مهزنترين كۆنفرانسێ جینۆسایدێ ل پارێزگهها دهۆكێ دێ ئێته بهستن
باسنيوز:
كۆنفرانسێكی گەورەی جینۆساید لە پارێزگای دهۆك دەبەسترێ و لە كۆنفرانسەكەدا 40 لێكۆڵینەوە پێشكەش دەكرێن و ئینسكلۆپیدیای جینۆساید بە زیاتر لە هەزار لاپەڕە ئامادە كراوە و چاپ و بڵاو دەكرێتەوە.
لەم بارەیەوە، د. سالم جاسم، بەڕێوەبەری سەنتەری لێكۆڵینەوەكانی جینۆساید لە زانكۆی دهۆك بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند: ”تا ئێستا نزیكەی 40 لێكۆڵینەوە هاتوون، بۆ بەشداركردن لە كۆنفرانسی جینۆساید، كە دوای لێكۆڵینەوە، هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكرێ و لێكۆڵەر جارێكی دیكە بەسەر لێكۆڵینەوەی خۆیدا دەچێتەوە، بۆ ئەوەی بۆ ڕۆژی كۆنفرانسەكە چاپ بكرێ، ئەمە گەورەترین كۆنفرانس دەبێ لە زانكۆی دهۆك و بڕیار وایە مانگی ئاداری داهاتوو ببەسترێ“.
بەڕێوەبەری سەنتەری لێكۆڵینەوەكانی جینۆساید لە زانكۆی دهۆك گوتیشی: ”لە مانگی داهاتوودا كۆڕبەندێك سەبارەت بە یادی ئەنفال لە دهۆك دەبەسترێ، چونكە مانگی شوباتی 1988 پرۆسەی ئەنفال دژی گەلی كورد دەستی پێكردووە، دوو تیم دروست كراون، كە كار لەسەر جینۆساید دەكەن، تیمێكیان هی سەنتەری لێكۆڵێنەوەكانی جینۆسایدە لە زانكۆی دهۆك، تیمەكەی دیكە لەلایەن سەرپەرشتیاری سەنتەری زانكۆی دهۆكەوە چاوپێكەوتن لەگەڵ پاشماوەی قوربانییانی ئەنفال دەكات، ئەو گرووپە لە مامۆستایان و قوتابییان پێكهێنراوە و بەسەرهات و چیرۆكی ئەو خەڵكە و چاوپێكەوتنەكان كۆ دەكەنەوە و لە شێوەی كتێب چاپ و بڵاو دەكرێنەوە“.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: ”ئێستا پرۆژەی مۆزەخانەی جینۆساید لەبەردەستمان دایە و كار دەكرێت كە قەڵای گەڕەكی نزاركێ بكرێتە مۆزەخانەی جینۆساید لە پارێزگای دهۆك و هەموو كەلوپەلی قوربانییانی جینۆسایدی تێدا هەڵبگیرێ و بپارێزرێ، هەروەها كار دەكرێ بۆ ئەوەی ئینسكلۆپیدیای جینۆساید سەبارەت بە هەموو ڕەهەندەكانی جینۆساید بنووسرێتەوە و ئامادە بكرێت، ئێمە دەمانەوێ ئەو ئینسكلۆپیدیایە بگاتە كۆنفرانسەكە، كە لە هەزار و 400 لاپەڕە پێك دێت و سوودێكی زۆری لێ دەبینین“.
د. سالم جاسم، ئاشكراشی كرد: ”ئێستا سەنتەری لێكۆڵینەوەكان لە زانكۆی دهۆك لە قۆناغی كۆكردنەوەی بەڵگەنامەكانی جینۆساید دایە و هێشتا دیار نییە چەند بەڵگەنامە كۆدەكرێنەوە، بەڵام بەردەوام بەڵگەنامەمان بە دەست دەگا و هەر شتێك بگاتە دەستی گرووپەكان كۆ دەكرێنەوە و دەكرێنە بەڵگەنامە“.
داود خهتارى، لێكۆڵەری سەنتەری لێكۆڵینەوەكانی جینۆساید لە زانكۆی دهۆك لۆ (باسنیوز) گوتی: ”ئامادەیی تەواو كراوە، كە لە كۆتایی مانگی ئاداری داهاتوو كۆنفرانس بكرێت و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت، تا ئێستا 40 لێكۆڵینەوە كۆكراونەتەوە و دەست بە كاركردن كراوە بۆ ئەوەی باشترین كۆنفرانس پێشكەش بكرێت“.
خهتارى، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: “كار لەسەر جینۆسایدی بارزانییان و هەڵەبجە و شنگال و كوردانی فەیلی و لەسەر تەواوی ئەنفال كراوە و تا ئێستا سەبارەت بە جینۆسایدی شنگال زیاتر لە 200 كتێب چاپ و بڵاو كراوەتەوە،
ئێستا قوتابییانی ماستەر و دكتۆرا نامەكانیان لەسەر جینۆسایدی شنگال دەنووسن“.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی