رۆژنامه‌یه‌كا بریتانی: پێكئينانا حكوومه‌تا عێراقێ دێ ڤه‌كێشت
K24 – هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی “ئای” به‌ریتانی راپۆرتێكی له باره‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق بڵاوكردووه‌ته‌وه و ئاماژه به بێئومێدی ده‌نگده‌ره عێراقییه‌كان ده‌كات، پێشبینی ئه‌وه‌ش ده‌كات، به هۆی دابه‌شبوونی ناوماڵی شیعه و په‌رته‌وازه‌ییان، پێكهێنانه‌وه‌ی حكوومه‌ت له دوای هه‌ڵبژاردن، درێژه بكێشێت.
به گوێره‌ی راپۆرته‌كه، دوای زیاتر له ده‌یه‌یه‌ك، ئه‌و كوتله شیعییانه‌ی بۆ دژایه‌تیكردنی رژێمه‌كه‌ی سه‌ددام حوسێن یه‌كیانگرتبوو، ئێستا په‌رتبوونه و به‌هۆی سه‌ركردایه‌تیكردنی عێراق له 15 ساڵی رابردوو، بێهیوایی رووی تێكردوون و په‌رته‌وازه‌بوونه.
له راپۆرتی رۆژنامه‌كه‌دا هاتووه: “زۆربه‌ی عێراقییه‌كان ده‌نگیان به ژماره‌یه‌ك كاندید داوه به‌هۆی ئه‌وه‌ی سۆزیان بۆ تایهفهكانییان هه‌بوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ بیری لێبكه‌نه‌وه هه‌ڵیانبژاردوون، به‌ڵام ئه‌مڕۆ بڕیاری دابهشبوونییان داوه و له دژی حكوومه‌ته شكستخواردووه‌كه‌یان بۆ دامه‌زراندنی ژێرخانی ئابووری و دابینكردنی هه‌لی كار و كۆتاییهێنانی توندوتیژی له وڵات، وه‌ستاونه‌ته‌وه”.
له‌و باره‌یه‌وه‌ش ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئه‌و دابه‌شبوونه هه‌ڕه‌شه له ده‌نگی شیعه‌كان ده‌كات له هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو، ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی دواكه‌وتنی پێكهێنانه‌وه‌ی حكوومه‌تی نوێ و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستێوه‌ردانه سیاسییه‌كانی ئێران له عێراقیش زیاتر ده‌كات.
راپۆرته‌كه ئاماژه به قسه‌ی هاووڵاتییه‌كی پارێزگای به‌سرا ده‌كات، به‌ناوی محه‌مه‌د عه‌بدولغه‌نی، ته‌مه‌ن 81 ساڵ و مامۆستایه، كه ده‌ڵێت: “له ساڵی 1970ه‌وه چاوه‌ڕوانی رووخانی سه‌ددام حوسێنم ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا شه‌قامه‌كان پڕن له زبڵ و خۆڵ و خاشاك، جڕ و جانه‌وه‌ر له هه‌موو شوێنێك هه‌ن، شه‌قامه‌كانیش پڕ له تاسه و قۆڵتن، 20 ساڵ به‌ر له ئێستا ره‌وشی به‌سرا خراپ بوو، به‌ڵام زۆر له ئێستا باشتر بوو”.
راپۆرته‌كه له كۆتاییدا ئاماژه به فه‌توای مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عێراق، ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی ده‌كات، كه دڵخۆش نه‌بووه به ده‌ستكه‌وتی سیاسییه‌كان، فه‌توای نوێشی بڵاوكراوه‌ته‌وه و تێیدا داوای هه‌ڵبژاردنی “خوێنی نوێ” ده‌كات و ده‌ڵێت: “ئه‌وانه‌ی تاقیكرانه‌وه ناكرێ جارێكی دیكه تاقیبكرێنهوه”.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی
