەو کارەی کردووە و کۆنترۆڵی دەروونیی خۆی لەدەست داوە و گەیشتووەتە ئەوەی کە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەو چالاکە ئێزدییە جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە ڕێکخراوە کۆمەڵاتییەکانی بواری ئافرەتان زیاتر کار لەسەر هۆشیارکردنەوەی گەنجان بکەن، چونکە خۆکوشتنی کەسێک دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی خێزانێک و کاریگەریی لەسەر کۆی گشتیی کۆمەڵگەش دەبێت، بۆیە بە هەر ڕێگایەکدا بێت، پێویستە ڕێکخراوەکان خۆیان بگەیەننە ناو گەنجان.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi