وەزارەتا كارەبێ:ڤێ هاڤينێ كارەبا زێدهتر دێ دەینە وهلاتیان
ZNA-ههولێر
بەرپرسێكی وەزارەتی كارەبا ئاشكرای دەكات بەراورد بە هاوینی ساڵی رابردوو ئەم هاوینە كارەبای زیاتر و كاتژمێری زیاتری كارەبا دەدەنە هاوڵاتیان.
محەمەد ئەمین هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە باسی راگەیاند: بۆ پێدانی كارەبا لە وەرزی هاوین بە هاوڵاتیان بەرنامەو پلانی تایبەتیان هەیە، گوتی: بەپێی پلانەكە هەموو ئەو ئیمكانیەتەی لە تواناماندایە دەیخەینەگەڕ بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتگوزاریەكی باش لە رووی كارەبا پێشكەش بە هاوڵاتیان بكەین.
ئاماژەی بە توانا و پلانی خۆیان كرد و گوتی: هەندێك چاكسازی باش لە بواری كارەبا كراوە و پێشبینی دەكەین ئەو چاكسازیانە كاریگەری باشی هەبێت یەكێك لەوانە سەرپێچی و زێدەڕۆیی زۆرمان لەسەر تۆڕەكانی كارەبا لابردووە و هەڵمەتێكمان بە دەستەوەیە بۆ ئەوەی ئەو كارەبایەی بەفیرۆ دەدرێت كەم بكرێتەوە و بدرێتە هاوڵاتیان.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كارەبا توانای بەرهەمهێنانی كارەبای ئێستای وەزارەتەكەی ئاشكراكرد و گوتی: توانای بەرهەمهێنانمان زیاتر لە 2 هەزار و 700 مێگاواتە، ئەو توانایە بەم شێوەیە بەڵام لە وەرزی گەرمای هاوین لە هەندێك كاتدا فشار لەسەر كارەبا زیاد دەكات ئەوەش وا دەكات كارەبا بپچڕێت.
كاتێك پلەكانی گەرما بەرز دەبێتەوە خواست لەسەر كارەبا بۆ زیاتر لە 4 هەزار و 500 مێگاوات بەرز دەبێتەوە.
سەبارەت بەوەی بە پێی پلانەكانیان دەتوانن لە وەزری هاوین چەند كاتژمێر كارەبا بدەن هەورامی دەیگووت: ئێستا لەم وەرزە نزیكی 18 كاتژمێر كارەبا دابین دەكرێت، بەڵام لە وەرزی گەرما بەم جۆرە نامێنێتەوە و دادەبەزێت، بەڵام لەگەڵ مۆلیدە ئەهلیەكان بەرنامەمان دەبێ بۆ ئەوەی بەردەوام كارەبا بدرێـە هاوڵاتیان.
لەسەرەتای مانگی 6ی ساڵی رابردوودا سەرەتا 18بۆ 20 كاتژمێر كارەبا دەدرا،بەڵام بەهۆی هاتنی شەپۆلی گەرما پێدانی كارەبای نیشتمانی بۆ 10 كاتژمێر دابەزی.
هەورامی زیاتر دوا و گوتێ: خشتەی تایبەت بۆ هاوین بە تایبەت بۆ مانگی رەمەزان ئامادە دەكەین ، بەگشتی ئەمساڵ پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا بە بەراورد بە هاوینی رابردوو زیاتر دەبێت و پەنا بەخوا ئومێد هەیە باشتر بێت بە تایبەت لە كاتی پێدانی غازی سرووشتی بە هەندێك لە وێستگەكانی كارەبا.
بەپێی قسەی برپرسانی وەزارەتی كارەبا لە هاوینی ساڵی 2014 بە گشتی شەو ورۆژ 22 كاتژمێر كارەبا دەدرایە هاوڵاتیان، بەڵام لە هاوینی 2015 كارەبا 18 بۆ كاتژمێر بوو، لە هاوینی 2016 دابەزی بۆ 10 كاتژمێر.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی