ئازار 28, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

ئەنجوومەنێ وەزیران چەند بڕیارێن گرنگ دەرکرن

ئەنجوومەنێ وەزیران چەند بڕیارێن گرنگ دەرکرن

باسنيوز:

ئەمڕۆ چوارشەممە 2323/11/2022، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی سەرەکی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی توندوتۆڵکردنی ڕێنمایی و بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە پێوەر و ڕێکارەکانی سەلامەتی و مۆڵەتی پیادەکردنی پیشەکان لەپێناوی پاراستنی ژیان و سەلامەتی هاووڵاتییان کرا کە بەداخەوە بەهۆی کارەساتی تەقینی غازەوە لە هەردوو شاری سلێمانی و دهۆک، چەندین کەس بوونە قوربانی.

سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی هەردوو ڕووداوەکە کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست و ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگیی دەزگاپەیوەندیدارەکانی حکومەت کرد لە هەردوو کارەساتەکە و بە تایبەتی ستایشیی قارەمانێتی و گیانفیدایی خوالێخۆشبوو رائید عەلی بەرواری و پۆلیسە هاوکارەکانی کرد، کە لە پێناوی بەهاناوەچوون و پاراستنی هاووڵاتییان، گیانی خۆیان بەختکرد و بەڕێز وپێزانینەوە، ڕۆڵیی جوامێرانەی ئەوانی بەرز نرخاند، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دامودەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت، لە زووترین کاتدا لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ڕوودانی ئەو کارەساتانە بکەن و هەموو ڕێکارێکی پێویست بگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن و دووبارەنەبوونەوەیان و درێخی نەکەن لە بەهاناوەچوون و ڕزگارکردنی گیان وسەلامەتی هاووڵاتییان لە هەموو جۆرە کارەساتێکی سروشتی بەگشتی.

پاشان ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێکی بەرفراوانی لە بارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هەردوو ڕووداوەکەی سلێمانی و دهۆک خستەڕوو کە تێیدا چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی پێویستی لە بارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە سیستەمی شۆڤاژ و LPGی و گرتنەبەری ڕێکاری جدیی و پێویست بۆ توندوتۆڵکردنی ڕێنمایی و لێپرسینەوە لە پێوەر و ڕێکارەکانی سەلامەتی و مۆڵەتی پیادەکردنی پیشەکان و دابینکردنی پێداویستی دامەزراوەکانی بەرگری شارستانیی وشارەوانی و تەندروستیی، بەتایبەتی دابینکردنی پێداویستییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەماهەنگيی قەیرانەکان JCC لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی تێدا بوو تا بەشداری کارا بکەن لە بەهانا وەچوون لە کاتی هەرجۆرە ڕووداوێکی گەورە و کارەساتی سروشتی.

ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ ڕاسپاردە و پێشنیارەکانی وەزیری ناوخۆی پەسەند کرد و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ جێبەجێکردنیان.

هەر لە چوارچێوەی ئەم تەوەرە، ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پێشنیاری دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و هەروەک لە کۆنووسی لیژنە وەزارییەکەش جەختی لەسەر کرابوو، ئەنجومەن بڕیاریدا دەستەی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری سەر بە وەزارەتی پلاندان ڕابسپێرێت لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە گوێرەی پسپۆڕی، لە خاڵە سنوورییەکان، ئەو پشکنینانە بە گوێرەی ستاندارد ئەنجام بدەن و ڕێگری لە هاوردەکردنی کەلوپەل و تانکی غاز بکەن کە بۆ سیستمێکی سەلامەت ناگونجێن. هەروەها دەستەی پێوانەسازیی وکۆنتڕۆڵی جۆریی چالاک بکرێت و هەموو جۆرە پێداویستییەکی بۆ دابین بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و چاودێرییەکی توندی کۆمپانیاکانی کوالیتی کۆنترۆڵ سەربە کەرتی تایبەت لە خاڵە سنوورییەکان بکات.

سەرەڕای ڕاسپاردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تایبەت بە ڕاهێنان و مۆڵەتی پیشەیی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە هاوئاهەنگیی لە گەڵ پەیمانگەی بەرگری شارستانی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانی لە وەزارەتی ناوخۆ ، بۆ ڕێکخستنی کۆرس و خولی تایبەتمەند بەم بوارە بۆ ڕاهێنانی وەستا كرێکار و ئەو کەسانەی دەیانەوێ لە بواری دامەزراندنی سیستمی شۆڤاژ و LPG کار بکەن. هەر کەسێک بیەوێ لەم بوارەدا کار بکات، دەبێ خول ببینێت و مۆڵەتی پیشەیی بەدەست بهێنێت.

هەروەها ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە دابینکردنی پێداویستییەکانی پشکنین بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تا پشکنینی سامپڵی غازی شل بکەوێتە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان و نوێنەرانیان لە لێژنەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پێشێلکاریی بەردەوامی سەروەریی عێراق و ھەرێمی کوردستان کرا کە پێشێلکردنێکی ئاشکرا و زەقی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی دراوسێیانەیە.

ئەنجومەنی وەزیران، لە کاتێکدا بە توندترین شێوە، سەرکۆنەی هێرش و بۆردومانکردنی سەر هەرێمی کوردستان دەکات و داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەکات کە ڕێز لە سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق بگرن و پێویستە حکومەتی فیدراڵی و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی هەڵوێستی جیددیان هەبێت و سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکاری و هێرش و پەلامارانە دابنێن و چیتر ڕێگەنەدەن سەروەری هەرێم و عێراق پێشێل بکرێت، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران، هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک، ڕێگەی نەداوە و ڕێگەش نادات، ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ لە ڕێگەی هەرێمەوە تێکبدرێت و هەموو ئەم جۆرە بانگەشانەش ڕەت دەکاتەوە کە لەمبارەیەوە دەکرێن، چونکە هیچ بنەمایەکیان نییە و لە ڕاستییەوە دوورن.

بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ هەموارکردنی پەیڕەوی دایەنگەکان لە هەرێمی کوردستان، تایبەت بە مۆڵەتی دایەنگەکان، کە لە لایەن کوێستان محەمەد کاروکاروباری کۆمەڵایەتی خرایەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکەی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ هەموارکردنی پەیڕەوی دایەنگەکان پەسەند کرد، بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەی مۆڵەتی دایەنگەکان، بەجۆرێک کە دایەنگەکان دەبێت پابەندبن بە یاسا وپەیڕەو وڕێنماییەکان و لێپیچنەوەش هەبێت لە کاتی هەبوونی کەموکورتیی و خراپی ئەو خزمەتگوزارییەی لە دایەنگەکان پێشکەش بەو منداڵانە دەکرێن کە لە دایەنگەکان تۆمارکراون و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ئەوانەی کە ڕێنمایی وڕێساکان جێبەجێ ناکەن و بەدواداچوونی بەردەوامیش لەم بارەیەوە بکرێت و مۆڵەتی کارکردنی سەرپێچیکاران تازە نەکرێتەوە هەتا ڕێنماییەکان وەک خۆی جێبەجێ دەکەن.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi