ته‌مموز 27, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

وەزارەتا کارەبێ پێشنیازا کێمكرنا کرێيا کارەبێ دده‌تە ئەنجوومەنێ وەزیران

وەزارەتا کارەبێ پێشنیازا کێمكرنا کرێيا کارەبێ دده‌تە ئەنجوومەنێ وەزیران
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت، چوار پێشنیاز لەبارەی کرێی کارەبای 24 کاژێری سیتییەکان، کارگەکانی پیشەسازی، سیستمی پریپەید و رێنماییەکانی پێدانی کارەبا دەداتە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.

لە پێشنیازەکاندا کەمکردنەوەی کرێی کارەبای 24 کاژێریی سیتییەکان لە 156 دینارەوە بۆ 100 دینار؛ کەمکردنەوەی کرێی کارەبای کەرتی پیشەسازی (کارگەکانی چیمەنتۆ و ئاسن) لە 120 دینارەوە بۆ 90 دینار و بۆ کارگەکانی دیکەش 100 دینار هاتووە. بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیانیش دەڵێت، “چاوەڕوانین ئەنجوومەنی وەزیران پەسندیان بکات، چونکە نرخی کارەبا بۆ هاووڵاتیان و کارگەکان زۆرە.”

رۆژی پێنجشەممە، 21-9-2023، ئەنجوومەنی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەکەی، چوار پێشنیازی بۆ کەمکردنەوەی کرێی کارەبا، سیستمی پریپەید و رێنماییەکانی کارەبا پەسندکرد و بڕیارە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانیان بکات بۆ پەسندکردن.

وەزارەتی کارەبا لە روونکردنەوەیەکدا ئەو چوار پێشنیازەی بڵاوکردەوە کە دەڵێت، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی لە یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2021/ مادە (4)ی بڕگەی (4)ی ئەنجوومەنی وەزارەت پێی دراوە، دەتوانێت بە رەچاوکردنی دۆخی هاووڵاتیان پێشنیاز لەسەر کەمکردنەوە یان زیادکردنی پاڵپشتیی حكومەت بۆ نرخی کارەبا بکات.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، وەزارەتی کارەبا پێشنیاز بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات، کرێی کارەبای 24 کاژێریی سیتییەکان و کارگەکانی پیشەسازی هەموار بکرێتەوە و دۆخی گوزەرانی هاووڵاتیان و کارگەکانی پیشەسازی لەبەرچاو بگیرێت.

بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کارەبا، ئەو پێشنیازانە بریتین لە:

– پاڵپشتیی دارایی حکومەت بۆ کرێی کارەبای ستییەکانی 24 کاژێری لە 156 دینارەوە بۆ 100 دینار بۆ هەر کیلۆواتێک لە کاژێرێکدا کەمبکرێتەوە.

– پاڵپشتیی دارایی بۆ کارەبای کەرتی پیشەسازیی (کارگەکانی چیمەنتۆ و ئاسن) لە 120 دینارەوە بۆ 90 دینار بۆ هەر کیلۆڤۆڵتێک کەمبکرێتەوە و بۆ کارگەکانی دیکەش بکرێتە 100 دینار.

– بەستنی سیستمی پریپەید بۆ سەرجەم هاوبەشانی کارەبا بە نرخی ئێستای کارەبا بێت و بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە نرخ و کاژێرەکانی پێدانی کارەباوە نەبێت.

– پێداچوونەوە بە رێنماییەکانی پێدانی کارەبا بکرێت.

شەوی پێنجشەممە، 21-9-2023، حازم کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان، کە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی وەزارەتی کارەبادا بەشداربووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “دوای ئەوەی لەماوەکانی رابردوودا سکاڵای هاووڵاتیان و کارگەکان گەیشتە ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەن داوای لە وەزارەتی کارەبا کرد دیراسەی ئەو سکاڵایانە بکات. بۆیە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتدا بڕیاردرا رەچاوی دۆخی هاووڵاتیان بکرێت. بۆ ئەوەی کارگەکان پشتیوانی بکرێن تاوەکو رکابەری بەرهەمی دەرەوە بکەن، بڕیاردرا پشتیوانییەکانی حکومەت زیاتر بکرێت. بۆ نموونە، رێژەی پشتیوانیی حکومەت بە رێژەی 36٪ زیادبکرێت، واتە ئەو کرێیەی دەکەوێتە سەر خەڵک کەمبکرێتەوە و حکومەت بیدات”.

حازم کەریم گوتی،” پێشبینی دەکەین ئەنجوومەنی وەزیران بە پێشنیازەکان رازی بێت، چونکە لەسەر داوای ئەوان وەزارەتی کارەبا پێداچوونەوەی بە کرێی کارەبا کردووە”.

دوای دانانی پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کارەبا بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، لە هەندێک لە شارەکانی نیشتەجێبوون و بازاڕەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک سیستمی کارەبای پریپەید (پارەدانی پێشوەختە)ـی جێبەجێکرد بۆ ئەوەی کارەبای 24 کاژێری بە هاونیشتمانییان بدرێت. دانیشتووانی بەشێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کە کارەباکەیان کراوەتە پریپەید، ناڕازین لە نرخەکەی. سیستمەکە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەر کیلۆواتێک لە سلێمانی لە 18 دینارەوە بۆ 156 دینار و لە هەولێر بۆ 175 دینار.

رۆژی 27-7-2023، کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی وێستگەی کارەبای پردی حافیز لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سەبارەت بە سیستمی پریپەیدی کارەبا گوتی، ”جێبەجێکردنی سیستمی پریپەید لە چەندین پڕۆژەی نیشتەجێبوون و چەندین شوێنی دیکە، ئەنجامێکی باشی هەبووە و لەو ماوەیەدا زیاتر لە 182 موەلیدە لە کار راگیراون و کارەبای 24 کاژێری بۆ ئەم شوێنانە دابینکراوە.”

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi