ئه‌یلول 25, 2020

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

زارۆيه‌كا رزگاربوويا ئێزدى روودانێن شنگال ڤه‌دگه‌رينت

زارۆيه‌كا رزگاربوويا ئێزدى روودانێن شنگال ڤه‌دگه‌رينت
باسنيوز:

نووسینەوە و گوێگرتن لە رزگاربووانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامیی (داعش) کارێکی ئەستەمە. کاتێک ئەوان دەڕۆنە ناو گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو ژیانە سەختە، وەک گوێگرێک هەستم بە گوناه دەکرد، کە دەیانبەمەوە ناو دۆخە سەختەکان، لەگەڵ ئەوەشدا نووسینەوە و بەدۆکیۆمێنتکردنی ئەم تاوانانەش گرنگە و دەبێ بکرێتە مێژووی ئەو گرووپانەی، کە بوونەتە دوژمنی مرۆڤایەتی.

بەڵام کاتێک گوێ لە منداڵێک دەگری، کە لەو دۆخە دژوارەدا ژیاوە، هەموو ساتەکان سەختتر دەبن! کە دەبێ چ بەرنامە و تێگەیشتنێک هەبێت مرۆڤ بگەیەنێتە ئەو ئاستە لە دڕندەیی، کە ئازاری منداڵەکانیش بدەن!

ژینا کچۆڵەیەکی ١٢ساڵە، کاتێک دەستگیر کراوە، تەمەنی تەنیا ١٠ ساڵ بووە، ئەو هێشتا ژیانی بە باشی نەناسیوە، کە کەوتووەتە بەر رق و کینەی چەکدارانی داعش.

ژینا دەگێڕێتەوە “من لەگەڵ خێزانەکەم لە قەرەباڵغییەکدا گیراین، دایکم جلێکی کەسکی لەبەردا بوو، بەڵام ئێستا نازانم لە کوێیە، چونکە کە لە ئامێزی دایکم بووم، ئەوان بەزۆر منیان لەو ستاند”.

کاتێک پرسیارم کرد ئەوان کێ بوون؟ گوتی: “چەکداری داعش بوون، ردێنیان درێژ و جلی رەشیان لەبەردا بوو و بە عەرەبی قسەیان دەکرد. لێیان دەدام و دەستیان لە جەستەم دەدا، هەموویان ماچیان دەکردم و ئازاریان دەدام”.

ژینا، ئێستا لای خوشکێكی لە یەکێک لە کەمپەکانی قەزای زاخۆ دەژی، بەڵام هێشتا چارەنووسی دایک و باوک و خوشک و برایەکیان نادیارە و ئەم دوو کچە نازانن لە کوێن، چونکە کاتێک لە رێگای خۆڕزگارکردن بۆ چیای شەنگال، لە رێگا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەستگیر کراون، هەمان رۆژ لە باوک و براکەیان و دوای دوو رۆژ لە دایکیان جیا کراونەتەوە.

ژینا دەڵێت: “ئێمە لە قوتابخانەیەک بووین، برسیمان بوو، لەبەر گەرما خەڵک بێهۆش دەبوون. کاتێک منیان لە باوەشی دایکم دەرهێنا، زۆر هاوارم کرد، بەڵام لێیان دام تا بێدەنگ بم”.

دوای ئەوەی ژیان لە دایکی جیا دەکەنەوە، لە قوتابخانەیەکی تەلەعفەر بۆ ماوەی ١٢ رۆژ رایان دەگرن، رۆژانە داعشەکان دێن هەڵیاندەبژێرن و دەیانبەن. ژینا و چوار کچی دیکەی هاوتەمەنی ئەو، لەلایەن چەکدارێکی سی ساڵەوە دەبرێن بۆ سووریا.

ئەو کاتەی سواری ئۆتۆمبیلێکی پیکەبیان دەکەن، ژینا بە داعشەکان دەڵێت “برسی و تینووم، ئەگەر نان و ئاوم نەدەنێ دەست دەکەمەوە بە گریان”، چونکە کاتێک لە دایکی جیا دەکەنەوە، ماوەیەکی زۆر دەگریێت و داعشەکان پێی دەڵێن، ئەگەر بگری لێت دەدەین، بەڵام بێدەنگ بی نانت دەدەینێ. بۆیە لە رێگا دادەبەزن و سەرو پسکیت دەدەنە ژینا و چوار کچە منداڵەکەی تر.

ئەم کچە بچووکە لەکاتێکدا شەوان لای دایکی خەوتووە و ئەو پێداویستییەکانی بۆ دابین کردووە، چەکدارانی داعش وەکوو ژنێکی گەورە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن: “کاتێک گەیشتین گوتیان ئێرە سووریایە، داعشێک هات ناوی ئەبوو یاسر بوو، من و کچێکی برد، لە مەزرەعەیەک هۆڵێکی گەورە هەبوو، کۆمەڵێک ژنی لێ بوو، تا دوو رۆژ لەوێ هێشتیانینەوە، دواتر ئەبوو یاسر هات ئێمەی بردە ماڵی خۆی”.

ئەبوو یاسر ژیان و کچە بچووکەکەی تر دەکاتە کۆیلەی سێکسی و کاری ناو ماڵیشیان پێدەکات: “کە گەیشتینە ماڵی ئەبوو یاسر، بە کچەکەی تری گوت بڕۆ ماڵەکە پاک بکەوە و خواردن دروست بکە، کچەکە گوتی من نازانم، هەستا دارێکی هێنا و زۆری لێ دا و گوتی، هەر کارێکم پێ سپاردن بێ قسەکردن دەیکەن، نەڵێن نازانم، منیش گوتم من دەزانم، لەکاتێکدا هیچم نەدەزانی، گوتی باشە تۆ بڕۆ خواردن دروست بکە، با ئەو بێتە لام بۆ ئەو ژوورەوە، من چووم چایم لێ نا و سەیری سەلاجەکەیانم کرد هێلکەی تێدابوو، هێلکەم کردە ناو ڕۆن، بیری خۆمم دەهێنایەوە دایکم چۆن خواردنی دروست دەکرد، دەمویست بزانم و لێدان نەخۆم”.

ژینا لەنێوان دوو ترسدا بووە، هەم ئەو ترسەی ئەبوو یاسر دەستدرێژیی کردووەتە سەری و هەم ئەوەی لەسەر کاروباری ناوماڵ لێدانی خواردووە: “کاتێک من خەریکی چالێنان و هێلکە دروستکردن بووم، کچەکەی تر لەژێر دەستی ئەبوو یاسر هاواری دەکرد، کاتێک هاتە دەرەوە نان بخوات، من چووم بۆ لای بینیم هەموو قاچەکانی خوێن بوو، زیاتر ترسام”.

ژینا دەڵێت: “دوای ئەوەی ئەبوو یاسر نانی خوارد، ئەمجارە منی بردە ژوورەوە، زۆر لێی پاڕامەوە لێم نەدات، گوتی: ئەگەر عاقڵ بی و بە گوێم بکەی لێت نادەم، جلەکانمی دانا و گازی لە جەستەم دەگرت، سەرەتا خۆم راگرت، بەڵام دواتر زۆر ئازاری دام، منیش دەستم کرد بە هاوار و گریان، دوای ئەوە هەردووکمانی بەجێ هێشت و تا شەو نەهاتەوە”.

کاری ئەبوو یاسر ئەوە بووە، کە رۆژانە کار بە ژینا و کچەکەی تر بکات و دەستدرێژیی بکاتە سەریان، تا رۆژێک دێتەوە داعشێکی لەگەڵ دەبێت و دەڵێت: “ئەوانە ئەمانەتی تۆ بن”. دواتر ژینا دەزانێت ئەبوو یاسر چووە بۆ شەڕ.

ئەبوو یاسر لەو شەڕەدا دەکوژرێت، بۆیە داعشەکەی تر بەپێی یاسای ئەوان، دەبێتە خاوەنی ژیان و کچە بچووکەکە: “رۆژێک هاتەوە و منی بردە ژوورەوە، گوتی ئەبوو یاسر شەهید بووە، ئەو ئامۆزام بوو، من میراتگری ئەوم، بۆیە ئێستا من خاوەنی ئێوەم، هەم لێی دام و هەم دەستدرێژیی کردە سەرم”.

بەپێی گێڕانەوەی ئەو کچۆڵە بچووکە، ئەبوو محەمەدی ئامۆزای ئەبوو یاسر، مامەڵەی زۆر لە هی ئەبوو یاسر خراپتر بووە: “ئەبوو محەمەد زۆر خراپ بوو، لەسەر هەموو شتێک لێی دەداین. جلی پێدەشوشتین، رۆژی زیاتر لە سێ جار دەستدرێژیی دەکردە سەرمان، رۆژێک ئەوەندەی لە من دا، خوێن لە لوتمەوە دەهات، کاتێک کچەکەی تر هات بۆ لام، دەستی ئەویشی شکاند”.

دوای ماوەیەک ئەبوو محەمەد دەڵێت، نۆرەی خۆتەقاندنەوەمە، من دەڕۆم و ئێوە دەدەمە برایەکم، لەمەودوا ئەو خاوەنتانە. بەرلەوەی بڕوات دەستدرێژی دەکاتە سەر هەردووکیان و براکەی دەیانباتە ماڵی خۆی.

ژینا کاتێک قسەکانی دەگێڕایەوە گیانی دەلەرزی، بەڵام لە کاتی بێدەنگیدا ئاسایی بوو، پێم دەگوت کەمێک پشوو بدە، ئەویش پێدەکەنی و دەیگوت باشە.

لە باسی ژیانی لە ماڵی ئەبوو عومەری برای ئەبوو محەمەد، ژیانیان ناخۆشتر بووە، چونکە ئەبوو عومەر ئەوانی بردووەتە ئەو ماڵەی، کە ژنەکەیشی تێیدا ژیاوە: “ماڵی ئەبوو عومەر ژنێكی لێ بوو زۆر تووڕە بوو، گوتی ئێوە خزمەتکاری منن، هەموو کاری ناوماڵی پێ دەکردین، کە ئەبوو عومەریش دەڕۆیشت لێی دەداین. دەیگوت کاتێک ئەبوو عومەر دەتانباتە ژوورەوە مەهێڵن لەگەڵتان بخەوێ”.

ژینا و کچە بچووکەکەی تر دەکەونە دۆخێکی خراپتر لەوەی پێشوو، چونکە ئەمجارە دوو کەس لێیان دەدات و رۆژانەش دەستدرێژیی سێکسی دەکرێتە سەریان. تا دەگاتە ئەوەی رۆژێک ژنەکەی ئەبوو عومەر دەریان دەکات: “شەوێک ئەبوو عومەر منی بردە ژوورەوە و تا بەیانی لەگەڵم بوو، شەو زوو زوو هەڵدەستا دەستدرێژیی دەکردە سەرم، بۆ بەیانی ژنەکەی بە قژ رایدەکێشام و هەموو گیانمی بریندار کرد و دەری کردم”.

کاتێک ژنەکەی ئەبوو عومەر دەری دەکات، ژینا لە کێڵگەیەکی نزیک ماڵێی ئەوان خۆی دەشارێتەوە، دەڵێت: “ئێوارە، کە خەریک بوو تاریک بێت، ئەبوو عومەر هات دەگەڕا، من زانیم شوێن من کەوتووە، بەڵام لەپەنای دارێک زۆر خۆم بچووک کردەوە، تا نەمبینێت و رۆیشت، ئەو شەوە لەژێر ئەو دارە خەوتم، بۆ بەیانی ژنێک پەیدا بوو، منی بردەوە و گوتی بڕۆ خۆت بشۆ، دەستێ جلی کردە بەرم، دوای دوو رۆژ گوتی تەلەفۆنت دەدەمێ رەقەمی کێ دەزانی، گوتم کەس، بەڵام ئەو پەیوەندیی بە هەندێ کەسی ئێزدییەوە کرد و گوتی، کەسێک دێ دەتبا، دیارە ئەو منی فرۆشت”.

ژینا لەگەڵ دەڵاڵێک، بازگەکانی داعش دەبڕێت تا دەگاتە سنووری پێشمەرگە، لەوێ دەیهێننە کەمپێکی زاخۆ تا خوشکەکەی دەدۆزێتەوە، ئێستا لەگەڵ ئەو دەژیێت.

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2018 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman Qaidi.