نیسان 17, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

سەرۆک بارزانی: شۆڕه‌شا گۆڵانێ قۆناغه‌كا هەرە گرنگا بزاڤا ڕزگاریخوازا كوردستانێ بوو

سەرۆک بارزانی: شۆڕه‌شا گۆڵانێ قۆناغه‌كا هەرە گرنگا بزاڤا ڕزگاریخوازا كوردستانێ بوو

باسنيوز:

ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی ئایاری 2023، لە دەڤەری باڵەکایەتی ئاهەنگێکی جەماوەری بە بۆنەی 47ەمین ساڵوەگەڕی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان بەڕێوەچوو، لە ئاهەنگەکەدا وتاری سەرۆک بارزانی خوێندرایەوە.

سەرۆک بارزانی لەوتارەکەیدا رایگەیاندووە: “ناوچەی باڵەكایەتی لە شۆڕشی گوڵانیشدا خاڵی دەستپێكی شۆڕش و قوربانیدانی گەلی كوردستان بووە، ئێمە بە هەموو شێوەیەك قەرزاری خەڵكی تێكۆشەری ناوچەی باڵەكایەتین”.

دەشڵێت: “شۆڕشی گوڵان، تەحەداكردنی هەموو ئەو دیكتاتۆر و ستەمكار و دوژمنانە بوو كە وایان مەزندە كردبوو، بە نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول ئیتر تا هەتایە كۆتایی بە شۆڕش و بەرخودانی گەلی كوردستان دێت. بەڵام شۆڕشی گوڵان ئەو خەونەی ناحەزانی لە گۆڕ نا و گەلی كوردستان لە خەباتی خۆی بەردەوام بوو و سەرشۆڕی و شكست بۆ دوژمنان مایەوە”.

هەروەها سەرۆک بارزانی ئاماژەشی بەوەداوە: “لەو یادە پیرۆزەدا جەخت لەوە دەكەمەوە كە بەرژەوەندیی كوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی ترە و هیوادارم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بتوانن ناكۆكییە سیاسییەكانیان تێبپەڕێنن و هەموویان بە ڕۆحێكی نیشتیمانپەروەرانە و برایانە گرفتەكان چارەسەر بكەن”.

ئەمەی خوارەوە دەقی وتاری سەرۆک بارزانییە:

بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
جەماوەری خۆشەویستی دەڤەری باڵەكایەتی
ئامادەبوانی ئازیز
ئەم كاتە و هەموو كاتێكتان باش
بە بۆنەی چل و حەفتەمین ساڵیادی دەستپێكردنی شۆڕشی گوڵان پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و هەموو ئەو قارەمان و پێشمەرگە و تێكۆشەرانە دەكەم كە ڕۆڵیان لە شۆڕشی گوڵاندا هەبووە. پێزانینم بۆ فیداكاری و خۆڕاگریی گەلی كوردستان هەیە كە لە قۆناغێكی هەستیاردا پاڵپشتی شۆڕشی گوڵان و پێشمەرگە بوون.
كردنەوەی ئەو یادە لێرەدا مانای تایبەتی خۆی هەیە، ناوچەی باڵەكایەتی ناوچەیەكی خودان شەهیدە كە لەپێناو شۆڕشدا قوربانییەكی زۆری داوە، هەمیشە لەژێر گوشاری شەڕ و بوردومانی دوژمن بووە و بە هەزاران پێشمەرگە و ئاوارەی حەواندۆتەوە و قەڵا و سەنگەری سەركردایەتیی شۆڕش بووە. هەروەها ناوچەی باڵەكایەتی لە شۆڕشی گوڵانیشدا خاڵی دەستپێكی شۆڕش و قوربانیدانی گەلی كوردستان بووە. یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵانیش، شەهید سەید عەبدوڵڵا بوو كە ڕۆڵەی ئەو ناوچە سەربەرزەی كوردستانە. ئێمە بە هەموو شێوەیەك قەرزاری خەڵكی تێكۆشەری ناوچەی باڵەكایەتین.
سوپاس بۆ خۆڕاگریتان….
سوپاس بۆ قارەمانێتیان.
شۆڕشی گوڵان قۆناغێكی هەرە گرنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستانە و هەڵگری ئەو پەیامە بوو كە سەرباری بوونی پیلانگێڕی و هەڕەشە و بەهێزیی نەیاران و كۆسپی گەورە بەڵام ئیرادەی بەردەوامی و شۆڕش لە ناخی مرۆڤی كوردستانیدا هەر زیندووە. شۆڕشی گوڵان، تەحەداكردنی هەموو ئەو دیكتاتۆر و ستەمكار و دوژمنانە بوو كە وایان مەزندە كردبوو، بە نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول ئیتر تا هەتایە كۆتایی بە شۆڕش و بەرخودانی گەلی كوردستان دێت. بەڵام شۆڕشی گوڵان ئەو خەونەی ناحەزانی لە گۆڕ نا و گەلی كوردستان لە خەباتی خۆی بەردەوام بوو و سەرشۆڕی و شكست بۆ دوژمنان مایەوە.
لەو یادە پیرۆزەدا جەخت لەوە دەكەمەوە كە بەرژەوەندیی كوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی ترە و هیوادارم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بتوانن ناكۆكییە سیاسییەكانیان تێبپەڕێنن و هەموویان بە ڕۆحێكی نیشتیمانپەروەرانە و برایانە گرفتەكان چارەسەر بكەن.
لە كۆتاییدا هەزاران سڵاو بۆ شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و هەموو شەهیدانی كورد و كوردستان دەنێرم كە بە خوێنی خۆیان مێژوویان بۆ گەلەكەیان تۆمار كرد و هەر هەموویان نموونەی قارەمانێتی و خۆبەدەستەوەنەدان و خۆنەچەماندنن.

زۆر سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم
بمێنن لە خێر و خۆشیدا

مسعود بارزانی
25ی ئایاری 2023

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi