تشرینی دووه‌م 23, 2025

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

نەخۆشیێن سەیرانکرنێ

نەخۆشیێن سەیرانکرنێ
رووداو

زۆر لێکۆڵینەوەی پزیشکی باسی سوودەکانی سەیرانکردنیان کردووە، هەر لە سوودی جەستەیی بۆ لەشساغەکان و سوودی جەستەیی و دەروونی بۆ نەخۆشەکان، تەنانەت هەندێکجار بەکارهێنانی وەکو چارەسەر بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان! لەناو کۆمەڵگای کوردستانیدا سەیرانکردن تەقلیدێکی باوە بە تایبەتی لەگەڵ هاتنی بەهار.

لەگەڵ ئەوەش جاری وا هەیە ئەم بۆنە خۆشە دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی نەخۆشییەکان، یان نەخۆشکەوتنی راستەوخۆی لەشساغەکان. ساڵانەش حاڵەتی مردن روودەدات بەهۆی سەیرانکردنەوە. هۆکاری ئەمانە چین؟

دەبێت سەرەتا باسی نەریتی سەیرانکردنی تەندروست بکەین، کوردەواری خۆمان لە کۆندا زۆر بە باشی ئەوەیان زانیوە کە سەیرانکردن واتە پشوودانی جەستەیی و رۆحی نەک خستنەوەی ئاڵۆزی. هەر بۆیە لە دەشت و شاخ ئاگاداری تایبەتمەندیی کەسانی دیکە بوون و زۆرینەی خەڵک بە خۆشییەوە باسی سەیرانکردنی جاران دەکەن، بەڵام ئێستا هەندێک شتی نەگونجاو روودەدات کە سوودە دەروونییەکانی سەیرانکردن ناهێڵێت، وەکو زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێل کە دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا، دروستکردنی ژاوەژاو بەهۆی بەرزکردنەوەی دەنگی گۆرانی و دەهۆڵکوتان و زوڕنالێدان. لە کاتێکدا خەڵکی دیکە چەند مەترێک لێتەوە دوورن و ناڕەحەت دەبن. ئەمانە هۆکاری گشتین بۆ تێکدانی سەیرانکردن. زۆر نەخۆشیش هەن کە راستەوخۆ بە سەیرانکردن دروست دەبن، هەرە باوەکانیان ئەمانەن:

1- رووداوی هاتوچۆ: پاپەند نەبوون بەڕێنماییەکانی هاتوچۆ، لێخوڕین لە کاتی خواردنەوەی کحول، لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بەشێوەیەکی ناڕێک. زۆرجار رووداوی ناخۆشی لێدەکەوێتەوە و کەسەکە دەخاتە سەر جێگە و تەنانەت هەندێکجار دەبێتە هۆی کەمئەندامبوون و مردنیش.
2- ژەهراویبوون بە کحول: تێپەڕاندنی رێژەی خواردنەوە، خواردنەوەی کحول لە کاتی نەگونجاودا دەبنە هۆی ژەهراویبوون کە شەڕ یان رشانەوە و تێکچوونی گەدە یان بوورانەوەی لێدەکەوێتەوە.
3- لاسەرئێشە: تێکدەرەکەی سەیرانی ژنان شەقیقەیە. لەبەر ئەوەی ئەم نەخۆشییە بە تێکچوونی خەو و سەفەرکردن و سەرمابوون دەورووژێت، بۆیە زۆر باوە سەرئێشەکە هەموو شتێکت لێ تێکبدات.
4- ئاڵۆش: ئەوانەی ئاڵۆشی پێستیان هەیە، یان رەبوو یان ئاڵۆشی لووت، دەشتودەر دژوارە بۆیان، هەر بۆیە ئەگەری زۆرە تەندروستییان تێکبچێت.
5- پێوەدانی مار و مێروو: یەکێکە لە شتە باوەکانی دەشتودەر.
6- کۆڵۆن: لەبەر ئەوەی کۆڵۆن بە تێکچوونی کاتەکانی نانخواردن و زۆرخۆری و چەورخۆری خراپ دەبێت.
7- ژەهراویبوون بە خۆراک: زۆر باوە کە دەبێتە هۆی سکچوون و رشانەوە.
9- پەتا: پەتا ڤایرۆسییەکان بە تێکەڵبوونی خەڵک و بەرکەوتن زۆر دەبن.
10 – تێکچوونی شەکرە و پەستانی خوێن: ئەم نەخۆشییانە دەبێت هەمیشە وردبیت لە کاتی دەرمانخواردن و هەڵسوکەوتدا. بۆیە رەنگە کارەسات رووبدات ئەگەر دەرمانی ئەو نەخۆشییانەت بیربچێت.
11- دڵەڕاوکێ و خەمۆکی: سەیرانکردن خۆی بۆ ئاسوودەیی دەروونییە، بەڵام ئەگەر بە وریایی مامەڵە لەگەڵ دەوروبەرەکەت نەکەی، رەنگە کۆتاییەکی خەمهێنەری هەبێ.
12 – سەرگێژخواردن: هەوکردنی گوێی ناوەڕاست و بەرزی و نزمیی زەوی.

چۆن سەیرانێکی بێ گرفت بکەین؟

1- هەمیشە لەبیرت بێ، تۆ بە تەنیا لە دەرەوە نیت و ئەو دەشتودەرە بە تەنیا موڵکی تۆ نییە. خەڵکانی دیکەش وەکو تۆ هاتوون دڵیان خۆش بکەن.
2- تێکەڵبوونی خەڵکی مانای ئەوە نییە سنوورە رەوشتییەکان ببەزێنی.
3- راستە دەچیت بۆ ژینگەیەکی جیاواز لە ژینگەی ماڵەکەت، بەڵام تۆ هەر خۆتیت، ئەگەر شەکرەت هەبوو یان پەستانی خوێنت هەبوو دەرمانەکانت بیر نەچێ.
4- خواردنەوەی کحول رێسا و یاسای خۆی هەیە و لەخۆتەوە بەکاریان مەهێنە (بە بڕوای من هەرگیز مەخۆنەوە).
5- دووربکەوە لەو شتانەی کە ئاڵۆشیت هەیە پێیان، وەکو سەرمابوونی زۆر، پوش و پەڕ و تەپوتۆز، ئەو خواردنانەی کە پزیشک لێی قەدەغە کردووی.
6- خواردنەکانت بە شێوەیەکی دروست و لە قاپ و مەنجەڵی گونجاودا هەڵبگرە، بۆ ئەوەی ژەهراوی نەبن و سەیرانەکەت لێ تاڵ نەکەن.
7- لە کۆتاییدا بەزەییەکت بە پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەکانی فریاکەوتندا بێتەوە. بە شەڕ و سەرخۆشبوون بەسەریان مەکەوە، ئەوەت لەبیربێت کە لەوکاتەی تۆ لە گەشت و رابواردنی خۆتی، ئەوان ئێشکگرن بۆ ئەوەی گیانی تۆ و ئەوانی دیکە لە مەرگ رزگار بکەن.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi