دوای 34 ساڵ لە ئێران رێگە دەدرێت ژنان بچنەوە نێو یاریگەکانی تۆپی پێ
تۆرا لالش : رووداو دیجیتاڵ:

تادێت ئامادەبوونی ژنان لە یاریگەکانی تۆپی پێی ئێراندا روو لە زیادبوونە، یاریی پێرسپۆلیس و سنعەت نەفت عەبادان، جۆش و خرۆشێکی دیکەی دایە خولەکە، دوای ئەوەی دەیان هاندەری ژن بۆ پاڵپشتیکردنی پێرسپۆلیس ئامادەبوون.
لە دوای ساڵی 1979ـەوە هەفتەی رابردوو، بۆ یەکەمجار بڕیاردرا رێگە بە ژنان بدرێت لە یاریگەکانی تۆپی پێی پیاواندا لە خولی ئێران ئامادەدەبن، چاوەڕوانیی 43 ساڵی رابردوو کۆتاییهات و ژنان بە رەنگی ئاڵا واڵا و دڵ گەرمییەکی زۆرەوە دەچنە یاریگەکان، لەو یارییەدا کە رۆژی چوارشەممە بەڕێوەچوو 500 هاندەر بە رەنگی سوورەوە ئامادەی یارییەکە بوون لە یاریگە گەورە و سەرنجڕاکێشەکەی ئازادیدا لە نزیکەوە چاویان بە ئەستێرەکانی پێرسپۆلیس کەوت.
هاندەرە ژنەکان هێندە تینووی بینینەوەی یارین، هێندە چاوەڕوانبوون بۆ گەڕانەوە، لەگەڵ هەر هێرشێکدا هاوار دەکەن، بەدرێژایی یارییەکانیش مۆبایلەکانیان بەدەستەوەیە و وێنە و ڤیدیۆی یادگاری تۆمار دەکەن.
کاتێک ئەم بڕیاردرا، 500 بلیت بۆ ژنان لە یاریی ئیستقلال و مێس کرمان تەرخانکران، بەڵام زۆر لەو رێژەیە زیاتر هاندەران چوونە یاریگە و زیاتر لە 2 هەزار هاندەر ئامادەی یاریگەکان بوون، ئەمەش پەیامێکی دایە بەرپرسانی ئێران کە ژنان چەند تامەزرووی بینینی یارییەکانی تۆپی پێن.
لە ماوەی 43 ساڵی رابردوودا دەیان رووداوی جیاواز بەهۆی قەدەخەکردنی چوونە ژوورەوەی ژنان لە ئێران روویانداوە، چەندینجار هاندەرە ژنەکان وەک پیاو خۆیان پێشانداوە و چوونەتە نێو یاریگەکان، سزاکانی سەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیران و هەڵبژاردە جیاوازەکانی ئەو وڵاتەش کەم نەبوون، کە بەهۆی رێگریکردنیان لە ئامادەبوونی ژنان لەلایەن فیفاوە بەسەریاندا سەپێندراون.
بەهۆی ئەو پێشوازییە زۆرەی لەلایەن هاندەرە ژنەکانەوە لە بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ نێو یاریگەکان دەکرێت، چاوەڕواندەکرێت ژمارەی بلیتی یارییەکان زۆر لەوانەی پێشوو بەرزتر بکرێتەوە، بەڵام هاندەرە ژنەکان چاوەڕوانن بۆ ئەوەی بڕیارەکە بۆ هەموو یاریگەکانی ئێران بێت نەک تەنیا یاریگەی ئازادی.
س.س
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
