ته‌مموز 27, 2024

Lalish Media Network

صحيفة إلكترونية يومية تصدر باشراف الهيئة العليا لمركز لالش الثقافي والاجتماعي في دهوك - كوردستان العراق

نه‌هـ ساڵێن جینۆسایدا ئێزدییان…. ھێشتا ڕه‌وش وه‌كو خۆ مايه‌ 

نه‌هـ ساڵێن جینۆسایدا ئێزدییان…. ھێشتا ڕه‌وش وه‌كو خۆ مايه‌ 
شنگال-KDP.info-

نۆ ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئێزدییان تێدەپەڕێت کە لەلایەن ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش ئەنجام درا، ئەو رێکخراوە لە ٣ـی مانگی ٨ـی ساڵی ٢٠١٤ـدا ھێرشی کردە سەر شنگال، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری موسڵ و بە ھەزارن کەس ڕفێنران و کوژران و ئاوارەکران.

دوای ئەو رووداوە، سەرۆک بارزانی بەڵێنی دا کە رۆحی لەسەر دابنێت و شاری شنگال ڕزگار بکەن، بەڵێنی بە ئێزدییان دا تۆڵەیان لە دووژمنان بکاتەوە و، گوتی: “ھەرگیز فرمێسکی بابەشێخ لە بیرناکەم”، هاوکات بە دەنگێکی زوڵال گوتیشی: “کچانی ئێزدی، ھێمای شەرەفی کوردانن”. دواتر بە دوو قۆناغ شاری شنگال رزگار کرا، جارێک لە باکووری شنگال، سنوونێ، لایەکەی دیکەیش ناوەڕاستی شاری شنگال بە ھەوڵی پێشمەرگە قارەمانەکان ڕزگارکرا.

دوای ئاوارەبوونی ئێزدییەکان، خەڵکی کوردستان و بە تایبەت دھۆک و زاخۆ و سێمێل و ئامێدی، دەرگا و دڵی خۆیان بۆ خەڵکی شنگال کردەوە، هاوکات دەرگای مزگەوت و کڵێسا بۆ خەڵک کرایەوە و دەستی ھاوکاری بۆ ھەموویان درێژکرا.

دواتر نووسینگەی رزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی دامەزرا، بەرپرسی نووسینگەکە، حسێن قائیدی، بە ماڵپەی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: “تا ئێستا بە ھەوڵی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، توانیومانە لە سەرجەمی ٦٤١٧ کەسی ڕفێنراو ٣٥٧٠ کەس ڕزگار بکەین، و بەردەوامین لە ڕزگارکردنیان”.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو یەک کەسی ئێزدی لە دەستی داعش دا مابێت، بەردەوام دەبین لە ڕزگارکردنیان.

ڕێککەوتنی شنگال

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین جار ھەوڵی داوە ئیدارەی شەرعی شنگال بگەڕێتەوە شارەکە، بەڵام گرووپی نایاسایی شارەکە بە ھەوڵ و بیانووی جیاواز، نەیانھێشتووە ئیدارەکە بگەڕیتەوە.

دواتر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق، لە ١ی١٠ی٢٠٢٠ لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال ڕێککەوتنێکیان ئەنجام دا، کە بریتی بوو لە چەند تەوەرێک.

١-تەوەری کارگێڕی:

-دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال کە سەربەخۆ و پیشەیی و ئەستۆپاک بێت و، بە گوێرەی رێککارە دەستووری و یاساییەکان پەسندکراو بێت.

-لەلایەن لیژنەیەکی ھاوبەشی ھەردوولاوە دوای دیاریکردنی قایمقام، چاو بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکەدا بخشێنرێتەوە، کە لەو کارەدا بنەما پیشەیی و یاساییەکان رەچاو بکرێت.

٢-تەوەری ئەمنی:

-تەنیا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتیی ئاسایشی نێو شارۆچکەکە لە ئەستۆ دەگرن و، ھەموو رێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال دوور بخرێنەوە.

-لە رێگەی دامەزراندنی 2500 کەس لە ھێزی ئاسایشی ناوخۆ، لایەنی ئاسایشی شارۆچکەکە بەھێز بکرێت، کە لەو ھێزەدا دەستەبەری دادپەروەرانە بکرێت بۆ بەشداری پێکردنی پەنابەرانی نێو کەمپەکان لە خەڵکی شارەکە.

-کۆتاییھێنان بە بوونی رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شارۆچکەی شنگال و ناوچەکانی دەووروبەریدا، نابێت رێکخراوەکە و ئەوانەی سەر بەون، ھیچ رۆڵێکیان لە ناوچەکەدا ھەبێت.

٣-تەوەری ئاوەدانکردنەوە:

-پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش لە حکوومەتی فیدڕاڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ کارگێڕی ناوچەکە لە پارێزگای نەینەوا و، لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە، ئاست و وردەکارییەکانی ئامانجەکەی دیاری بکرێت.

-بە مەبەستی چاودێریکردنی ئەوەی لە تەوەری کارگێڕی و ئەمنیدا ھاتووە، لیژنەیەکی مەیدانی ھاوبەش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەردوولا بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لە رێککەوتنەکەدا ھاتووە، پێک بھێنرێت.

شارە کاولبووەکە:

بەگوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە ٧٠٪ خەڵکی شنگال، لە دەرەوەی شارەکە دەژین، ئەوەش بە ھۆکاری نەبوونی ئاسایش و ھەبوونی گرووپی چەکداری نایاسایی، زۆربەیان ئاوارەن لە ھەرێمی کوردستان، جگە لە خەسارەتی مرۆیی، تا ئێستا ٨٥٪ شارەکە وێرانە و، شارەکە ناسراوە بە (شارە کاولبووەکە).

دواتر لە شاری دهۆک دەستەیەکی تایبەت بە کۆکردنەوەی بەڵگەکان بۆ جینۆسایدی ئێزدییەکان کرایەوە، وتەبێژی دەستەکە نێچیرڤان سلێمان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: “تاوەکو ئێستا ٢٧٧٨ سکاڵا تۆمارکراون و، زیاتر لە ٣٠٥١ کەس تۆمارکراون وەک بێ سەروشوێن بوون، ٣٤٨٧٧ تاوانی ھۆڤانە تۆمارکراون و پشتیوانی دەروونی بۆ ٢٦٦٧ تۆمارکراون، وە ١١٩ شوێنی گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزراونەتەوە و ٥٠٢ ڕووفاتی قوربانیان دەرھێنراون، هاوکات ٣٤٧٨ سەمپڵی خوێن بۆ کەسوکاری بێ سەروشوێن بووان بۆ ئەنجامدانی پشکنینی DNA ھاتوونەتە وەرگرتن”.

تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٢٠ بڕیاری نێودەوڵەتی بۆ جینۆسایدی ئێزدییان ھاتوونەتە دەرکردن، ئەویش لە پەرلەمان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

تُتاح هذه الصورة أيضا في: کوردی

مقالات ذات صله

الرد

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © 2021 by Lalish Media Network .   Developed by Ayman qaidi