ئازار 28, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

دەستەيا گەشتوگۆزارێ: بۆ سەرێ ساڵێ چاڤەڕێ هاتنا 200 هەزار گەشتیاران دکەین

دەستەيا گەشتوگۆزارێ: بۆ سەرێ ساڵێ چاڤەڕێ هاتنا 200 هەزار گەشتیاران دکەین
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان دەڵێت، هاتنی گەشتیار بۆ شاری سلێمانی “بەو ئاستە نییە کە دڵخۆشکەر بێت” و بەشێکی زۆر لە بنکە گەشتیارییەکان بەهۆی زۆریی باجەوە شوێنەکانیان داخستووە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، چاوەڕوانن بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، کە میوانی بوولتەنی کاژێر 12:00ی رووداو بوو، رایگەیاند، ساڵی رابردوو پێشوازییان لە چوار ملیۆن و 189 هەزار گەشتیار کردووە، ئامانجیان ئەوە بوو بۆ ئەمساڵ سەرنجی شەش ملیۆن گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان رابکێشن، تاوەکو مانگی حەوتی ئەمساڵیش سێ ملیۆن و 799 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، “بەگوێرەی ئەو ئامارانەی بەردەستن، بۆ ئەمساڵ دەتوانین ئامانجەکەمان بە زیادەوە بپێکین.”

سەبارەت بە پێشبینییەکانیان بۆ هاتنی گەشتیاران لە سەری ساڵدا، ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی، “پێشبینی دەکەین بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، ئەوەش لەبەر ئەو ئاسانکاری و ئامادەباشیەیە کە ئەمساڵ کردوومانە، بەتایبەتی لە بازگەکاندا.”

هەرچەندە لە سلێمانی ئامادەکارییەکی زۆر بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ کراوە، بەڵام سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان دەڵێت، هاتنی گەشتیار “بەو ئاستە نییە کە دڵخۆشکەر بێت.”

مەحموود تۆفیق، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان رۆژی پێنجشەممە 29-12-2022 بە رووداوی گوت، “کەمبوونەوەی هاتنی گەشتیاران کۆمەڵێک هۆکاری هەیە، ئێمە زیاتر لە 50 شوێنی گەشتیاریمان داخراوە، چونکە باجەکانی کارەبا و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، زۆر زۆرە و بۆیان دەرنایەت.”

سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکان گوتیشی، “1650 بنکەی گەشتیاری دۆسیەی هەیە لە کۆمەڵەکە، بەڵام 60%یان کرێچین و، کە بۆی دەرنەهێندرێت ناچارە شوێنەکەی دابخات، سەرەڕای ئەوەش هیچ نرخیان زیاد نەکردووە.”

هەروەها شوکر عەزیز، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەرێمی کوردستان – لقی هەولێر بە رووداوی گوت، “گەشتیارێکی باش هاتووەتە نێو شاری هەولێر بۆئەوەی سەری ساڵ لێرە بەسەرببەن، بەڵام چاوەڕوانین رۆژانی 30، 31 و 1ی مانگی داهاتوو گەشتیاری دیکە بێن و ژمارەکە زیاتر دەبێت.”

یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی هاتنی گەشتیاران بۆ هەولێر، بە گوتەی شوکر عەزیز، جامی کەنداوە کە بڕیارە لە بەسرە بەڕێوەبچێت و دەڵێت، “کۆمپانیاکان دابەشبوونەتە سەر دوو گرووپ، بەشێکیان بۆ هەرێمی کوردستان دێن و ژمارەیەکی زۆریشیان دەچنە بەسرە.”

سەبارەت بە نرخی شوێنە گەشتیارییەکانیش کە زۆرجار بەهۆی زۆریی خواستەوە زیاد دەبێت، شوکر عەزیز گوتی، “هوتێل و مۆتێلەکان بە هیچ شێوەیەک نرخیان زیاد نەکردووە، بە پێچەوانەوە بەهۆی کێبڕكێ لە نێوانیاندا نرخیان کەم کردووەتەوە.”

بەگوێرەی نوێترین ئاماری دەستەی گەشتوگوزار، لە هەرێمی کوردستان 3100 شوێن هەن، کە خزمەتگوزاریی گەشتیاری پێشکێش دەکەن؛ کە پێکدێن لە بنکەی گەشتیاری، هۆتێل، رێستۆرانت، مۆتێل، کافتریا، هۆڵی ئاهەنگگێڕان و شوێنە گەشتیارییەکانی دیکە.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi