ئه‌یلول 21, 2020

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

ئەمریکا 500 هەزار دۆلارێن دى بۆ نووژه‌نكرنا په‌رستگه‌ها لالش ته‌رخان دكت

ئەمریکا 500 هەزار دۆلارێن دى بۆ نووژه‌نكرنا په‌رستگه‌ها لالش ته‌رخان دكت
رووداو دیجیتاڵ

دوای هێرشی داعش لە ئابی 2014 بۆسەر شنگال، رفاندن و کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئێزدی، تاوەکو ئێستاش زۆربەیان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. بەشێکیان پەنایان بردووەتە بەر وڵاتانی رۆژئاوا و بەشی زۆریشیان لە کامپەکانی هەرێمی کوردستان و چیای شنگال نیشتەجێبوون. ئەمریکاش دەڵێت، 500 هەزار دۆلاری دیکە بۆ نۆژەنکردنەوەی لالش دابین دەکەن.

ڤیدیۆ کۆنفرانسێک تایبەت بە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی بە بەشداریی چەند کەسایەتییەکی کورد، عێراقی و جیهانی بەڕێوەچوو. فەلاح مستەفا، راوێژکاری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەشداری لە ڤیدیۆ کۆنفرانسەکەدا کرد و گوتی” 70%ـی خەرجی ئاوارەکان کەوتووەتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان”.

فەلاح مسەتەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بۆ کاروباری دەرەوە، گوتی، پێنج ملیۆن دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی لە ملیۆنێک و 100 هەزار ئاوارە و پەنابەری سووریا و ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکەن، لەنێویاندا کوردانی ئێزدی و کریستیانەکان، “70٪ـی خەرجی بەهاناوەچوونی ئەوانەش لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە. ئەوەی دیکە لەسەر حکومەتە دۆستەکانمان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، ئێمە سوپاسگوزارین بۆ ئەو یارمەتیانە، بەڵام پێویستمان بە زیاترە”.

ئەو راوێژکارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی لە کامپەکانیشدا دەژین ئەگەری تووشبوونیان بە کۆرۆنا زیاترە. دەبێ ئەوەشمان لەبیربێت کە خۆ لەیەکبەدوورگرتن هەموو کات ناکرێت، لەکاتێکدا ئەوان بەوجۆرە تێکەڵ بەیەکدین. “حکومەتی هەولێر و بەغداو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارییەتییەکی هاوبەشیان هەیە، پارێزگاری لە دەربەدەربووان کەن لە پەتای کۆڤید 19”.

لەکۆی 550 هەزار کوردی ئێزدی 360 هەزاریان ئاوارەن و 100 هەزار کوردی ئێزدیش چوونەتە دەرەوەی وڵات، تاوەکو ئێستا تەنیا 20%ـی خەڵکی گەڕاونەتەوە شنگال. زۆرینەیان لە 14 کەمپی سنووری دهۆک دەژین. لە دەرەوەی وڵاتیش لە ئەڵمانیا دەژین.

ماتیو تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا لە ڤیدیۆ کۆنفرانسەکەدا بەشداربوو، باسی لە هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ کوردانی ئێزدی و شنگال کرد. گوتی، “ساڵێک لەمەوبەر دەرفەتی ئەوەم هەبوو سەردانی پەرستگەی لالش بکەم کە پەرستگەیەکی پیرۆزی ئێزدییەکانە، ئەوکات لەسەر حسابی وەزارەتی دەرەوە 500 هەزار دۆلارمان خستەڕوو. ئەمڕۆ 500 هەزار دۆلاری دیکە رادەگەیەنین کە بۆ نۆژەنکردنەوە و سەقامگیری ئەو پەرستگە گرنگە پێشکەشی دەکەین”.

شەش ساڵ بەسەر رووداوەکەدا تێپەڕبووە، سەرەکیترین داخوازی کەس و کاری قوربانییان، دادگاییکردن و سزای یاسایی تاوانبارانە. ماتیو تولەر دەڵێت، ژیانی ئایینی لە شەنگال تەنیا لە رێگەی دادپەروەری و بە سزاگەیاندنی تۆمەتباران بەدیدێت، “بۆ ئەم مەبەستە ئێمە پاڵپشتی لە تیمی لێکۆڵەرانی ئەمریکی دەکەین کە کار بۆ بەسزاگەیاندنی ئەو تاوانانە دەکەن کە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراون”.

کەریم خان، سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تاوانەکانی داعش کە ناسراوە بە یونیتاد بەشداربوویەکی دیکەی ڤیدیۆکۆنفرانسەکە بوو، گوتی، “نابێت پەنجەی تۆمەت بۆ رزگاربوان درێژبکەین، بەڵکو دەبێت ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە بەوە تۆمەتباربکەین، رووبەڕووی دادگای دادپەروەریان بکەینەوە، دەبێت بەنەرمیش لەگەڵ منداڵی چەکدارانی داعش بجوڵێینەوە. ئەم هەوڵە بە کۆمەڵە تاکە چارەسەرە”.

کەریم خان دەشڵێت، یونیتاد بەڵگەنامەی دەنگی کۆکردووەتەوە، “ئێمە لەگەڵ لایەنی دادوەری عێراقی کارمان کردووە، بۆ ئەوەی پەیوەندی تەلەفۆنی داعشەکان کۆ بکەینەوە، بۆ ئەوەی ئەو ئەنجامدەرانە بناسینەوە و بەڵگەمان لەبەردەستبێت پێشئەوەی رادەستی دادگاکانیان بکەین”.

پاش شەش ساڵ، ئەوەی عێراق بۆ ئێزدییەکانی کردووە، پێدانی یەک ملیۆن و 500 هەزار دینارە بۆ هەر خێزانێک کە بیەوێت بگەڕێتەوە ناوچەکەی خۆیان، بەڵام هێشتا زۆر لەوانەش كە گەڕاونەتەوە وەریان نەگرتووە.

دوای کۆنترۆڵکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە، چەکدارانی ئەو رێکخراوە لە 2014/08/03 هێرشیانکردە سەر شنگال، کۆمەڵکوژییان دژی کوردانی ئێزدی دەستپێکرد، بەشێکی کچ و ژنەکانیشیان کردنە کەنیزەک، منداڵەکانیشیان بۆ گۆڕەپانی مەشق و راهێنانەکانیان راپێچکردن. لە رۆژی 2015/10/13 شنگال لە دەست داعش کۆنترۆڵکرایەوە.

خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: لە 2014/08/03وە تاوەکو 2020/07/29 لە کۆی شەش هەزار و 417 ئێزدی رفێنراو لەلایەن داعشەوە، سێ هەزار و 530 کەسیان رزگارکراون و دوو هەزار و 887 ئێزدی لە دەستی داعش ماون یان هیچ شتێک لەبارەی چارەنووسیانەوە نازانرێت”.

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2018 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman Qaidi.