نەخشەرێيهك بۆ بەرههنگاربوونا ماددێن هۆشبەر هاته ئامادەكرن
رووداو – هەولێر
لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان لە هەرێمی كوردستان، نەخشەڕێگایەكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە قەدەخەکراوەکان ئامادەکردووە. گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت 12 وەزارەت و دەستە بەشدارییان تێدا کردووە.
د. خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان كە نوێنەری 12 وەزارەت و دەستەی تێدایە و د.رێكەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستی سەرۆكایەتی دەکات، نەخشەڕێگایەكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان ئامادەكردووە.
وەک گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی پێدا، بە پەسەندكردنی نەخشەڕێگاكە كارەكانی بەرەنگابوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان زۆر چالاك دەبن و، هاوئاهەنگی نێوان وەزارەتەكانیش لەو بارەیەوە زۆرتر دەبێت.
بڕیاربوو رۆژی سێشەممە 9-5-2017، ئەندامانی لیژنەکە بەئامادەبوونی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و نوێنەری 12 وەزارەت و دەستە بۆ پەسەندكردنی نەخشەڕێگاكە كۆببنەوە، بەڵام كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی دیكە دواخرا.
سەرباری بوونی سزایەكی قورس بۆ بەكارهێنەران و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان لە هەرێمی كوردستان، بەڵام هێشتا نەتوانراوە بە باشی رێگە لە تەشەنەسەندنی ئەو ماددانە بگیرێت.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی گشتیی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2016 دا 533 كەس لەسەر ماددە هۆشبەرەكان دەستگیركراون. وەك لە ئامارەكە ئاماژەی پێدراوە، سەرجەم دەستگیركراوەكان دراونەتە دادگا، 255 كەس سزادراون و 106 كەسیشیان ئازادكراون.
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئەوەشی ئاشكراكردووە، لە ساڵی 2016 دا 37 کیلۆگرام و نیو ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی (تلیاک، حەشیش، هیرۆین و شیشە دەستیان بەسەردا گیراوە”. ئەوەش خراوەتەڕوو، هەر لەو ساڵەدا زیاتر لە 478 هەزار پارچە دەرمانی پزیشکی هۆشبەر بەهەمانشێوە لەلایەن هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس دەستیان بەسەردا گیراوە.
پاشان لە سەرەتای ساڵی 2017 دا لە سنووری شاری سلێمانی دەست بەسەر 35 كارتۆن (نزیكەی یەك ملیۆن حەب)ی هۆشبەردا گیرا. ئەوكات جەلال ئەمین بەگ، بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، پێشتر زانیارییان هەبووە و لەنێو ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگرا دەستیان بەسەردا گرتوون.
تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی